کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ بەرخۆدانی عەفرین
هەڵوێستنامە
هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ بەرخۆدانی عەفرین
 
ئێمە نوێنەرانی دەیان پارت و رێکخراوەی کوردستانیی، سەدان کەسایەتیی سەربەخۆ لە رۆشنبیر و ئەکادیمیکار و  هونەرمەند و پارلەمێنتاران کە خۆمان وەک دەنگی نەتەوەیی و نیشتمانیی بۆ خاوەندارێتی لە بەرخۆدانی عەفرین دەبینین، لە هۆڵەندا کۆبووینەتەوە و ئەم بانگەوازە دەخەینە بەردەم رای گشتیی کوردستانیی و جیهانیی.
دەوڵەتی تورکیا پێش 51 رۆژ هێرشی کردە سەر شاری عەفرین. ئامانجی دەوڵەتی تورکیا بۆ ئێمە روونە. تورکیا دەیەوێت کورد لەسەر خاکی خۆی ئازاد نەبێت، بەڵکو هەر دیل بێت و وڵاتیشی داگیرکراو بێت.
دەوڵەتی تورکیا دژی هەبوونی کوردە، دژی هەبوونی کوردستانە و نیەتی خۆی نەشاردۆتەوە و لە پراکتیکدا ئەو راستییەی  سەلماندووە.
دەوڵەتی تورکیا لە هێرشی حکومەتی عێراقدا بۆ سەر کەرکووک و ناوچەدابڕاوەکان، پشتگیریی حکومەتی بەغدای کرد. لە هێرشی داگیرکاریی داعشدا بۆ سەر کوردستان، بە تایبەتیش بۆ سەر کۆبانێ، رۆڵێکی سەرەکیی لە هاوکاریکردنی داعشدا بینی. دەوڵەتی تورکیا هەر لە سەرەتاوە لە دژی کانتۆنەکانی رۆژاوای کوردستان و سیستەمی فیدراڵیی باکوری سوریا، لە سەنگەردا بووە. چەندین بنکەی سەربازیی و سیخوڕیی لە دژی دەستکەوتەکانی کوردستان لە باشووری کوردستان جێگیر کردووە.
دواجاریش هێرشی کردە سەر عەفرین و لە ئێستادا چەند گوندێکی داگیر کردووە کە لە راستییدا وێرانی کردوون. بێ پسانەوە بە فڕۆکەو تۆپ بۆردومانی عەفرین و دەوروبەری دەکات. بەو هۆیەوە سەدان سڤیل لە منداڵ و پیر شەهید و بریندار بوون. بەڵام خەڵکی عەفرین لە ڕیزی پێشەوە و هێزەکانی (ی پ گ) و (ی پ ژ) و سوپای سوریای دیموکرات و هەموو هێزەکانی تری پاراستن، هەموویان رووبەڕووی هێرشی تورکیا و چەتەکانی بوونەوە و لەو کاتەوە بەرخۆدانێکی ئەفسانەیی و قارەمانانە تۆمار دەکەن. رۆژاوای کوردستان، هەروەکوو خەڵکی عەفرین و شان بەشانی هێزەکانی شەڕوانان وڵاتی خۆیان دەپارێزن. خەڵکی کوردستان بە گشتیی و کوردانی دیاسپۆراش پێکەوە لەسەر پێن و خاوەندارێتی لە عەفرین دەکەن. دۆستانی گەلی کوردستانیش پشتگیرییەکی باشی بەرخۆدانی عەفرین دەکەن.
بەڵام دیسان هەموو ئەمانەش بەس نین. پێویستە لە پڕۆسەی بەرخۆدان و پاراستنی عەفریندا، پشتگیریی و خاوەندارێتییەکی زیاتر  و بەهێزتر رێکبخەین. بۆ ئەوەش پێویستە بەر لە هەرشتێک بزاڤە ناوخۆییەکان چالاک بن و ئەڵقەیەکی پاراستنی نەتەوەیی و نیشتمانیی بە دەوری عەفریندا بکێشین.
عەفرین لە کۆتایی سنووری رۆژاوای کوردستاندایە. دەوڵەتی تورکیاش هەر لە دیریکەوە تا عەفرینی کردۆتە ئامانجی داگیرکاریی خۆی. بۆیە پێویستە ویژدانی نەتەوەیی و نیشتیمانیی کوردستانیان لە شەڕی عەفریندا خۆی پیشان بدات. پێویستە دڵی هەموو کورد و کوردستانیان بۆ عەفەرین لێ بدات. بێگومان لە پڕۆسەی پاراستنی عەفریندا قوربانی زۆر دەدرێت. بەڵام ئەگەر یەکێتییەکی فراوان پێک بێنین، ئەوا بە دڵنیایی عەفرین زووتر سەردەکەوێت. هەلومەرج لە بەرژەوەندی کورداندایە. گەلی کوردستان دەتوانێت  رەوشی عەفرین بەرەو سەرکەوتن وەرچەرخێنێت. سەرکەوتنی عەفرین دەروازەی نوێ لەبەردەم پڕۆسەی ئازادیی کوردستاندا دەکاتەوە. بۆ ئەو ئامانجەش پێویستە هەموو هێزە سیاسیەکان، رێکخراوە دیموکراتیکەکان، هەموو کوردستانیان، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانیی، یەکێتییەکی هاوکاریی مەزن پێکبێنن کە بتوانێت ببێت بە زەمینەی بەرپەچدانەوەی داگیرکاریەکان.
تەنیا شتێک عەفرین لەم رۆژە سەختانەی خۆیدا لە گەلی کوردستانی دەخوازێت، یەکڕیزیی ناوخۆیی و نەتەوەییە. ئیدی پێویستە کورد و کوردستانیان ئەم خواست و داخوازییەی عەفرین بەدی بێنن و بە هاواری عەفرینەوە بچن. عەفرین بە هیوای جوڵەیەکی لەو چەشنەیە.
کۆبوونەوەی هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانیی بۆ عەفرین، ئەم بانگەوازە بە پەلەیە دەخاتە بەر چاو و گوێی خەڵکی کوردستان و دنیای مرۆڤدۆست و دیموکرات:
1. نەبوونی هاوپەیمانیی ناوخۆیی کوردان سەنگەرەکانی پاراستنی کوردستان لاواز دەکات و رێ لەبەردەم هێرشی داگیرکەراندا واڵا دەکات. رێککەوتنی ناوخۆیی مەرجی مان و نەمانە و پێویستە لە پڕۆسەی پاراستنی عەفریندا بە دی بێت. بۆ ئەو ئامانجە مەزنەش لە ئێستادا پلاتفۆڕمی خاوەندارێتی لە عەفرین بە بەشداریی چەندین دەینامیکی کوردستانی فراوانتر بووە و هێزە کوردستانییەکان لە هەر کات زیاتر نزیکی یەکترن.
2. پێویستە لە پڕۆسەی پاراستنی عەفریندا کوردستانیان لە دیاسپۆرا پشتیوانیەکی بەهێز و هەمئاهەنگ بە هەمان رۆحی کۆبانێ پێک بێنن. لە دژی هێرش و داگیرکاریی تورکیا دەنگی ئەم پشتگیریی و خاوەندارێتییە تێکەڵ بە دەنگی عەفرین ببێت. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە خەباتێکی دیپلۆماسی بەهێز و ئەنجامدار لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نیشمانیی بەڕێوە ببەین.
3. بۆ ڕاوەستاندنی هێرشی تورکیا بۆسەر عەفرین، پێویستە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئاگربەست لە سوریا، پێداگریی و خەباتێکی زۆر بکەین.
4. پێویستە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەدواداچوون بۆ بڕیارەکەی خۆی بکات، و بە جیددیی لەسەر پرسی ئاگربەست رابوەستێت و بیخاتە بواری جێ بەجێ کردنەوە.
5. هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ناتۆ، ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا دەبێت بە ئەکتیڤی لەسەر پرسی عەفرین هەڵوێستە بکەن و گوشارەکانی خۆیان بۆ سەر تورکیا زیاتر بکەن تا لە عەفرین بچێتە دەر.
6. پێویستە روسیا هەڵوێستی خۆی لەبارەی عەفرینەوە بگۆڕێت. ئاسمانی سوریا بپارێزێت و رێ لە هێرشی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین بگرێت.
7. پێویستە دەوڵەتی سوریا بە ئاشکرا و بە دەنگی بەرز دژی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین بێتە دەنگ. لەگەڵ بەڕێوەبەریەتی عەفرین و هێزی ئاسایشی ناوچەکە لە هەمئاهەنگیدا بێت و شانبەشانی ئەوان لە پارستنی سنوورەکانی عەفریندا بەشدار بێت.
سوریا ئەندامی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانە، پێویستە هەموو میکانیزمە نێونەتەوەییەکان بەکاربهێنێت تا رێگا لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بگرێت.
‎8. کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی دەبێت هەڵوێستی فەرمی لەسەر داگیرکاریی تورکیا رابگەیەنن و ئەو هێرشە شەرمەزار بکەن، و بۆ دەرکردنی تورکیا لە سنوورەکانی سوریادا، هەنگاوی پراکتیکی بنێن.
9. دەوڵەتی تورکیا بە پراتیکی داگیرکاریی و شەڕخوازیی خۆی، شەڕی دژی داعش لاواز دەکات. ئاشتیی و سەقامگیریی رۆژهەلاتی ناوەڕاست و ئاسایشی دنیا دەخاتە مەترسییەوە. هەربۆیە پێویستە هێزە جیهانییە باڵادەستەکان و دنیای دیموکرات، دژی ئەم شەڕخوازییەی تورکیا هەڵوێستی روو و ئاشکرایان هەبێت و رێگا لەبەردەم ئەم دەوڵەتە داگیرکارە بگرن.
10. نەتەوە یەکگرتووەکان و دنیا لە کۆمەڵکوژی جزیر و شارەکانی تری باکووری کوردستان بێدەنگ و بێ هەڵوێست بوون، لەبەر ئەوە تورکیا سوودی لەو دەرفەتە بینی و  ئێستاش بێباکانە هێرش دەکاتە سەر عەفرین. ئەو هێزە تایبەتیانەی کە لە جزیرە و شارەکانی باکوور کۆمەڵکوژییان کرد، ئێستا رەوانەی عەفرین کراون بۆ ئەوەی هەمان کار بکەن. بۆیە پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان بە زوویی بێتە دەنگ و سەبارەت بە هێرشی عەفرین بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات، تا کۆمەڵکوژیی جزیرە دووبارە نەبێتەوە.
11. ئێمە بانگی دۆستانی کوردستان بە گشتیی و رای گشتیی دنیای دیموکرات و خاوەن ویژدان دەکەین و رای دەگەیەنین "ئێوە هەتا ئێستا هەڵوێستێکی باشتان پیشانداوە، هیوامان وایە لەو هەڵوێستە بەردەوام بن و بە‌هێزتری بکەن. گەلی عەفرین پێویستی بە پشتگیریی ئێوەیە".
12. داوا لە کوردستانیان و دۆستانی کورد دەکەین مامەڵەی بازرگانیی لەگەڵ تورکیا رابگرن و بایکۆتی توریزمی تورکیا بکەن.
13. کۆبوونەوە بۆ خاوەنداریەتی لە بەرخۆدانی عەفرین، لە 12ی مانگی ئازارەوە ئامادەباشیی و سەفەربەریی نەتەوەیی رادەگەیەنێت. داوا لە کوردستانیان دەکات شەوورۆژ بە هەموو شێوازەکانی کار و خەبات لە چالاکیدا بن.
14. ئێمە، هەموو ئەو نوێنەرو کەسایەتیانەی لێرە کۆبووینەوە، جارێکی تر هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتیمانیی خۆمان بۆ خاوەنداریەتی لە عەفرین دووپات دەکەینەوە و رای دەگەینین "عەفرین کوردستانە، پاراستنی عەفرین پاراستنی هەموو کوردستانە. ئێمە بە هەموو توانای خۆمان خاوەنداریەتی لە عەفرین دەکەین". ئێمە هەمان هەڵوێستیش لە هەموو پارت و رێکخراو و کەسایەتی و سەرجەم گەلی کوردستان دەخوازین.
 
کۆبوونەوەی هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتیمانیی بۆ عەفرین
11ی ئازاری 2018l
ژمارەی بینین:  641      بەروار:  14/03/2018
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

   زیاتر
هیچ محتوای برای موضوع درخواست شما وجود ندارا‌ .
ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.