کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  کۆمەڵکوژی موسڵمانانی رۆھێنگاو ئەنفالەکانی گوندی جەلەمۆرد
کۆمەڵکوژی موسڵمانانی رۆھێنگاو ئەنفالەکانی گوندی جەلەمۆرد
عەلی مەحمود محەمەد
چەندین ساڵە ھەزاران وێنەی  ھاووڵاتیانی رۆژھەڵات و باشوری ئاسیا، قوربانیانی بومەلەرزەو لافاو تسۆنامی و جەنگە ئاینییە  کۆنەپەرستانەکانمان پێ نیشان دەدەرێت، ھەموو بەناوی قوربانیانی موسڵمانی بۆرماوە، کاتێک لە رێگای گوگڵەوە بەدوای وێنەکاندا  دەگەڕێیت دەرەکەوێت ھەموی ناڕاستە، کاتێکیش راستەوخۆ  دەچیتە سەر یوتوبی رۆھیناگاکان  ھیچ لەو وێنانە نابینیت، ئەمەش وای کرد، جێگیری سەرەک وەزیرانی تورکیا بە پەلە وێنەکان لا ببات چونکە زانی کەوتۆتە تەڵەوە و متمانە لە دەستە دات، من بۆ خۆم ئەزمونم زۆرە لەم بوارەدا، تا پێش ئەوەی خۆمان خاوەنداری لە وێنەی قوربانیانی ھەڵەبجەو سەردەشت و رۆژھەڵاتی کوردستان و باکورو باشور و رۆژئاوا کەین، زۆرجار وێنەکان لە لایەن  لایەنەکانی دیکەوە  بەکار دەھێنران وەک قوربانی خۆیان بۆ ئەوەی مەزڵومیەتی خۆیان نیشان بدەن.

سەرەتا دەمەوێت بڵێم گەلی رۆھێنخیا، گەلێکی ستمدیدەی لێقەوماون، زۆریان لە بەنگەلادیشەوە بەھۆی ھەژاری و برسێتییەوە ئاوارە بوونە و  ھەقی داکۆکی و پشتگیریان ھەیە وەک ھەر مرۆڤێک کە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیان بەرامبەر دەکرێت، کە لە زۆر قۆناغدا تاوانەکان  تا ئاستی تاوانی جینۆساید بەرز بۆتەوە، ھەرچەندە  لە بەرامبەریشدا ئەوانیش  دەستیان نەپارستووە لە ئەنجامدانی ھەمان تاوان  بە ھەمان پێوەرەوە، وەلێ کاتێک تراژیدیای گەلێک بۆ تەبلیغی سیاسی کۆنەپەرستانە بەکار دەھێنرێت، ھەموو کێشەی ئەم مرۆڤە برسی و ھەژارانە دەکرێتە شەڕی کۆنەپەرستانەی ئاینی و  دەکرێنە سوتەمەنی و ماشینی ئەم شەڕە تەواو کۆنەپەرستانەیە، ئەوکات پێویستە باسی حەقیقەتەکان بکرێت و رابگرترێت، ئاخر تورکیا و ئێران و سعودیە و قادرۆفی شیشان بۆ خۆیان خاوەند و بکەری سەدان تاوانی مەزنن کە دەچنە چوارچێوەی تاوانە مەزنەکانەوەو وێنەشیان لێگیراوە، بۆ خۆیان خاوەند  وێنەی ترسناکترن، کەچی بۆ موسڵمانانی بۆرما شین  دەکەن و وێنە ساختەکان بڵاو دەکەنەوە، لەولاشەوە  وێنەی تاوانە راستەقینەکانی خۆیان دەشارنەوە، ئەوان لە رێگەی ئەم وێنانەوە دەیانەوێت خۆیان جوان بکەن و حەقانیەت بە دەسەڵاتەکانیان بدەن، لە کاتێکدا پاپا ی ڤاتیکان و ئەحزابی ئازادیخوازو چەپ و شیوعی  ئەو وڵاتانە لە  پێش ئەوانەوە  ئیدانەی تاوانەکەیان  کرد بێ ئەوەی بە دوای دەسکەوتی سیاسییەوە  بن.
بۆرما کە بەردەوام شوێنی شەڕی گروپە چەکدارەکان بووە، زۆرترین گروپی چەکداری جیھان ٤٦ گروپ بە ئایدیای جیاجیاوە لەم وڵاتەدا بونیان ھەبووە،  پێی دەچێت لە  داھاتوودا  ببێتە شوێنی کۆکردنەوەی جروجانەوەرەکانی داعش و قاعدە، بۆ ئەوەی لە سنوری چین و  رۆژھەڵاتی ئاسیای ئارام کۆیان کەنەوە، شوێنێکی لەبارە بۆ شەڕی ئاینی، سنوری بە بەنگەلادیشەوەیە، ھێزێکی گەورەی ئیسلامییە تەور وەشێنەکانی لێیە، خەڵکێکی نەخوێنەوارو  ھەژار لە بۆرما، ناوچەیەکی جەنگەڵستانی چڕیش بۆ شەڕی پارتیزانی، دەیانەوێت لەم رێگایەوە ، کۆتایی بە قۆناغی گەشەی  ئابووری ھەرێمەکە بھێنن,کێشە  بۆ چین و وڵاتانی نەیاری دیکەی رۆژئاوا دروست بکەن، ئەمەریکا و سعودیە  ئەندازیاری پرۆژەکەن .

ھەرێمی ئەرکان وەک ھیندستان لە ساڵانی ١٤٣٠ بۆ ١٧٨٤، ٤٨ مەلیکی موسڵمان حوکمی کردووە، تا مەلیکی بوزایی بۆدابای لەو ساڵەدا دەریھێنا لە بندەست کەمایەتی ئیسلام و گەڕاندییەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی بوداییەکان.

لە ساڵی ١٨٢٤ ەوە  ەوە ئینگلیزەکان (١٨٢٤-١٩٤٨) کە بۆرمایان داگیر کردبوو،  بۆ کارکردن لە کێڵگەی برنج  رۆھێنخنییەکانیان ھێناون( میانمار ساڵانە ٥٠ ملیۆن تەن بەرھەم دەھێنێت)، لەسەردەمی دەسەڵاتی ئینگلیزەکان ئیسلامەکان بەردەوام  ژمارەیان زیادی کردووە بەھۆی ھێنانیانەوە لە بەنگەلادیش و بەنگالەوە، تا ساڵی ١٩٢٧، ٤٨٠٠٠٠ ھیندی گەیشتنە بۆرما، رانجۆن بووە گەورەترین بەندەری پەنابەر لە جیھاندا,گەورەتر لە نیویۆرک.

,ئەوان واتا بۆرماییەکان  رۆھێنجییەکان وەک درێژەی داگیرکاری ئینگلیز دەزانن لە وڵاتەکەیان، لە ساڵی ١٩٤٢ لە کاتێک بۆرمییەکان پشتیوانی ژاپۆنییەکان بوون دژ بە ئینگلیز  بۆ ئەوەی رزگاریان کەن لە داگیر کاری ئەمپریالیزمی ئینگلیزی، رۆھێنجییەکان بوونە بەشێک لە سوپای بەریتانی و ھاوکاریان کرد.

رۆھنجییەکان بە ھاوکاری سوپای بەریتانیا لە کاتی شەری جیھانی دووەم ٢٠٠٠٠ ئارکانیسیان کوشت، لەوانیش ٥٠٠٠ کەسیان لێ کوژرا، پەرستگاو  ماڵی بوزییەکانیان سوتاندو پەلاماری ژنەکانیانیان دا، سکرتێری حاکمی بەریتانیا دانی بەمەدا نا کە رۆھینخییەکان تاوانیان ئەنجامداوە لە ژێر باڵی ئەوانەوە.

رۆھینخیەکان دوای سەربەخۆیی ھیندستان-پاکستان داوایان کرد بخرێنە سەر پاکستان لەساڵی ١٩٤٨، وەلێ محەمەد عەلی جەناح  سەرۆکی ئەوکاتی  پاکستان رەتی کردەوە.

ھەرێمی راخین (ئەرکان) یەکێکە لە ١٤ ھەرێمەکەی بۆرما، خاوەند ٤ ھەرێم و ٣٨٧١ گوندە، ژمارەی دانیشتوانی ٣١٨٨٨٠٧ کەسە، لەوانە  ٥٢,٢%یان بوزین، ٤٢,٢%یان موسڵمانن، راخینە بوزییەکان زۆرینەی پێکھاتەی ھەرێمەکە پێک دەھێنن و ھەرێمەکەش  بەناو ئەوانەوە لە مێژوودا  ناو نراوە، ئەوان بەسەر میانمار و بەنگەلادیش و ھیندستان دابەش بوونە,جگە لە نەتەوەی راخین لە ھەرێمەکە کامان و مرۆو تشین و تشکاما و ھندۆس و .......رۆھینخیاش ھەن کە زیاتر لە سنوری بەنگەلادیشدا دەژێن، لە روی رۆشنبیری و ئاینی و روخسارو کەلتورەوە وەک یەکن .
ئیسلامەکان  لە ھەرێمەکانی دیکەش ھەن، موسڵمانە ھیندییەکان لە رانغۆن، چینییەکان لە پانسای، مەلایۆکان لە کاوسانغ  ھەن، واتا ھەر گروپەی لە وڵاتێکەوە ھاتوونەو لە ناوچەیەکی جوگرافیا نیشتەجێ  بوونە.

بەردەوام  ئەم وڵاتە شەڕی ئاینی تێدا بووە لە نێوان موسڵمان و بوزی و ھیندۆسەکان، ھیندۆسەکان ئیسلامەکان بە جەلادی مانگا پیرۆزەکانیان دەزانن، بوزییەکانیش بە داگیر کەری وڵاتەکەیان.

سیاسەتی رەگەز پەرستانی شۆفێنی لە لایەن نەتەوەی سەردەستەوە، وڵاتی دابەش کردووە  بەسەر سێ جۆر  ھاووڵاتی، ئەوانەی نایان توانی بیسەلمێنن لە پێش ١٨٢٣ بنەچەیان لە  بۆرما بووە بێ بەری دەکران لە مافی ھاووڵاتی بوون، رۆھێنجییەکان یەکێکن لەوان.

رۆھێنجییەکان  مافی ھاووڵاتی بوون و سەفەرو سەرباز بوون و زیاتر لە ٢ منداڵو  موڵکداریەتی زەوییان نییە، تەنانەت ناھێڵن بچنە شاری سیتۆی پایتەختی ھەرێمەکەوە .

مێژووی سەدەی رابردووی ئەم وڵاتە تژییە لە تاوانە  نێو نەتەوەییە مەزنەکان، وەلێ ئێمە زیاتر فۆکس دەخەینە سەر ئەو تاوانانەی وێنەکانیان  لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە  دەرخواردی ئێمە دراوە.

روداوەکانی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٢، کە وێنەی تراژیدی ترسناکی بۆ نیشاندرا، لە پەلاماری کچێکی بوزییەوە لە لایەن ٣ پیاوی موسڵمانەوە سەری ھەڵدا، بە دوایدا لە وەڵامی تاوانەکە، بوزییەکان پەلاماری موسڵمانەکانیان دایەوە، لە ئەنجامدا ١٠ موسڵمان بووە قوربانی، دواتر و پەلاماری ھەردولا بۆ سەر یەکتر بەشێوەی دڕندانە دەستی پێکرد.

لە ٨ی حوزەیران، دوای نوێژی ھەینی موسڵمانەکان  پەلاماری بوزاییەکانیان  دا، لە ئەنجامدا ٤٠ گوندو ٥ پەرستگایان سوتێنرا و ٣٠کەسیشیان کوژران، لەو روداوە سەرجەم ٦٢ کەس بوونە قوربای لە ھەردولا و ١٥ ھەزاریش لە ھەردوولا ئاوارە بوون، لەو ئاژاوانەدا ھەزاران ئیسلامی بەنگەلادیشی  بە شمشێرو چەقۆ تەورەوە بەشداریان کرد لە خۆشکردنی ئەو شەڕە ئاینییە و بە سنورەکاندا دەرباز بوون بۆ غەزای بوزییەکان.

ھەندێک سەرچاوەی دیکە ئاماژەیان بەوە دا کە کۆی گشتی ٧٨ کەس کوژراون، ٨٧ بریندار بوونە و ٥٢٠٠٠ کەسیش تا ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠١٢ ئاوارە بوونە، کە لەوە بە دواوە پشێوییەکە دامرکاوەتەوە، وەلێ قین و رقە ئاینییەکان لە یەکتر و خۆ ئامادەکردن بۆ تۆڵە  بەردەوام  بوو.
ھەرچی شەری ئەمجارەیە،  دوای پەلامارەکانی جەنگاوەرانی ئیسلامی رۆھێنجا، لە ٢٥ی ئابەوە، بۆسەر خاڵە سنورییەکان دەستی پێکرد لە لایەن سوپای  ( ئارسا )  ەوە،  کە ھەندێک سەرچاوە رایان گەیاند لە ئەنجامدا ٧١ کەس کوژران.

با بزانین  ئەم گروپە کێن (https://en.wikipedia.org/wiki/Arakan_Rohingya_Salvation_Army#cite_note-Reuters١-٩ )
ئەم گروپە کە بە بزوتنەوەی یەقین بەناو بانگە، ناوی ئەسڵی خۆی  سوپای رزگاری رۆھێنجایە،  لە ٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦ لە بەنگەلادیش  دامەزراوە، خاوەند ٥٠٠ چەکدارە، ٢٠ کەس لە سعودییەوە  سەرکردایەتی دەکەن بە سەرۆکایەتی عە تۆڵا لە دایک بووی کەراتچی پاکستان و دانیشتوی سعودیە، خوێندنی ئاینی  ھەر لەوێ تەواو کردووە، لە لیبیا مەشقی سەربازی و شەڕی پارتیزانی  بینیووە.

 لە بەنگەلادیشەوە لە رێگای پارتیە ئسلامییە   جیھادییکانی ئەو وڵاتەوە چەکدار رێکە خەن و دەیان نێرنەوە بۆ ناو بۆرما.

ھەرچەندە  خۆیان وەک بزووتنەوەیەکی نیشتمانی دژ بە زوڵم و زۆر نمایش دەکەن، وەلێ لە ناوەڕۆک و روخساریشدا بزوتنەوەیەکی ئیسلامییە، پسپۆران  لە بواری گروپە توندڕەوەکان لە باشوری رۆژھەڵاتی ئاسیا پێیان وایە ئەم گروپە گروپێکی توندڕەوی ئیسلامین.

ھاوکات حکومەتی بەنگەلادیشیش پێی وایە سوپای رزگاری ئەرکان پەیوەندیان لە گەڵ گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان بەنگەلادیش ھەیە، ئەوانەی رۆژانە بە تەور سەری رۆشنبیران کەرتە کەن لەو وڵاتە، تەنانەت چەکداریشیان بۆ ئامادە دەکەن گاردیانیش رایگەیاند بەنگەلادیشییەکان پشتیوانی لە سوپای یەقینی ئیسلامی  دەکەن.

وەک ئاماژەمان پێکرد، شەڕی ئاینی ئەمجارە لە ٢٥ی ئابەوە دەستی پێکرد، کاتێک سەدان چەکدار لە  بەنگەلادیشەوە، بە شمشێر و چەقۆو  کڵاشینکۆفەوە ئاودیوی ناو کێڵگە برنجەکانی ئارکان بوون و پەلاماری چەندین ناوەندی سەربازی و  بوزییەکانیان دا، دیارە سوپای بۆرما یەکێکە لە سوپا بەھێزەکان و خاوەند ٤٨٨ ھەزار سەربازە، لەم شەڕە نا بەرابەردەدا لە روی ژمارەو جۆری چەکەوە سوپای یەقین شکان.

بە پێی ئاماری حکومەت، کۆی گشتی ٤٣٢  کەس کوژران، ٣٨٧یان لە سوپای یەقینن، ١٥ لە ھێزەکانی بۆرمین، ٣٠ کەسی سڤیل (٧ لە رۆھێنجا، ٧ ھیندۆس، ١٦ بوزی) بونە قوربانی .ھاوکات ٦٦٦٠ خانوی موسڵمانان سوتا، ٢٠١یش نا موسڵمانان، وەلێ حکومەتی بۆرمی پێی وایە رۆھێنجاکان خۆیان  خانوەکانیان دەسوتێنن بۆ ئەوەی وەک مەزڵوم دەرکەون، ھەرچی نەتەوە یەکگرتووەکانە  کۆی کوژراوەکانی بە ١٠٠٠ کەس و  ئاوارەکانیش تا ئەم چرکە ساتە بە ٢٧٠٠٠٠ کەس ژماردووە.

لە کۆتاییدا دەڵێم، بۆرما وڵاتی چەک و تاوانە، ٤٦ گروپی چەکدار لە ئاینیەوە بۆ کۆمۆنیست و ماوی  تێدایە، کە گەورەترینیان گروپی ماوی (UWSA ) کە ٢٠ بۆ ٢٥ ھەزار چەکداریان ھەبوو، ئێستا حاکمی ھەرێمی وا ن، کێڵگەیەکی  لە بارە بۆ ئەوەی سعودیە  ئەم جارە  بنەو بارگەی قوتابییەکانی بۆ ئەوێ  ببات بە ھاوکاری ئەمەریکا .

ئەگەر گریانەکە  بۆ مرۆڤایەتییە، خۆ  لە فیبرایەری ٢٠١٥ دا، ٤٠ ھەزار ھاووڵاتی بۆرمایی چینی ئاوارە بوون لە دوای پەلامارەکەی کۆکانغ، لە ساڵی ١٩٨٨یش  لە گوندی جەلەمۆردی  بناری خاڵخاڵان تەنھا لەو گوندە لاکەوتە بچوکە ٤٧٠ کەس ئەنفالکران، زیاتر لە ھەموو قوربانییەکانی ئەمجارەی بۆرما ,کەچی ئەم مرۆڤ  دۆستانە بە ئەرکی ئەخلاقی خۆیان ھەڵنەستان تا ئەو تاوانە رسوا بکەن و  یەک بەتانیشیان  بۆ ئاوارە بۆرماییە چینییەکان   نەناردو  یەک وێنەشیان بڵاو نەکردنەوە.
 
ژمارەی بینین:  421      بەروار:  10/09/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.