کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
   شلێر عەبدوڵڵا، قوربانییەکی جیاوازی جینۆساید

شلێر عەبدوڵڵا، قوربانییەکی جیاوازی جینۆساید

ئاوارە حسێن

بەگوێرەی بڕگەی پێنجەمی ماددەی (٦)ی ڕێککەوتننامەی مافە سیاسی و شارستانییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی (١٩٦٦) کە عێراق لە ساڵی (١٩٦٩)وە ئەندامییەتی. نابێت کەسانی ژێر تەمەن هەژدە ساڵ لە سێدارەبدرێن تەنانەت گەر هاتوو بەهۆی ئەنجامدانی تاوانێکیشەوە لە دادگایەکی سەربەخۆ، دادپەروەر، بێلایەن و ئاشکراشەوە سزاکەی بۆ دەرچوبێت. بەڵام تاوانکاری جینۆساید هیچ سنورێک ناناسێت و بە ئامانجکراوانی دیاریکردووە و ناساندونی بۆ جینۆسایدکردن بەبێ ئەوەی ڕەچاوی تەمەنەکەیان بکات.

،،شلێر عەبدوڵڵا،، کچە تەمەن یانزە ساڵێکی کوردە، کە لە (١٩٨٧/١٢/١٢) لەگەڵ دایکی و باوکی و دوو خوشکی و برایەکیدا لە کەرکوک لەلایەن ڕژێمەکەی سەددامەوە سەردەبڕدرێن، و بە پێناسە یاساییەکەی ،،جینۆسایددەکرێن،،
لە خانەوادەکەی شلێر، عومەری برایی و ڕەنگینی خوشکی ڕزگاریان دەبێت. چیرۆکی ئازاراویی ڕەنگین عەبدوڵڵا زۆر لە چیرۆکی ئازاریی ڕافایل لێمکنی پۆڵەندی دەچێت، ئاخر ئەویش بە تەنها خۆی و ئیلیاسی برای لە هۆلۆکۆست ڕزگاریان دەبێت.

بەدرێژای ساڵانی کارکردنم لە جینۆسایدی نەتەوەکەم و مرۆڤایەتیمدا بەسەرهاتی ئەشکەنجە و برینی زۆر منداڵی جینۆسایدکراو ناخی هەژاندوم و ئەرکداری کردووم بۆ ڕاژەکردن بە کەیسەکەیان و بەشداریکردن لە ساڕێژکردنی برینەکانیاندا، هەر لە خودیرام بۆسی هیندوستانەوە تا ئانێ فرانکی جولەکە، لە سومیتێرو تانیگوچی ژاپۆنەوە تا فانتای کیم فۆکی ڤێتنام. بەڵام بەسەرهاتی شلێر یەکجار جیاوازە، ئەو لە ژێر ئەشکەنجە دژوارەکاندا و لە چاوەڕوانی سەربڕیندا نامەیەک بۆ عومەری برای دەنوسێت و داوای لێدەکات ئاگای لە ڕەنگینی خوشکی بێت، و داوای بسکیتی لێدەکات، ،،عومەر گیان ئاگات لە ڕەنگین بێت عومەر ئەگەر توانیت نەختێ بسکیت و مەساسەم بۆ بێرە،،

ڕەنگین بەکالۆریۆسی لە یاسادا بەدەستهێنا، داواکاری و ئازارەکەی شلێری خوشکی شایەنی ئەوەیە ڕەنگین ماستەرنامەکەی تەرخانکات بۆیان. ئەو نامەیەی شلێر و بەڵگەنامە نوسراوەکانی تری ئەو ئەرکە دەخاتە ئەستۆی ڕەنگین کە ئازارەکەی شلێر بگەیەنێتە مرۆڤایەتی. دەست نوسەکانی ئانێ فرانک ،،کە لە ناوەڕۆکدا گوزارشت لەو ماوەیە دەکات کە لەترسی ئەوەی نازییەکان جینۆسایدیان نەکەن لە ئەمستەردام بە دزییەوە دەژیان،، هەر چەند بەسەرهاتێکی سادەی ژیانی پەنابەریی ڕۆژانەی خۆی و خانەوادەکەی بوو کەچی لە دوای جینۆسایدکردنی باوکی وەک تاکە ڕزگاربووی خانەوادەکەی پەیامەکانی ئانێ دەگەیەنێتە جیهان، دەست نوسەکەی چاپ دەکات و سی ملیۆن دانەی لێدەفرۆشرێت،و بۆ زیاتر لە شەست زمان وەردەگێڕدرێت و دەبێتە دووەمین کتێبی خوێنراوی جیهان. مەبەستمە بڵێم نامەکانی شلێریش وەک ئەوانەی ئانێ کاریگەر و ناخ هەژێنن.

کورد بوون تاڵە و ئازارەکەشی گەورە، دەبێت هێندەی قووڵی جینۆسایدەکەی هەوڵەکانمان قووڵ کەینەوە بۆ بە یاسا دانپێدانانی جینۆسایدەکەی.
دەزانم لە ئێستادا کوردستان بۆ ئەوانەیە کە بە ناوی ڕاژەکردن بە پرسی جینۆسایدی کوردەوە کوردستان دەخۆن و بۆ ئەوانە نییە کە دلسۆزانە و سودنەویستانە و یاساییانە کار بۆ پرسی جینۆسایدەکەی دەکەن. بەڵام دەبێت لەوە دڵنیابین کە لە کۆتاییدا هەقیقەت سەردەکەوێت.
ژمارەی بینین:  121      بەروار:  07/01/2019
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

   زیاتر
هیچ محتوای برای موضوع درخواست شما وجود ندارا‌ .
ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.