کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  بەرنامەی هیچ لیستێک یاسای جینۆسایدی لە خۆ نەگرتووە.
بەرنامەی هیچ لیستێک یاسای جینۆسایدی لە خۆ نەگرتووە.

ئاوارە حسێن


بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەڕلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە (٣٠/٩/٢٠١٨) ئەنجامبدرێت، (١٠) دە لیست و هاوپەیمانی لایەنە سیاساییەکان کێبڕکێی بەدەستهێنانی (١٠٠) کورسی گشتی دەکەن جگە لە (١١) کورسی کۆتای کەمینەکان.

ئەوەی کە ئاگاداری بەرنامەی هەڵبژاردنی لایەنەکانم و خوێندوومەتەوە، هیچ کامیان ئاماژەیان بە پرسێکی گرنگ نەکردووە، کە پرسی جینۆسایدی کوردە و ئەزمونی ئێستا و ئازادی ئێستاش کە هەڵبژاردنەکەی تێدا ئەنجامدەدرێت بەرهەمی خوێنی هەموو شەهیدان و جینۆسایدکراوان و بەدەنگەوە هاتنە جیهانییەکەیەتی.

ئەو پرسی جینۆسایدەی بەلای ئێمەوە جێی بایەخ و گرنگییە بریتییە لە دەرچواندنی (یاسای قەدەغەکردنی جینۆساید و دانپێدانانی)، لای لایەنە سیاسییەکانیش بێنرخەو لە بەرنامەکانیاندا جێگای نەکراوەتەوە.

لە خولی چوارەمدا لەگەڵ چەند دڵسۆزێکی پرسی جینۆساید هەوڵماندا و ئەو پەیامەمان گەیاندە پەڕلەمان کە ئەو یاسایە دەرچوێنن، بەڵام بە بیانوی (داننان بە جینۆساید پێش ئەوەی کاری پەڕلەمان بێت کاری دادگای تایبەتمەندە) یاساکەیان دەرنەچواند. وەک بڵێیت ئەو پەڕلەمان و پەڕلەمانتارانە شارەزاتربن لە ئێمە لە بواری یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتی بە گشتی و جینۆساید بەتایبەتی، یاساییتر و قووڵتربن لە (٤٧) دەوڵەتی دنیا کە ئەو یاسایانەیان دەرچواندووە.


تا ئێستا لە (٤٧) دەوڵەتی دنیادا نکوڵیکردن، ڕەوایدان یان پاساوهێنانەوە بۆ جینۆسایدەکانی ئەرمەنییەکان، هۆلۆکۆست و ڕواندا، بە قسەی ڕق ئامێز جا بە زارەکی بێت یان بە نوسین، بە هێما و وێنە وەک تاوان ئەژماردەکرێت و تاوانکار ڕووبەڕووی سزای زیندانیکردن و دارایی دەبێتەوە.

بە تەنها ڕواندا بە نمونە وەردەگرین، بەگوێرەی یاسای قەدەغەکردن و سزادانی ئایدۆلۆژیای جینۆسایدی ڕواندا هەڕەشەکردن، قسەی شکۆشکێن، بەڵگە یان کرداری هاندەر بۆ ڕق و شەڕ، پێکەنین و گاڵتەکردن بە بەدبەختی کەسێک، هەستی خراپ دروستکردن و تۆڵەکردنەوە و گۆڕینی شایەدی و بەڵگە بە مەبەستی ئەنجامدانی جینۆساید، کوشتن، پیلاندانان بۆ کوشتن، هەوڵدان بۆ کوشتنی کەسێک، قسەو بەڵگەو هەرکردارێکی تر بەمەبەستی لەناوبردن یان هاندانی کەسانی تر بۆ لەناوبردن لەسەر بنەمای گروپی ڕەگەزیی، نەتەوایەتی، ناوچەیی، ڕەنگ، پێکهاتەی جەستەیی، ڕەگەز، زمان، ئاین و بیروڕای سیاسی جا لە کاتی ئاسایدا ئەنجامبدرێت یان لە کاتی شەڕدا ئەم کردارانە تاوانەو تاوانکار سزادەدرێت بە زیندانیکردن لە (١٠) دە ساڵەوە تا (٢٥) بیست و پێنج ساڵ و سزادانی دارایی لە (٢٠٠،٠٠٠) دوو سەد هەزارەوە تا (١،٠٠٠،٠٠٠) یەک ملیۆن فرانکی ڕواندایی.
ڕواندا کە یەکێک لە سامناکترین جینۆسایدەکانی تێدا ئەنجامدرا و تەنانەت توتسییەکان لە مرۆڤخران و هاوسەرگیرکردن و تێکەڵاویی کۆمەڵایەتیش لەگەڵیاندا قەدەغەکراو یەک ملیۆن لە توتسییەکان لەلایەن هوتووەکانەوە جینۆسایدکران.
بەچی هەستانەوە و تێکەڵبونەوە و ئاشتەواییان گەڕاندەوە، بە یاسای جینۆساید و سەرکردەیەکی ژی، ئاشتیخواز و مرۆڤ پەروەری وەک پاول کاگەیم.


ئەو یاسایەی کە ئێمە داوای دەکەین بۆ کوردستان و تا ئێستا نیمانەو هەبوونی بە گرنگ دەزانین، دەبوو لە ساڵی (١٩٩٢) و لە یەکەم خولی پەڕلەمانی کوردستاندا دەرچوێندرایا، نەک ئێستا. بەڵام نەک یاساکە دەرنەچوێندرا بەڵکو ئەوکات بەرەی کوردستانی بریاری بەخشینی تۆمەتبارانی جینۆسایدی کورد (جاشەکان)ی دەرکرد و یاساپارێزی بۆ دابینکردن، بەبێ ئەوەی بڕیاری بەخشین لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە لەچوارچێوەی ماف و دەسەڵاتەکانی بەرەی کوردستانیدا بێت.
دەبوو ئەوکات بە یاسایەک دانبنرایا بە جینۆسایدی کورد وەک تاوانێکی ویژدان هەژێنی جیهانیی، دەبوو نكوڵیکردن لە جینۆسایدی کورد یان پاساوهێنانەوە و ڕەوایدان بە جینۆسایدی کورد و سوکایەتی و جنێو بە مێژووی شکۆ و برینەکانی کورد و قوربانیانی جینۆساید بە تاوان دانرایا، دەبوو هاندان و هەوڵدان و پیلاندانان بۆ شەڕی کورد کوژی تاوان بوایا، ئاخر چۆن دەکرێت نەتەوەیەک بە برینە قوووڵەکانی جینۆسایدەوە دەستی بچێتەوە خوێنی یەکدی و هەزاران نەوەی نەتەوەی کوردی خێر لەخۆنەدیوو خوێنی ئاڵیان بڕژێتەوە، بەڵام ئەمجارە لە جینۆسایدو لەگەڵ نەیارەکاندا نا، بەڵکو لە شەڕی کورد کوژی و لە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگی نێوان براکاندا.


لە ئەنجامی نەبوونی (یاسای قەدەغەکردنی جینۆساید و دانپێدانانی)یدا، چەندین سوکایەتی و تۆمەت بۆ مێژووی جینۆسایدی کورد هەڵدەبەستن و ناشیرینترین وشەی ناو فەرهەنگی نەفرەتیش بە قوربانیانی جینۆسایدی کورد دەڵێن. بەڵام نە یاسایەک هەیە ئەو کردارانە بە تاوان بناسێنێت و نە دادگایەک هەیە بۆ دادبینیکردن. ئەمە لە بەرپرسەکانەوە تا دەگاتە خوارەوە بەدیکراوە. نەوشیروان مستەفا وەک خوێنەوارێک ماددەکان (میدیاییەکان) وەک تیرە و هۆزی دڕندەو دواکەوتووی ناوچە شاخاوییەکان ناودەبات. لە کاتێکدا ماددەکان خاوەنی ناسنامەی یەکەمی باپیرە ناسراوەکانی مێژووی نوسراوی نەتەوەی کوردن و بەرامبەر بەو جینۆسایدە وەستاونەتەوە کە لەلایەن ئیمپراتۆریەتی ئاشورییەکانەوە لەدژیان ئەنجامدراوە.


نەبونی یاساکە زیانی زۆری لە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و ئاشتبوونەوەی هەقیقی نێوان کورد داوە، ئێمەی کورد لەهەمووان زیاتر پێویستمان بە ئاشتی و ژیانیکی دوور لە جەنگ هەیە، هێشتاش جینۆسایدکردنەوەمان بەردەوامە و ئازارەکانمان نەگەیاندووەتە ویژدانی گشتی و برینی جینۆسایدەکانمان پیشانی تاوانکاران نەداوەو نەبوینتە بینراو.


جنێو و سوکایەتی پەرەی سەند و ڕق و کینە و گیانی تۆڵەسەندنەوە لە یەکدی تا ئێستاش بەردەوامە، غەمدەخۆم کە دەبینم خاوەن بڕوانامەی بەرز و گەنجانێکی زۆری ئەم هەرێمە شوێن ئایدۆلۆژیای کۆی گشتی ئەم حیزبانە کەوتوون و لەبری ئاشتی ڕق بەرهەمدەهێنن.


بێنرخکردن و بێڕێزیکردن بە قوربانیانی جینۆساید لەم هەرێمەدا نەک هێڵی سوور نییە، ئاسایی بووەتەوە، ئەوەمان زۆر بیستووە و خوێندووەتەوە کە ژمارەی جینۆسایدکراوانی کورد بەدرۆ دەخەنەوە و هێشتاش ستایشی تاوانکاری جینۆساید سەددام دەکەن و ئاواتی لە ژیاندا هەبوون و فەڕمانڕەوایی دەخوازن.
دەیان ڤیدیۆ و گرتەی گاڵتەئامێز لەسەر ئەنفال و گۆڕە بە کۆمەڵەکان بڵاوکراوەتەوە، چەندین جار گوێمان لێبووە کە خۆشحاڵیی دەربڕاوە بە جینۆسایدکردنی هەشت هەزار نێرینەی بارزانی، و گۆڕی هەر پێنج هەزار شەهیدەکەی هەڵەبجە هێنراوەتەوە دەرەوە.
یەکێکی تر لە سوکایەتییەکان بە قوربانییانی جینۆساید، کوردێکە بە ناوی ئاسۆ ڕەش کە لەدەرەوەی کوردستان دەژی، ئەو وشانەی بە شەهیدانی جینۆسایدی هەڵەبجە دەڵێت لە هیچ فەرهەنگێکی دۆستایەتیدا جێگای نابێتەوە و بە زمانەکەی خۆی هەورامییەکان دەکات بە قوربانی پێڵاوەکانی باوکە سەددام. جنێو سوکایەتییەکانیشی لە یوتیوب داناوە و لە بری سەرزەنشتکردنی چەندین کەس دەستخۆشی لێدەکات.


گەڕانی مامۆستا کامیل بە دوای هەناسەیەکی پشوو و دەستنەکەوتنی لەسەر ئەم ئەستێرەیەدا،
ئەو دوو غەدرەی لە تەیموری ئەنفال کرا،
تەنهایی ڕەهاو ونبونەوەی ژیان هەڵەبجەیی.
بڵێی ئەو لایەنە سیاسیانە  هەست بەمانە بکەن؟ بڵێی لە شکانی شکۆی کورد لە ئەنفال و پرۆسەکانی تری جینۆسایدی کورد گەشتبن و هەست بە قووڵی و کاریگەری ئازارەکەی بکەن؟

هیوادەکەم لە خوڵی پێنجەمی پەڕلەمانی کوردستاندا، لە گەورەیی برینی جینۆسایدی کورد و کاریگەریی و سودەکەی بۆ ئەزموونی هەرێم بگەن، و (یاسای قەدەغەکردنی جینۆساید و دانپیدانانی) دەرچوێندرێت، بە هەموو هێز و هزریی یاسایی خۆمەوە ئامادەم بۆ دەرچواندنی ئەو یاسایە.
ژمارەی بینین:  337      بەروار:  21/09/2018
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

   زیاتر
هیچ محتوای برای موضوع درخواست شما وجود ندارا‌ .
ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.