کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  (٣٤)مین ساڵیادی جینۆسایدی نێرینە بارزانییەکان و ھیوا و ھەوڵی دلسۆزانی کەیسی جینۆساید

(٣٤)مین ساڵیادی جینۆسایدی نێرینە بارزانییەکان و ھیوا و ھەوڵی دلسۆزانی کەیسی جینۆساید
ئاوارە حسێن
لە (١٩٨٣/٧/٣١)دا، ڕژێمی بەعسی سەددام، بە ھێزێکی گەورەوە کە پێکھاتبوون لە دەزگا ئاسایشییەکان و پاسەوانی کۆماری. گەمارۆی ھەردوو کۆمەڵگەی (قودس و قادسیە)یدا لە شارۆچکەی قوشتەپە. کە بارزانییەکانی تێدا نیشتەجێبوون، دەستیکرد بە دەستگیرکردنی نێرینەی تەمەن (١٥) پانزە ساڵان تاکو پێرەمێردی (٩٠) نەوەد ساڵان.
لە مانگی (٨)ی ھەمان ساڵ، پەلاماری کۆمەڵگە زۆرە ملێییەکانی (بەحرکەو ھەریر و دیانە)یداو نێرینەکانیان دەستگیرکرد. لە مانگی (١٠) ھەمان ساڵ، دووبارە ھەڵیان کوتایە سەر ھەردوو کۆمەڵگەی (قودس و قادسیە)، بۆ ئەو مێرد منداڵانەی کە جاری پێشوو دەستگیر نەکرابوون، و ھەموویان دەستگیر کران.
لەو پەلامارانەدا نزیکەی (٨،٠٠٠) ھەشت ھەزار نێرینەی بارزانی لە گەنج و پیر بە ساغ و نەخۆشەوە، تەنانەت ئەوانەشی کە لەڕووی دەرونیەوە تەندروست نەبوون دەستگیرکران و ژن و مناڵەکانیشیان بەبێ سەرپەرشتی و بەژیانێکی مەرگەساتی لە ئۆردوگاکان ھێشتەوە.
بە پێی بەڵگەنامەکان ئەو نێرینە بارزانیانەی کە تەمەنیان لە (١٥) پانزە ساڵ بەرەو سەرەوە بوو بۆ بەغدا گواستراونەتەوەو ڕەوانەی دادگای بەناو شۆڕش کراون و بەشێوەیەکی ڕەمەکی لە سێدارەدراون و ھەندێکی تریشیان بەشێوازی جۆراوجۆر بۆ بیابانی (بوسەیە) و لە باشووری خۆرئاوای عێراق زیندە بەچاڵکران.
سەرەڕای جینۆساید کردنی فیزیکی بارزانیەکان، ئەوەی ئازارە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکەی قوڵتر دەکردەوە و تا ئێستاش کاریگەرییە قوڵەکەی ماوە. ئەوەبوو بۆماوەیەکی درێژ لەناو ھەزاران مرۆڤدا پرۆسەی ھاوسەرگیری نەما و گۆڤەند و ھەڵپەڕکێ بوو بە خەون لە ھزر و بیری ئافرەتانی ڕزگاربووی جینۆسایدی بارزانییەکاندا.
بۆ ماوەیەکی دوور لە ئۆردووگا زۆرەملێییەکانی بارزانیەکان و دواتریش لە ئۆردووگای (قودس و قادسیە) لە قوشتەپە و لە ئۆدووگاکانی تریش (ھەریر و بەحرکە و دیانا)، ھیچ ھاوسەرگیریەک ئەنجام نەدرا. چونکە ھەموو پیاو و مێرد منداڵ و نێرینەی بارزانیەکان جینۆسایدکرابوون. تەنھا ئافرەت و منداڵ مانەوە و ئافرەتانیش ھەرگیز بیریان لە شوکردن و ھاوسەرگیری نەدەکردەوە. بەڵکو سەرەڕای لە دەستدانی خوشەویستانیان ئەرکی سەرەکیان بەخێوکردنی منداڵەکان و پاراستنی بیرو باوەڕ و کەرامەتی خۆیان بوون.
ئەوان بۆ ماوەی زیاتر لە (٢٢) بیست و دوو ساڵ لانکیان نەھەژاند و بێشکە لە ماڵە بارزانییەکان بەدەگمەن دەبینرا.
ئەوەش دەگمەن ڕوویداوە لە جینۆسایدەکانی تری دنیادا بەدرێژای مێژووی جینۆساید، کە جگە لە جینۆساید کردنیان کار بکەن بۆ تێکشکاندنیان لە ڕووی دەروونیەوە.
بەوەش ڕژێمی بەعس ویستویەتی ھێزی بەرھەمھێنەر کەم بکەنەوە، بەوەش ببێتەھۆی لەسەر خۆ جینۆساید کردنی ھەموو ئەوانەی کە جینۆساید نەکرا بوون.
ئەو جینۆسایدە پێش ئەوەی بەرامبەر بە بارزانییەکان و نەتەوەی کورد کرابێت، جینۆسایدێک بوو لە دژی مرۆڤایەتی، تا ھەموانیش نەگەنە ئەو باوەڕە، ناتوانرێت گەرەنتی قەدەغەکردنی جینۆسایدی مرۆڤایەتی بکرێت.
ئەو جینۆسایدە بەپێی ماددەی (٢)ی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەدەغەکردنی جینۆساید و سزا خستنە سەر تاوانکارانی، کە عێراق ئەندام بوو، وە ئەندامەیشە تیایدا، دەکرێت بە ڕوناکترین نمونەی جینۆساید دابنرێت، کە تا ئەو کاتە ئەنجام درابێت لە مێژووی جینۆسایددا.
لەدوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس، لە ساڵی (٢٠٠٣)وە، لە پرۆسەی گەڕان و پشکنین تا ئێستا ژمارەیەک لە ڕوفاتی بارزانییەکان ھێنراونەتەوە بۆ زێدی خۆیان و لە گۆڕستانی بارزان جارێکی تر بە خاک سپێردرانەوە. ئەو ژمارەیەش (٥٩٦) ڕووفاتن.
کەیسی جینۆسایدی نێرینە بارزانیەکان یەکێک بوو لە کەیسەکانی جینۆسایدی کورد لە دادگای باڵای تاوانکاری عێراقدا. یەکەم دانیشتنی دادگا سەبارەت بەو کەیسە لە (٢٠٠٩/٣/٢) ئەنجامدرا. پاش (٤٠) چل دانیشتن، دادگا لە (٢٠١١/٥/٣) کەیسەکەی بەپێی ماددەی (١١)ی دادگاکە کە بەپێی یاسای ژمارە (١٠)ی ساڵی (٢٠٠٥) پێکھاتبوو، بە جینۆساید ناساند، و پاش جیاکردنەوە (تمیزی) بڕیاڕەکەش لە (٢٠١١/٦/٢٠)دا بووە ھۆی ئازادکردنی تۆمەتبار (وەتبان ئیبراھیم حەسەن)، زڕبرای سەدام حسەین و سزادانی چەند تاوانبارێکی تر و دووبارە کەیسەکە بەجینۆساید ناسێندرایەوە.
ھیوا و ھەوڵی دلسۆزانی کەیسی جینۆسایدی کورد ئەوەیە کە ئەو جینۆسایدە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە جینۆساید بناسرێت، زیانلێکەوتوان قەرەبووی تەواوی زیانەکان وەربگرنەوە، تۆمەتبارانی تاوانەکە بە سزایی یاسایی خۆیان بگەیەنرێن و گەرەنتییەکی یاسایی وەربگیرێت کە بۆ ھەمیشە چی بارزانیییە قوربانی بەخشەکان و چی نەتەوەی کوردی جینۆسایدکراو ڕوبەڕوی جینۆساید نەبنەوە.
بەڵام بڕیاربەدەستانی باشوور، زۆر بێ باکانە جگە لە بەرزکردنەوە و فڕێدانی چەند دروشمێکی دووبارە و لاواز لە لەساڵیادەکانی ئەو جینۆسایدە و جینۆسایدەکانی تری کورددا، نەیانتوانی و نەیانویست و نایانەوێت ئەو کەیسە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە جینۆساید بناسێنن.
ئەوەی بڕیاربەدەستانی گەیاندە بەرزترین پۆستە سیاسیەکانی باشووری کوردستان بەرھەمی جینۆسایدەکان بوو، خوێنی گەشی ئەو کوردە بێ بەرگرییە بێ گوناھانە بوو کە بە ناھەق و ناڕەوا بە تەنھا لەسەر تاوانی کوردبوون ڕژێنران.
لە (٢٠٠٧/٦/٢٤) ئەو ڕۆژەی دادگای باڵای تاوانکاری عێراقی، کەیسی ئەنفالی بەجینۆساید ناساند، بڕیاری دەستگیرکردنیشی بۆ (٤٢٣) تۆمەتبار دەرکرد، کە (٢٥٨) تۆمەتباریان کوردن و دەستیان ھەبووە لە جینۆساید کردنی نەتەوەکەیاندا. وە دادگای باڵای تاوانکاری عێراقی بەفەرمی داوا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە کە ئەو تۆمەتبارانە ڕادەستی دادگا بکەن بۆ لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنیان. بەڵام حکومەتی ھەرێم و بڕیاربەدەستانی باشوور نەک تەسلیمی دادگای نەکردوون و بەشدار نەبووە لە ھاوکاریکردنی دادگا بۆ گەشتن بە دادپەروەری، بەڵکو ئەو تۆمەتبارانە لە ناو پارتە سیاسییەکانی باشووردا و دەزگاکانی ھەرێمدا جێگایان کراوەتەوە و پەنا دراون و جۆرە ڕێزێکیان ھەیە زیاتر لەو ڕێز و پاداشتەی کە پێشکەش بە بارزانییە قوربانی بەخشەکان و زیانلێکەوتوانی جینۆسایدی کورد کراوە.
بڕیاربەدەستانی باشوور بەوکارانەیان ئازارێکی دەروونی گەورەی ھەموو کوردێکی دڵسۆز و یاسایی و بارزانیە قوربانی بەخشەکانیان داوە، کە لەوانەیە بارزانییە ڕزگاربووەکان خۆیان ھەستی پێ نەکەن، یان ئەو ھەقیقەتە دەزانن و بەھۆکاری ئایدۆلۆژییەوە بێدەنگییان لێ ھەڵبژاردووە.
پەنادانی تۆمەتبارانی جینۆسایدی کورد لەلایەن پارتە سیاسییەکانی کوردەوە. نەک ھەر بووەتە ھۆی ئەوەی کە تا ئێستا ئەو کەیسە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە جینۆساید نەناسرێت، بەڵکو بووەتە ھۆکاری سەرەکیش بۆ ئەوەی تا ئێستا قەرەبووی ماددی و مەعنەوی زیانلێکەوتوانی جینۆسایدی کورد نەکرێتەوە.
لەم ساڵیادی جینۆسایدەوە جەخت دەکەینەوە کە تاوەکو یاسا ڕێڕەوی ئاسایی خۆی نەبڕێت، تۆمەتبارانی جینۆسایدی کورد ڕادەستی دادگا نەکرێن و بە زانستییانە کار بۆ ناساندنی نێودەوڵەتی کەیسەکە نەکرێت، ناتوانین باوەڕ بەوە بھێنین کە بڕیار بەدەستان بە ڕاستگۆیانە ھاوبەشییان کردووە لە ھەڵگرتنی ئازاری جینۆسایدی بارزانییەکان و تەواوی جینۆسایدی کورددا.
ژمارەی بینین:  922      بەروار:  02/08/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

   زیاتر
هیچ محتوای برای موضوع درخواست شما وجود ندارا‌ .
ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.