کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  دادگای نۆرمبێرگ، لە خەونی دادپەروەرییەوە بۆ تۆڵەسەندنەوە
دادگای نۆرمبێرگ، لە خەونی دادپەروەرییەوە بۆ تۆڵەسەندنەوە
ئاوارە حسێن
کۆتایی مانگی ڕابردوو، مانگی یانزە، حەفتاو دوو ساڵ بەسەر یەکەم دانیشتنی  دادگای نۆرمبێرگ لە ئەڵمانیادا تێپەڕی.  دادگای سەربازیی نێودەوڵەتی نۆرمبێرگ، لەپاش کۆتایھاتنی جەنگی جیھانی دووەم لەلایەن دەوڵەتە سەرکەوتووەکان (دەوڵەتانی ھاوپەیمانان)وە بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتننامەیەی کە لە (٨/٨/١٩٤٥) لەنێوان حکومەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کۆماری فەڕەنسا، شانشینی یەکگرتوو بەریتانیای گەورە و ئێرلەندای باکوور و کۆماری یەکگرتووی سۆسیالیستی سۆڤییەت-دا واژۆکرا، دامەزرا.
ئامانجی دامەزراندنی ئەم دادگایە، دادگایکردنی سەرەکیترین تاوانکارەکانی جەنگ بوو لە دەوڵەتانی ناوەندیی ئەوروپا و سەرکردە سیاسی، سەربازیی، دادوەریی و ئابوورییەکانی سەرکردایەتی ڕژێمی نازی ئەڵمانیا. کە پیلانداڕێژەر و بەشداریکاری جینۆسایدی جووەکان (ھۆلۆکۆست) بوون. بڕیارەکانی دادگا بە خاڵێکی وەرچەرخان دادەنرێت لەنێوان یاسای نێودەوڵەتی کلاسیک و ھاوچەرخدا.
یەکەم دانیشتنی دادگاو قۆناغی دادگایکردنی تۆمەتبارەکان لە (٢٠/١١/١٩٤٥) دەستیپێکرد و نزیکەی دوو ساڵی خایاند. لە قۆناغەکانی دادگایکردندا سێ تۆمەتبار ئازاد کران، دە تاوانکار لە سێدارەدران، سێ تاوانکار بە زیندانی ھەمیشەیی سزادران، چوار تاوانکار بە زیندانیکردنی ماوە درێژ سزادران و ھەریەک لە تۆمەتباران (ئەدۆڵۆف ھیتلەر، ھێنڕیچ ھیملەر، ویلھلم بورگدورف، ھانس کرێبس و جۆزیف گۆبڵز) لەپێش دامەزراندنی دادگا و دەرچوونی بڕیاری تاوانباربوونیان، لە نیسان و مایسی ساڵی (١٩٤٥)دا خۆیان کوشت.
یاسای دادگاکە کە لە (٣٠) سی ماددە پێکھاتبوو، لە ماددەی شەشەمدا باس لە دادگایکردن و سزادانی سەرەکیترین تاوانکارەکانی جەنگ لە دەوڵەتانی ناوەندی ئەوروپا دەکات، کە ھەریەک لە تاوانەکانی (تاوانەکانی دوژمنکاری، تاوانەکانی جەنگ، تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی)یان ئەنجامداوە.
 دادگای سەربازی نێودەوڵەتی نۆرمبێرگ کاریگەرییەکی بەرچاوی ھەبووە لە گەشەپێدانی یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتیدا. گۆڕانگارییەکی مێژووی لە بواری یاسادا دروستکرد، و ئەو پەیامە یاساییەی بەخشی کە دەوڵەتان و لایەنەکانی سەرکەتووی جەنگ لەبری تۆڵەکردنەوەی بێ بەزەییانە، دەستدرێژی سێکسی، بە کۆیلەکردنی سێکسی، ئەشکەنجەدان، لەسێدارەدان بەبێ دادگایکردن، کوشتنی دیلەکانی جەنگ  و تاقیکردنەوەی نامرۆییانەی پزیشکی لەسەر دیلەکان، پەنا بۆ دادگا ببەن و لەڕێگای یاساوە تاوانباربوونی تۆمەتبارەکان یەکلایی بکەنەوە و سزایی یاساییان بەسەردا بسەپێنن. دادگای نۆرمبێرگ بووە سەرچاوەیەک بۆ دامەزرادنی دەیان دادگای سەربازی نێودەوڵەتی، تاوانکاری نائاسایی، تاوانکاری تایبەت، تاوانکاری تێکەڵاو، تاوانکاری نێودەوڵەتی تایبەتی کاتی و دادگای  تاوانکاری نێودەوڵەتی ھەمیشەیی. سەرەڕای ئەوانەش لەدوای ھەستکردن بە پێشێلکارییە قوڵەکانی مافەکانی مرۆڤ لەجەنگی جیھانی دووەم و سزادانی تاوانکاران لە دادگای نۆرمبێرگدا. پرەنسیپ و بڕیارەکانی دادگا ڕۆڵی ھەبوو لە پێکھێنانی ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی جینۆساید و جاڕنامەی جیھانی مافەکانی مرۆڤ و دەیان ڕێککەوتتنامە و جاڕنامە و پرۆتۆکۆڵی نێودەوڵەتی یاسایی گرنگ بۆ دەستەبەرکردن و ناساندن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ.


دادگای سەربازی نێودەوڵەتی نۆرمبێرگ، لەتەنیشت بەدەستھێنانی ئەو بەرھەمە یاساییە گرنگانەوە. کۆمەڵێک ڕەخنەی یاسایی ڕووبەڕوو دەکرێتەوە، کە تاکو ئێستا دامەزرێنەرانی دادگا و دادوەرەکان و داواکاری گشتی دادگا لەبەرامبەریدا بێ وەڵامن. لەبەرئەوەی پێکھێنانی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی ھەمیشەیی لە دادگای نۆرمبێرگەوە ڕەگدەگرێت و لەم دادگایەشدا پرەنسیپی دادپەروەری بە بنەما نەگیراوە، مەرج و کۆت بۆ وەرگرتنی سکاڵا و گێڕانەوەی مافی قوربانییەکان دانراوە. کەوابوو ئاماژەکردن بە خاڵە لاوازەکانی دادگا بۆ گروپە قوربانی بەخشەکان و حاڵی پەرێشانی نەتەوەی ئێمە پێویست بێت، بەتایبەتی دادگا وەک ئامرازی تۆڵەکردنەوە دەرکەوت لەبری پاراستنی پرەنسیپی یەکسانی و  دادپەروەری.

لەدیارترین ئەو ڕەخناش ئاراستەی دادگاکە دەکرێن، دادوەرەکانی دادگای نۆرمبێڕگ لە ھەشت دادوەر پێک ھاتبوون، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج و ڕەخنەیەکی قوڵە کە ھەموویان دادوەری دەوڵەتە سەرکەوتووەکانی جەنگی جیھانی دووەم بوون و ئەوان لە دادگادا دایانمەزراندبوون. بەوەش نەیانتوانی پرەنسیپی یەکسانی و بێلانی بپارێزن.
یەکێک لەو تاوانانەی کە سەرکردە نازییەکانی پێ سزادرا، تاوانی دوژمنکاری بوو، بەپێی ماددەی شەشەم بڕگەی ئەلیف، کە ئەڵمانیا لە (١/٩/١٩٣٩) بە ھێرشکردنە سەر پۆڵندا تاوانبارکراو ئەو دوژمنکارییەش بووەھۆی دەستپێکردنی جەنگی جیھانی دووەم. بەڵام دادگای سەربازی نێودەوڵەتی نۆرمبێرگ تاکە یەک تۆمەتیشی ئاراستەی یەکێتی سۆڤییەت ناکات بەپێی ھەمان ماددە و بڕگە و بۆ ھەمان تاوانی دوژمنکاری کە یەکێتی سۆڤییەت لە (٣٠/١١/١٩٣٩) ھێرش دەکاتە سەر فینلاند و سێ مانگ لەو دەوڵەتە بچوکەدا تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامدەدات. ئەو جەنگەش بە جەنگی زستانە ناسراوە. تەنانەت ڕێکخراوی کۆمەڵەی نەتەوەکان ھێرشەکەی سۆڤییەت بۆسەر فینلاند بە نایاسایی دەناسێنێت و لە (١٤/١٢/١٩٣٩) یەکێتی سۆڤییەت لە ئەندامێتی ڕێکخراوەکەدا دەردەکات.
ھەروەھا دادگای نۆرمبیرگ ھیچ تۆمەتێکی ئەنجامدانی تاوانی دوژمنکاری ئاراستەی یەکیتی سۆڤییەت و بەریتانیا ناکات لەبەرامبەر داگیرکردنی ئیران لە (٢٥/٨/١٩٤١)دا.

لە دادگای سەربازی نێودەوڵەتی نۆرمبێرگ-دا ئەوە بەدەستدەھێنین، کەدامەزراندنی دادگا بۆ بەڕاستیکردنی خەونی دادپەوەری بوو بۆ سزادانی تاوانکارانی جەنگی جیھانی دووەم و گێڕانەوەی ماف بۆ قوربانییەکان.بەڵام لە کۆتایی کارەکانییدا وەک دادگای دەوڵەتە سەرکەوتووەکان جەنگ دەرکەوت و لەبری پاراستنی پرەنسیپی دادپەروەری بوو بە دادگایەکی لایەنگر و تۆڵەسێن.

ژمارەی بینین:  1159      بەروار:  08/12/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.