کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  با لە یادیان نەکەین!

با لە یادیان نەکەین!
هەورامان عەلی
نادیە موراد ئەو کیژە ڕوو سورە ئێزیدیە تاکوتەرایانەیە لە کوشتاری ٧٣ جاری
ئێزیدیەکاندا ، دوای لاقە و دەردەسەریەکی زۆر بە ڕێکەوت ڕزگاری بوو . ئەو بەچاوی فرمێسکاوی و قوڕگی پڕ گریانەوە ، لە درێژەی گێرانەوەی چیرۆکە تراژیدیەکەیدا دەبێژێت:
( تا ئەو ڕۆژە شومەش ، ئێمە خەڵکی گوندی کۆجۆ ، ژیانێکی ئاسایی و سادەمان ھەبوو ، سەرەڕای مەینەتیەکانی ڕۆژگار ، دڵمان بە کار و ژیان و گوندەکەمان خۆش بوو. لە ٣ مانگی ھەشتی ساڵی ٢٠١٤ داعش پەلاماری ناوچەکەمانیان دا ، ئەو گوندانەی توانیان و زوتر ھەواڵەکەیان پێگەشت، ڕووە و چیایی شەنگال ھەڵھاتن ، ئێمە نەمان توانی . داعشەکان چواردەوری گوندەکەیان داین ، پیاوەکان لە ڕێگەی تەلەفونەوە پەیوەندیان بە زۆر شوێنەوە کرد ، داوای بە ھاناوەچونیان کرد تا بتوانن ھەڵبێن ، بەداخەوە کەس نەھات بە ھانامانەوە. لەکاتی ڕەوەکا نزیکەی ٣٠٠٠ ھاوڵاتی ئێزیدی تیاچوون . کە خەڵکەکە ھەڵھات ، ژمارەیەکی زۆری منداڵ و پیر و پەککەوتە جێمان کە داعشەکان ڕەشەکوژیان کردن . ئەمیرێکی داعش ھاتە نێو گوند و ڕیش سپیانی گوندی کۆکردەوە و پێی ڕاگەیاندن تەنیا سێ ڕۆژ مۆڵەتتان ھەیە ئاینی خۆتان بگۆڕن و ببنە موسوڵمان ، دەنا ھەموتان سەردەبڕین.ڕۆژی دواتر سەدان داعش ڕژانە ناو گوند و خەڵکەکەیان بە زۆر لە قوتابخانەکەدا کۆکردەوە. لەوێ پێیان ڕاگەیاندین ئامانجی ئەوان سڕینەوەی ھەموو ئێزیدیەکانە لەسەر ڕوی زەمین. ھەر ئەو ڕۆژە ھەموو سەروەت و سامانی گوندەکەیان تاڵان کرد ، مۆبایل و شوناسنامە و گوارە و ملوانکە ھەرچی پارەیەک ھەمان بوو لێیان سەندین. پیاوەکانیان لێ جیاکردینەوە و بردیاننە دەرەوەی قوتابخانەکە. لە نێویاندا براکانی منیشی تێدابوو ، پاشان ھەر لەوێ گولەبارانیان کردن . بەشێک لە ژن و منداڵەکان لە پەنجەرەی قوتابخانەکەوە کوشتارەکەیان بینی. دواتر ئێمەیان گواستەوە بۆ گوندی سۆلاگ (سۆلاغ) . لەوێش جارێکی تر جیایان کردینەوە بۆ سێ گروپ، ئەو کچ و کیژۆلانەی شویان نەکردبوولەگەڵ ئەو ژنانەی کە گەنج بوون ، ئەو ژنانەی تەمەنیان لە سەروی ساڵەوە بوو ، منداڵەکانیش بە جیا . ئەوڕۆژە ٨٠ ژنی بەساڵاچویان لە گوندی سۆلاگ گولەباران کرد. دایکم لەنێو ئەو ھەشتا ژنەدابوو. منداڵە کوڕەکانیشیان برد بۆ سەربازگەکانی خۆیان . ئێمە ١٥٠ ژن و کچ بووین تەمەنمان لە نێوان ٩ بۆ ٢٦ ساڵیدا بوو. شەو بە پاس گواستینیانەوە بۆ سەربازگەکانیان لە موسڵ . لەوێش سەدان کیژۆڵەی تری لێبوو. ئەوان نەیان دەویست بمان کوژن چون دەیان ویست وەک کۆیلەی سێکس بەکارمان بھێنن. ویستم لە پەنجەرەیەکەوە ھەڵبێم بەداخەوە پاسەوانەکان پێیان زانیم و دەستگیر کرامەوە . ئەوان جگەلەوەی لاقەیان کردین ، دەیان فرۆشتین ، بەکرێیان دەداین. .....)
لێکۆلەرەوەی مەیدانی داود مراد الختاری ئاوا باسی چارەنوسی گوندەکەی نادیە دەکات
گوندی کۆجۆ
ڕزگاربوەکان دوای کارەساتەکەی ڕۆژی ١٥.٨.٢٠١٤ ژمارەیان ٥٧٤ لەو ژمارەیە ٣٠٣ نێر و ٢٧١ کەسیان مێن . ژمارەی گیانبەختکردو، بێسەروشوێنەکان ١٠٢٩ کەسن ، ٥٢٠ نێر و ٥٠٩ مێن .
ژمارەی خێزانەکان بە پێی ئاماری کۆپین ( بایعی) ٣٤٤ خێزانن.
کۆیی ژمارەی ئەندامانی خێزانەکان ١٧٣٨ کەسن.
ژمارەی ئەوانەی لەو ڕۆژە شومەدا لەوێبون ١٢٠٠ کەسن .
ژمارەی ئەو ژن و کچ و منداڵانەی لە ڕۆژی کوشتارەکەدا ڕفێنراون ٦٩٤ کەسن
ژمارەی ئەوانەی تائێستا چارەنوسیان دیار نیە ( نێرینەکان ) ٣٨٥ کەسن
ژمارەی دەربازبوەکان پێش کوشتارەکە ٥٣٨ کەسە.
ژمارەی ژن و کیژۆڵە ڕزگاربوەکانی دەستی داعش لە عێراق و سوریادا ٣٩٠ کەسە :
٥٩ کیژۆڵە ، ١٤٨ منداڵ ، ٩٤ ژن ، ٢٧ پیاو ( لەوانە ١٩ کەسیان لە گۆرەبەکۆمەلەکان دەربازبون)
ژمارەی منداڵە ھەتیوەکان لە خێوەتگاکاندا ٤٢ منداڵ .
ژمارەی ئەو خێزانانەی تاکە کەسێکیان ڕزگار نەبوو ٦٣ خێزان
ژمارەی ئەو خێزانانەی تەنیا کەسێکیان ڕزگاری بوو ٤٧ خێزان
ژمارەی ئەو خێزانانەی تەنیا دوو کەسیان ڕزگاری بوو ١٧ خێزان
ژمارەی ئەو خێزانانەی ھەموویان ڕزگاریان بوو ٢٥ خێزان.
ژمارەی بینین:  915      بەروار:  21/07/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

   زیاتر
هیچ محتوای برای موضوع درخواست شما وجود ندارا‌ .
ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.