کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  د.قاسملوو.. ڕەحمانی کورد، ڕێگا و بەربەستەکان لە دادگایکردنی تۆمەتبارانی کەیسەکەیدا
د.قاسملوو.. ڕەحمانی کورد، ڕێگا و بەربەستەکان لە دادگایکردنی تۆمەتبارانی کەیسەکەیدا
ئاوارە حسێن

بەھاری (٢٠٠٧) سەرگەرمی سەعیکردن بووم بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی پۆلی شەشەم، دەمویست تاقانە خەونی تا ئەوکاتەم کە وەرگیرانم بوو لە بەشی یاسا بکەم بەڕاستی. ھەر لەوکاتی سەعیکردنەدا (ئیسکۆرت بەرەو تاران- چۆن د.قاسملوو بەرەو مەرگ ڕکێشکرا) نوسینی پیتەر پلیچ وەرگێڕانی حەسەنی ئەیوب زادە، ئەو کتێبەبوو کەدوای خوێندنەوەی زیاتر ھانیدام بۆ خستنەڕووی ڕێگاکانی دادگایکردنی تۆمەتبارانی ئەو کەیسە، بەتایبەتی پاش ئەوەی پایزی ھەمان ساڵ لە بەشی یاسا وەرگیرام و وەک فێرخوازێکی یاسا دەمویست لە دەروازەکانی یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتییەوە بڕۆمە ژورەوە.

د. عەبدولڕەحمان قاسملوو سکرتێری گشتی حیزبی دیموکرات و ھاوڕێیانی لە (١٣/٧/١٩٨٩) یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان کە ڕۆژی ھەینی بوو، و لە چلەی مەرگی ئایەتوڵڵا خومەینیدا لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا لەلایەن نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەکاتی دانوستاندا کوژران.
ئەوەش پاش ئەوەی کە جەنگی عێراق- ئێران بە بڕیاری (٥٩٨)ی ئەنجومەنی ئاسایش کۆتایی پێھێنرا. حکومەتی ئێران بڕیاردا لەگەڵ د.قاسملوودا کۆببێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەک کۆبونەوەی لە ڤییەننا لەگەڵدا ئەنجامدا لە (٢٨/١٢- ٣٠/١٢/١٩٨٨) و (٢٠/١/١٩٨٩) و دواین کۆبونەوەش لە (١٣/٧/١٩٨٩).
ئەو گفتوگۆ و دانوستانانەش لە باوەڕی قوڵی د. قاسملوو بۆ بە ئاشتیانە چارەسەکردنی پرسی کورد لە خۆرھەڵاتی کوردستان سەرچاوەی گرتبوو، بەڵام نوێنەرانی ئێرانی لەبری وشە گولەیان بەکارھێناو  د.قاسملوو بە سێ گولە، عەبدوڵڵا قادری ئازەر بە یانزە گولە و د.فازیل ڕەسوڵ بە پێنج گولە کوژران و لە (٢٠/٧/١٩٨٩) لە گۆڕستانی پیرلاشێز لە پاریس بە خاکسپێردران.

ئەو تاوانە لە یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتیدا تاوانیێکی نێودەوڵەتی و دژ بە مرۆڤایەتییە. تا ھەنوکەش یەک دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی جیھان ھەیە کە تایبەتمەندی بینینی تاوانە نێودەوڵەتیەکان و دادگایکردنی تۆمەتبارانی  ھەبێت، ئەویش دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتییە، کە بارەگاکەی لە شاری لاھای ھۆڵەندایەو لە ماددەی (٧)ی یاسای دادگاکەدا پێناسەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی کردووە و سزای بۆ ئەنجامدەرانی داناوە.
بەڵام  بەربەستی بەردەم  ئەو دادگایە بۆ دادبینیکردن لەکەیسی د.قاسملوو ھاوڕێیانیدا، ئەوەیە کە بەپێی ماددەی (١١)ی یاسای دادگاکە دەسەڵاتی لیکۆڵینەوەکردنی لەو تاوانانەدا نییە کە لە پێش (١/٧/٢٠٠٢)وە ئەنجامدراون. بەربەستێکی تر ئەوەیە کە ئێران وەک دەوڵەتی تۆمەتبار ئەندامی دادگاکە نیە.

تاوانەکە لە ھەرێمی زەمینیی نەمسا (ئۆتریش) ئەنجامدراوە، بۆیە نەمسا وەک دەوڵەتێک تایبەتمەندیی و دەسەڵاتی ھەبووەو ھەیە وەک ئەرکێکی یاسایی و مرۆیی لێکۆڵینەوە لە کەیسەدا بکات و داوای ڕادەستکردنی تۆمەتبارەکان بکات و دادگاییان بکات.
بەڵام بیست و ھەشت ساڵ بەسەر ئەو تاوانەدا تێدەپەڕێت تا ئێستا دادگای تاوانکاری نەمسا نەک ھەڵوێستێکی پرەنسیپی یاسایی نەبووە لەیەکلایکردنەوەی ئەو کەیسەو پێشێلکارییە قوڵەکەی مافی مرۆڤدا، بەڵکو ھاوکاری ناردنەوەی تۆمەتباران بوو بۆ ئێران و ڕێگاشی نەداوە کە دادگا  بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی یاسایی ھەستێت.
بەوەش بەدرێژایی ماوەی ئەو تاوانە نەمسا بەرپرسیارێتی تاوانی لە ئەستۆیە، بەڵام بەرژەوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان و پەیمانە پەنجا ساڵییەکەی نێوانی ھەردوو حکومەتی تاران و ڤییەننا پرەنسیپی یاسایی و مرۆی نەمسای کۆت کردووە و ئەوەش سەلما کە پرەنسیپی لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان کە زیاتر لە سێ سەدەیە فەیلەسوفی فەڕەنسی مۆنتسکیۆ کە لە کتیبەکەیدا ،،ڕۆحی یاساکان،، جێگیری کردووە و لە زۆربەی دەوڵەتانی دیموکراسیدا پارێزراوەو کاریپێدەکرێت، لە نەمسا پرەنسیپێکە شکاوەو کراوە بە قوربانی بەرژەوەندی ئابوریی.
 
 لە ئاکامدا گەرچی ئەم تاوانە لە ناو دڵی دەوڵەتێکی دیموکراسی  ئەوروپاییدا ئە نجامدرا، بێ سزا مایەوە و کەیسە یاساییەکە تا ھەنوکە یەکلایینەکراوەتەوە.
بەڵام ئەمەش بە مانای کۆتایھاتنی مافی جوڵاندنی داوای سزایی نایەت. تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی وەک تاوانە نێودەوڵەتییەکانی تر، تێپەڕینی کات نابێتەھۆی بەسەرچوونی تاوان، بەڵکو تاوان بەرامبەرکراو زیانلێکەتوو و داواکاری گشتی ھەموو کات دەتوانن داوای سزایی لەدژی تۆمەتبار بجوڵێنن، ئەویش بە پشتبەست بە ڕێککەوتننامەی بەسەر نەچوونی تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی. بۆیە ئەرکێکی یاسایی و مرۆیی حکومەتی نەمسایە کە بە پشتبەستن بەو ڕێککەوتننامەیە و بەو پێیەی تاوانەکە لە خاکی ئەودا ڕویداوە ئەو کەیسە بجوڵێنێ و یاسا سەروەرکات. گەرچی یەکلاینەکردنەوەی ئەو کەیسە بۆ ماوەی (٢٨) ساڵ پێشێلکارییەکی قوڵی یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتییە و ڕێزنەگرتنە لە یاساسزایی و تاوانکارییە نیشتیمانیەکانی خۆی.
رێگایەکی تر بۆ دادگایکردنی تۆمەتبارانی کەیسی د.قاسملوو و ھاوڕێیانی پێکھێنانی دادگایەکی تاوانکاری نێودەوڵەتی تایبەتە، ئەو ئەرکە یاساییەش لە ئەستۆی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە.
ھاوشێوەی ئەو دادگایەی بۆ تۆمەتبارانی کەیسی ڕەفیق حەریری پێکھێنرا. ئەوەبوو ئەنجومەنی ئاسایش لە (٣٠/٥/٢٠٠٧) بەپێی بڕیاری ژمارە (١٧٥٧) دادگای تایبەتی لوبنان (رەفیق حەریری) پێکھێنا. یاسای دادگاکە لە (٣٠) ماددە پێکھاتووە وبارەگای سەرەکی دادگا لە شاری لایچیدام- ی سەر بە لاھای ھۆڵندایە. دادگا دەسەڵاتی دادوەری ھەیە بەسەر ئەو کەسانەدا کە بەرپرسن لە ھێرشەکەی (١٤/٢/٢٠٠٥) کە لە ئەنجامدا بووەھۆی کوشتنی سەرۆک وەزیرانی پێشووی لوبنان ڕەفیق حەریری و کوشتن و برینداربوونی چەند کەسێکی تر.
 لێرەدا مەبەستمە بڵێم کە ئەنجومەنی ئاسایش بۆ بەدەستھێنانی داد و گێڕانەوەی ماف بۆ کەیسی کوشتنی ڕەفیق حەریری و کوشتن و برینداربوونی چەند کەسێکی تر دادگایەکی تاوانکاری بە ستاندارد و دادوەری نێودەوڵەتییەوە پێکھێنا و بارەگای سەرەکی دادگاکەشی لە پایتەختی یاسایی دنیادا داناوە و کارەکانی بەڕێوەدەبات.
ئەو ئەنجومەنە ھەمان ئەرکی دەکەوێتە ئەستۆ بەتایبەتی کە کەیسی د.قاسملوو و ھاوڕێیانی ھیچی لە کەیسی ڕەفیق حەریری کەمتر نیە.
جەختکردنەوە و ئاواتخواستنم بۆ ئەو دادگا تاوانکارییە نێودەوڵەتییە تایبەتە کە دەخوازین نەتەوە یەکگرتووەکان پێکیبھێنێت بۆ ئەوەیە کە لە ڕێگای ئەو کەیسەوە ئازار و دۆزی ماخوازانەی کورد بۆ یەکەم جار دەچێتە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و دەرگاو دەروازە یاسایی و ویژدانییەکانی دنیا بە ڕویدا دەکرێتەوە. 
ژمارەی بینین:  733      بەروار:  12/07/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

   زیاتر
هیچ محتوای برای موضوع درخواست شما وجود ندارا‌ .
ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.