کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  مسوڵمان و بەرپرسیارێتی جینۆساید
مسوڵمان و بەرپرسیارێتی جینۆساید
ئاوارە حسێن

 مسوڵمان نەیتوانیوە تاوانی جینۆساید ئەنجام بدات، و جینۆساید لە توانای ئەودا نییە،، ئەمە گوتەی ئەردۆگان بوو لە ساڵی (٢٠٠٩)دا و بۆ بەرگریکردن لە تۆمەتباری جینۆساید عومەر حەسەن بەشیر.
 کام جۆر مسوڵمان جینۆساید ئەنجام نادات؟ ئەو جۆرەیان کامەیە کە بارن بەسەر ئیسلام و مرۆڤایەتییەوە؟ لەم وتارەدا لەگەڵ هەڵسەنگاندنە یاساییەکەی دوژمنکاری سەر کانتۆنی عەفرین، هەوڵدەدەم تیشکێک بخەمە سەر ئەو دوو جۆرە مسوڵمانە.

ئەردۆگان وەک تۆمەتباری چەندین جینۆساید لە دژی کورد لە باکوور و خۆرئاوای کوردستان، جارێکی تر نەک بەرگریی کردەوە لە عومەر حەسەن بەشیری سەرۆکی سودان، بەڵکو بە پێکەنین و تەنزەوە وەڵامی نامەکەی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی دایەوە.
دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی بە تۆمەتی ئەنجامدانی جینۆساید و تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ لە دارفۆر، لە ساڵی (٢٠٠٥)وە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ عومەر حەسەن بەشیر دەرکردووە. دادگا پاش ئەوەی دڵنیابوو کە بەشیر لە ڕۆژی (١٣/١٢/٢٠١٧) لە شاری ئیستانبوڵ لە کۆبونەوەی نائاسایی لوتکەی دەوڵەتانی ئیسلامیدا بەشدارە. دادگا لە نامەیەکیدا بۆ تورکیا داوای دەستگیرکردنی بەشیر و تەسلیمکردنەوەی بە داگا کرد لە لاهای. ئەردۆگانیش بەم شێوەیە وەڵامی دادگای دایەوە.
،،ئایا ئێمە کەسێک تەسلیم بە ئێوە بکەینەوە کە ئەندامی هاریکاری ئیسلامییە، و لەم کۆبونەوەی لوتکەیەدا بەشداری کردووە؟ ئەمە چی جۆرە تێگەیشتنێکە؟ مەحاڵە تێگەشتن لێی. هەندێ شت وات لێدەکات کە پێبکەنیت، ئێمە تەنها پێکەنینمان پێی دێت،،
چۆن دەتوانین دادپەروەری بەدەستبهێنین و مافی قوربانییەکان بگێڕینەوە، گەر هاوکارییەکی نێودەوڵەتیمان نەبێت. وەڵامەکەی ئەردۆگان چاوەڕوانکراو بوو، چونکە خۆشی تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی هەمان جۆری تاوانی نێودەوڵەتی.

ئەوە تەنها ئەردۆگان نییە کە تاوانی خۆی و ئەوانە نابینێت کە بە پاشخانێکی ئیسلامییەوە لە سەر کورسی دانیشتون. بەڵکو ئەردۆگانیستە کوردەکانی باشووریش نەک تاوانەکانی ئەردۆگان نابینین بەڵکو بە (سەرۆک، یەکەم کاریزمای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، پیاوی دەست بە دەەستنوێژ و یەکەم دۆستی کورد لە هەموو جیهان)یان دەزانی و دەناساند. هەڵسەنگاندنی تاوانەکانی ئەردۆگان لەپێش ئەوەی کاری مرۆڤ دۆستان و ئەکادیمیست و یاساناسەکان بێت، دەبوو ئەرک و کاری ئەردۆگانیستە کوردەکان بوایا.

 لەماوەی فەرمانڕەوای بیست و سێ ساڵی پێغەمبەرایەتیدا کە کاتی ڕاگەیاندن و ناساندن و گەشەکردنی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بوو لە هەژدە غەزاو جەنگ کە ڕوبەڕوی پێغەمبەر (د.خ) کرایەوە، تەنها (٤٠٠) کەس لە مسوڵمان و بێباوەڕ و بت پەرستەکان کوژراون.
ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە مسوڵمانی ڕاستەقینە هەموو ئەوانەن گەر کەسێک بکوژن لەوە دەگەن، کەوەکو ئەوە وایە هەموو مرۆڤایەتییان کوشتبێت. چی جای ئەوەی کە بوێریی ئەوە بکەن تاوانی جینۆساید ئەنجامبدەن. بەڵام کاتێک مسوڵمان ئاینی ئیسلامی وەک ئامرازی پاراستنی بەرژەوەندییە بەدەستهاتووەکانی و بەدەستهێنانی بەرژەوەندییە بەدەستنەهاتووەکانی بەکارهێنا، ئیتر ئەو جۆرە لەبرین دروست دەبێت کە ویژدانی هەموومان ئازار دەدات و وەک تاک و ڕێکخراو دەوڵەتیش دەبن بە بار بەسەر ئیسلام و مرۆڤایەتییەوە.
ئەردۆگانی ئێستا، باپیرە عوسمانییە ناسراوەکانی، داعشی دۆستی، ئەبوبەکر شیکۆ لە نەیجیریا و سوهارتۆی ئیندۆنیسیا بەشێکن و بەشێک بوون لەوانەی کە ناتوانرێت ڕۆڵیان لە زیادکردنی جینۆسایدە خویناوییەکانی مرۆڤایەتی لە هزر و کردەوەی مرۆڤدا لە بیربکرێت و بچوکبکرێتەوە. داخوازییەکانیان بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات و بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانیان وایکردووە دوو دڵی لە پیشاندانی دڕندانەترین دیمەن نەکەن. مێژووی جینۆساید ئەوە دەگێڕێتەوە و لە ئێستاشدا کردارەکانی ئەردۆگان دەبینین، کە ئەوانە برینی گەورەیان لە ویژدانی مرۆڤدا دروستکردووە.


لە ماوەی شانزە ساڵی دەسەڵاتی ئەردۆگان لە تورکیادا، بەرهەمی ئەو ئیسلامییە چەواشەکارە، جگە لە دانیشتن لە سەر میراتی ستەمی باپیرەکانی و جینۆسایدی کوردان، تروسکاییەک نادۆزیتەوە کە ئەردۆگان بواری دابێت کورد وەک نەتەوە و مرۆڤێکی ئازاد و یەکسان بژین و هەناسە بدەن. گەر زیندانەکانیشی لە ئازادیخوازانی کورد پڕ نەکردبێت، ئەوا ژیانی دەرەوەی زیندانی کردووە بە زیندان. ئۆج ئالان  گوتەنی ،،ئەوەی وایکردووە بەرگەی ئەم زیندانە بگرم، ئەوەیە کە ژیانی دەرەوەی زیندان لێرە خۆشتر نییە،،.

پاش ئەوەی ڕۆژی (٢٠/١/٢٠١٨) سوپای تورکیا هێرشێکی تاوانکاریی کردە سەر کانتۆنی عەفرینی خۆرئاوای کوردستان، تەندروستی عەفرین ڕایگەیاندووە، کە بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە (٣) شەڕڤان  و (١٧) کەسی سڤیل کوژراون و (٢٨) کەسی تر بریندار بوون کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.
لە کورترین هەڵسەنگاندنی یاساییدا بۆ دوژمنکاری سەر عەفرین و خۆرئاوای کوردستان لە ڕوانگەی یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتییەوە سوپای تورکیا بە فەرمانی ئەردۆگان ئەم تاوانانەی ئەنجام داوە:
آ/ تاوانی دوژمنکاری، بەکارهێنانی هێزی سەربازیی زەمینی و ئاسمانی لەلایەن تورکیاوە دژی سەروەریی و ئارامی عەفرین و سەربەخۆییە سیاسییەکەی، بەگوێرەی ماددەی (١)ی پێناسەی تاوانەکانی دوژمنکاری ساڵی (١٩٧٤) دەچێتە چوارچێوەی تاوانی دوژمنکارییەوە.
ب/ تاوانەکانی جەنگ، هێرشی بەمەبەست و ئاراستەکراو دژی دانیشتوانی سڤیلی عەفرین کە ڕاستەوخۆ لەکردارە جەنگییەکەدا بەشدارنین و ئامانجی سەربازیی نین، وێرانکردنی موڵک و ماڵی پارێزراویی عەفرین و بۆمبارانکردنی خەڵکە سڤیلەکەیی سەرەڕای ئەوەی کە پێشێلکاری ڕێککەوتننامەی چوارەمی ژنێڤی ساڵی (١٩٤٩)یە، هەروەها بەگوێرەی ماددەی (٨)ی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتیش دەچێتە چوارچێوەی تاوانی جەنگەوە.
ج/ تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، کوشتنی ئەو ڕێژە سڤیلەی عەفرین کە لە چوارچێوەی هێرشێکی بەرفراوانی ئاراستەکراویی پیلانداڕێژراودا ئەنجامدراوە، بەگوێرەی ماددەی (٧)ی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی، دەچێتە چوارچێوەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییەوە.
د/ جینۆساید، کانتۆنی عەفرین ڕوبەڕوی هێرشێکی تاوانکاری بووتەوە، سوپای تورکیاش نەک پیلاندانەر و هاندەر و بەشداریکاری هێرشەکەیە، ئەنجامدەری سەرەکیشە. نیازی ئەردۆگانیش لەناوبردنی ئەزمونی خۆرئاوای کوردستانە. بەوەش بەگویرەی مادەکانی (٢ و ٣)ی ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی جینۆساید و سزا خستنە سەر تاواناکارانی ساڵی (١٩٤٨) و ماددەی (٦)ی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی دەچێتە چوارچێوەی تاوانی جینۆسایدەوە.

سەرەڕای ئەم کورتە هەڵسەنگاندنە یاساییە، گەر بە تەنها هێرشە تاوانکارییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عەفرین لە ڕوانگەی یاساکانی تورکیاوە هەڵسەنگێنین. ئەوا ئەو هێرشانە بەپێی هەردوو ماددەی(٧٦ و ٧٧)ی یاسای تاوانکاری تورکیا، دەچێتە چوارچێوەی جینۆساید و تاوانی دژ  بە مرۆڤایەتییەوە.
ژمارەی بینین:  959      بەروار:  23/01/2018
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

   زیاتر
هیچ محتوای برای موضوع درخواست شما وجود ندارا‌ .
ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.