کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  ساڵیادی جینۆسایدی بارزانیەکان

ساڵیادی جینۆسایدی بارزانیەکان کۆتاییەکانی مانگی تەموز و سەرەتای مانگی ئاب ساڵی ۱۹۸۳ قۆناغی دوای جینۆساید و ژیانی ئافرەتان و منداڵان
بەشی (٥) کورتکراوەی بەشی دووەم لە باسی یەکەم لە کتێبەکەم بە ناوی بارزانییەكان لە راگوستنەوە تاکو جینۆساید بەپێی بەڵگەنامەكان فەرمی و مێژووییەکان.

بۆ ماوەی کەمتر لە ساڵێک لە پاش رەشبگیریەکە رژێمی بەعس هەستا بە برینی کارەبای ئۆردووگاکان و نەیاندەهێشت ئافرەتەکان لە ئۆردووگا بچنە دەرەوە تەنانەت بۆ بازاریش. هەروەها دەرگای قۆتابخانەی ئۆردووگایان بەرورووی قۆتابیە بارزانیەکان داخست کە بریارەکە بە نوسراوی ژمارە ٩\٦-٤٣٦٦٣ لە رێکەوتی ٤\١٢\١٩٨٣ لە لایەن بەرێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر دراوە.
رژێم هەر بەوەش نەوەستا بلکو خزمەتگوزارییەکانی تەندروستیشی پشتگوێ خست و لە هەمانکات بە شکاندنی بۆری ئاو گواستنەوەی ئاویان بۆ ناو ئۆردووگا و برینی بڕی ئازووقەیان کە رژێم ئەوسا بە هاۆڵاتیانی دەدا.
کنعان مەکییە نوسەری عێراقی لە کتێبی دڵرەقی و بێدەنگی دا دەڵێت" ئەو بیرەوشتیەی سوپای گەمارۆدەر بەسەر ژنانی قۆشتەپەی هێنا لە راستیدا مەبەستی سەرەکیان ناوی بارزانیەکان بوو کە سۆمبۆلی گەورەی شەرفی نەتەوەی کورد بوون".
پیلانی رژێمی بەعس بەو هەموو گوشارە مەبەستی بێرەوشتکردن و بێ حورمەتکردنی ژنانی بەجێماوەی کۆمەڵکوژی بارزانیەکان بوو بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. چونکە ئەوان خۆراگرو چاو نەترس بوون،
لەو چاوپێکەوتنانەی لەگەڵ دایکانی دوای جینۆسایدی بارزانی ئەنجامم داوە باس لەو رۆژە ناخۆش و پر لە نەهامەتیانە دەکەن کە دوای بردنی پیاوەکانیان بە سەریاندا هاتووە، لە چاوپێکەوتنێک کە لەگەڵ کۆچکردوو دایکە ئامینە لە بەحرکە ئەنجامم داوە دەڵێت:" لە دوای بردنی پیاوەکانمان چاو بە فرمێسک شەوان تابەیانی نەماندەوێرا بخەوین، ژنانی بەتەمەن خنجر لەپشت بە نۆرە لە ئۆردووگا پاسەوانیمان دەدا و گەنجەکانیشمان لە چەند شوێنێک پیکەوە کۆ دەکردەوە تاکو نەوەک سەربازەکان و پیاوانی بەعس شەوانە هێرشمان بکەنە سەر و زەفرمان پێ ببن ،ئەو گوتی تاکو راپەرین ئەوە کاری ئیمە بوو بۆ خۆپاراستنمان و بەرۆژیش کارمان دەکرد بۆ پیداکردنی بژیوی ژیانی منداڵەکانمان بە سەربڵندی و لە ماوەی هەموو ئەو ساڵانە روڵی دایک و باوکمان پێکەوە بۆ منداڵەکان گێراوە و نەمانهێشت خەونی رژێمی بەعس بە بردنی پیاوەکانمان بێتە دی کە دەیانویست ببینە ئامێرێک بەدەست حکومەتەوە ..ژیانێکی زۆر سەخت بوو، رۆژانە مردنی خۆمان دەخواست، بەڵام لەبەر منداڵەکانمان ژیان و بەردەوام بووین..."
حکومەتی بەعس ئاو کارەبایان لێ بری بوون ،کارێزێک بە دووری یەک کاتژمێر لە ئۆردووگا هەبوو ئەویش لە کاتی هێنانی ئاو سەربازەکان دەهاتنە سەر رێگایان تەنکە ئاوەکانیان لێ دەرێشتن و تەنەکانیشیان دەقۆپاندەوە ،هەندێک جار بۆ ئەوەی بیانترسێنن لە دوورەوە تەقەیان لێ دەکردن ..پیاوانی بەعس گوندەکانی دوروپشتی ئۆردووگایان ئاگادار کردە بوو کە نابی هیچ کەس ئاو ئازوقە و شتومەکیان پێ بدەن یان پێان بفروشن بۆیە کەس نەیدەوێرا مەگەر زۆر بە نهێنی ، ئەوان دەیانویست ئەوانیش بمرن بە مردنێکی لەسەرەخۆ.
لە ٢٢\٢\١٩٨٦ رژێم هەستا بە راپێچکردنی ئەو ژن و منداڵە بارزانیەکان بۆ سەر سنوری تورکیا و فەرمانیان پێکرا وڵات بەجێبێڵن، تەنانەت بە نوسراوی نهێنی و تایبەت ژمارە ( ٦٧٤٠ لە ١٦ی کانونی دووەمی ١٩٨٦) کە لە لێژنەی کاروباری باکوور دەچووە داواکراوە مافی هاۆوڵاتی عێراقی بونیان لێیان وەربگێرێتەوە.
هەروەها ئەو ئافرەت و منداڵانەی ئۆردووگای قودس و قادسیە لە قۆشتەپە بە پاس لۆری راپێچ کران بۆ ناوچەی شێروان و ناوچەکانی سەر سنور کە هەمووی مینرێژ کرابوو بە بیانووی ئەوەی کەسو کاریان لە ئێران و تورکیا و ناوچە ئازاد کراوەکانن کە بە پێی زانیارییەکان ٨٩ کڵێگەی مین لە ناوچەی بارزاندا هەیە ، ئەوانەی تریشیان لە ئۆردووگا گواستەوە شوێنێکی سەربازی لە دەشتێک بە ناوی جدیدە لەسەر رێگای هەولێر –موسڵ.

لەماوەی هەموو ئەو ساڵانەی کارو لێکۆلینەوەم لە بواری جینۆساید دا کردوە زۆرترین کارم لە سەر ژیانی ژنانی دوای جینۆسایدی ئەنفال و کیمیاباران و رەهەند و کاریگەرییەکانی جینۆساید لە سەریان ئەنجامداوە کە ژنانی بارزانیش بەشێکی دانەبراوی بوون.
کە لێرەدا سەری رێزیان بۆ دادەنوێنم
عه‌داله‌ت عومه‌ر
نووسەر و لێکۆلەری‌ بوارى جینۆسایدی گەلی کوردستان
ژمارەی بینین:  105      بەروار:  31/07/2018
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

   زیاتر
هیچ محتوای برای موضوع درخواست شما وجود ندارا‌ .
ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.