کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  نادیە موراد پەیامێك ئاراستەی حەشدی شەعبی دەكات
بەبۆنەی رزگارکردن و کۆنترۆڵکردنەوەی گوندی کۆچۆی ئێزدی نشینی سەربە قەزای شنگال ، نادیە موراد یەکێک لە دەربازبوانی چنگی رەشی داعش و باڵیۆزی نیازپاکی لە نەتەوە یەکگرتووەکان نامە پەیامێک ئاراستەی حەشدی شەعبی دەکات و، ھاوکات ھۆشداریدا لە مەترسی دابەشبوونی ناوچەکە.
نادیە موراد، باڵیۆزی نیازپاکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەپەیامەکەیدا دەڵێت “تاوەکو ئەمڕۆ گەلی ئێزدی لەبەرچاوی جیھان رووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەبێتەوە، ماوەی ٣ ساڵ لەسەر یەک داوامان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە دۆسیەی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان بەجیدی وەربگرێت و مافی بنەڕەتی کۆمەڵکوژیان پێببەخشێت”.
نادیە موراد ھەروەھا لە پەیامەکەیدا پێیوایە “ناوچە کۆنترۆڵکراوەکانی شنگال و دەشتی نەینەوا، بوونەتە گۆڕەپانی ململانێی سیاسی و سەربازی و مافی رادەربڕین بە ئێزدییەکان نەدراوە، بۆیە دەترسم ئەو ململانێیانە ببنە ھۆی دابەشبوونی شنگال بۆ سێ ناوچە یان زیاتر و ململانێکانیش لە پێناو دەستگرتن بەسەر خاک بێت نەک کەرامەتی گەلەکەم، بۆیە داوا دەکەین ناوچەکانمان کۆنترۆڵبکرێنەوە، پارێزی نێودەوڵەتیمان بۆ دابین بکرێت، دادپەروەری بچەسپێندرێت، سەرجەم تاوانبارانیش بدرێنە دادگا”.
لەبارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانیشەوە باڵیۆزی نیازپاکی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی “کۆچۆ پڕە لە گۆڕی بەکۆمەڵ، تائێستاش ٤٠ گۆڕ لەناوچەکانی شنگال و کۆچۆ دۆزراونەتەوە، دەترسم گۆڕێکی بەکۆمەڵی دیکە بدۆزرێتەوە روفاتی ٦ براکەم و ٧٠٠ کەسی دیکەی کۆچۆی تێدابێت”.
نادیە موراد گوتیشی “گوندەکەم ماوەی ١٢ رۆژ لەلایەن داعش گەمارۆدرا، داوامان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەھانامانەوە بێن سودی نەبوو، تاوەکو تاوانی کۆمەڵکوژیان لەدژ ئەنجامدرا، داواش لەو ھێزە ئەمنییەکان دەکەم پارێزگاری لە بەڵگەکان بکەن و بیانپارێزن”.
رۆژی پێنجشەممە ٢٥-٥-٢٠١٧ گوندی کۆچۆ لە سنووری شنگال لەلایەن حەشدی شەعبی کۆنترۆڵکرایەوە. بەپێی راگەیێندراوێکی حەشدی شەعبی، ھێزەکانی لیوای ٣ی حەشد گوندی کۆچۆ-یان لە رۆژھەڵاتی بەعاج لە رۆژئاوای موسڵ کۆنترۆڵکردووەتەوە.
شایانی وەبیر ھێنانەوەیە، ئامارو ژێدەرەکان ئاوا باسی کۆمەڵکوژی گوندی کۆچۆ دەکەن:
١- ژمارەمانی خانوەکانی کۆچۆ پێش داگیرکردن و کاولکردن “١٩٧ ” سەدو نەوت و حەوت خانوو بوەو “٢٤٤” خێزانی تێدا ژایاوە، کە ژمارەیان “١٧٣٨” کەس بوە بە ژن و مناڵ و پیرو پیاو گەنج.
٢- ژمارەی شەھیدو قوربانیەکانی کۆمەڵکوژی کۆچۆ کە لە ١٥-٨-٢٠١٤ لەلایەن دەوڵەتی تیرۆریستی ئیسلامی داعشەوە کراوەتە سەریان ” ٤٩٢ ” کەسن لە ژن و مناڵ و پیاوو گەنج، کۆی رووفاتی شەھیدو قوربانیەکانیش لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانی سۆلاغ و ناو گووندی کۆجۆن.
٣- لە کۆی دانیشتوانی گووندەکە، “٧٥٤” کەس لە ژن و مناڵ و پیرو گەنج رفێنراون، “١٢٨” ئافرەت خاوەن مێردو “٩٤” کچ و “١٢٨” مناڵی کوڕو “٨٤” مناڵی کچ و “٣٧” پیاو لەکۆی سەرجەم رفێنراوەکان گەڕاونەتەوەو رزگاریان بوە.
٤-تا ئێستا “٣٥” مناڵ لەلایەن داعشەوە دەستگیرکراون و لە سەربازگەی تایبەتا راھێنانیان لەسەر چەک پێدەکرێ و ھاوکات “٩” ئافرەت لەناو زیندانەکانی داعش خۆیان کوشتوە.
٥-پێش کۆمەڵکوژییەکەی گوندی کۆجۆ، “٥٤٤” کەس لە ژن و مناڵ و پیرو پیاوو گەنج، دەربازبوون و رزگاریان بوەو نەکەوتوونەتە بەردەستی داعش.
٦- پێنج “٥” کەس لە بن دەستی داعش و “٢١” کەس لە شوێنی لەیەکتر جیاواز گیانیان لە دەست داوەو بەھۆکاری جیاجیا بوون بە قوربانی.
٧-لە کۆی گشتی کۆمەڵکوژی گوندی کۆجۆ “٤٢” مناڵ بێباوک بوون و “٦٣” شەست و سێ خێزان بەتەواوی تیاچوون، ھەروەھا “٤٧” خێزان تەنھا یەک کەسیان دەرچوەو “١٧” خێزان تەنھا “٢” کەسیان دەرچوەو “٢٥” خێزان بەتەواوی دەربازبوون.
٨-تا ئێستاش “٢٨٤” کەس لەلای داعش بە زیندانیکراوی ماونەتەوە یان چارەنووسیان نادیارەو ھەر جارەی ھەواڵێک لە بارەی چارەنووسیانەوە بڵاو دەکرێتەوە.
لە ماڵپەری جینۆساید کورد
ژمارەی بینین:  1362      بەروار:  29/05/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

   زیاتر
هیچ محتوای برای موضوع درخواست شما وجود ندارا‌ .
ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.