کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  حەشد گوندەکەی نادیە موراد ئازاد دەکات


رزگاربوانی گوندی کۆچۆو چەکدارانی حەشدی شەعبی دوای  تێپەڕبوونی نزیکەی سێ ساڵ بەسەر داگیرکردنی گوندەکەدا لەلایەن داعشەوە توانیان ئازادی بکەنەوە.

جەمیل خدر لێپرسراوی مەڵبەندی شەنگال یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە PUKmediaی راگەیاند: بەیانی ئەمڕۆ ٢٥ی ئایاری ٢٠١٧، خەڵکی رزگاربووی گوندی کۆچۆی قەزای شەنگال لەگەڵ چەکدارانی حەشدی شەعبی توانیویانە گوندەکەیان ئازاد بکەنەوە کە رۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە داگیرکراوەو بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی کۆمەڵکوژ کران.

شەھید کران و رفێنران.

گوندی (کۆچۆ) ١٦ کیلۆمەتر لەباشوری شنگالەوە دوورەو گوندەکانی دەوروبەری عەرەب نشینن، بەپێی ئەو زانیارییانەی دراوەتە PUKmedia، پێش داگیرکردنی گوندەکە لەلایەن داعشەوە، ژمارەی دانیشتوانەکەی ھەزارو ٨٤٠ کەس بوون، بەڵام کاتێک تیرۆرستانی داعش لە٣ی ئابی ٢٠١٤دا داگیرکرد، ٨٥٠ پیاو و گەنج و ژن و کچی گوندەکەی رفاندو لەو ژمارەیەش نزیکەی ٤٧٨ کەسیان کۆمەڵکوژ کرد کە ٤٠٠ پیاو و ٧٨ ژن بوون، بەڵام ئەوانەی دیکە کە بێ سەروشوێنن ژن و کچ منداڵ بوون.

بەپێی زانیارییەکان، دوای رفاندنی ئەو ژمارە زۆرەی ژنان و کچانی گوندی کۆچۆ، ژمارەیەکیان توانیویانە رزگاربکرێن و ھەندێکیشیان لەدەست داعش ھەڵاتن، دیارترینیان نادیە مورادە.

دوای رزگاربوونی نادیە لەدەست داعش، ٢٠١٦/٩/١٦ لەبارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لەنیویۆرک وەک باڵیۆزی نیازپاکی جیھان دەستنیشانکرا.

لەو مەراسیمەدا کە ئەمەل کلۆنی پارێزەری نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ و پارێزەری نادیەو بان کیمیۆن سکرتێری ئەوکانەی نەتەوە یەکگرتوەکان و ژمارەیەکی زۆر لە باڵیۆزی وڵاتان ئامادەیبوون، نادیە موراد لەناو بارەگای نەتەوەکگرتووەکان چیرۆکی پڕخەمی خۆی لەماوەی سێ مانگدا لەژێردەستی داعش بۆ جیھان گێڕایەوەو داوای لەنەتەوەیەکگرتووەکان کرد ھەوڵبدات ئەو تاوانانەی بەسەر ئێزدییەکاندا ھاتووە، بە جینۆساید بناسێنرێن.

ھاوکات رۆژی ٢٠١٦/١٢/١٣ لەڕێوڕەسمێکدا کە لە پەرلەمانی ئەوروپا لەستراسبۆرگ بەڕێوەچوو، خەڵاتی ساخارۆف بەخشرایە ھەردوو کچە کوردی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش نادیە موراد و لەمیا بەشار کە ھەردووکیان خەڵکی گوندی کۆچۆن.

دوای ئەوەشی نادیە موراد وەک باڵیۆزی نیازپاکی جیھانی نەتەوەیەکگرتوەکان دەستنیشانکرا، ھەموو تواناکانی بەتایبەت سەردانی وڵاتان و سەرۆک و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بەنەتەوە یەکگرتوەکانیشەوە بۆ ناساندنی کەیسی بەجینۆسایدناساندنی کەیسی ئێزدییەکان لەسەر دەستی داعش.

 نادیە موراد بۆ گەیاندنی ئەو ھاوکاری و کۆمەکە نێودەوڵەتییانەی بەدەستیان دەھێنێت تابتوانێت بیگەیەنێتە ئاوارەو لێقەواماوانی ئێزدی رێکخراوی (یەزادای) دامەزراند، بەڵام لەسەرەتای ئەمساڵدا ھێزەکانی ئاسایشی پارتی لەشاری دھۆک نوسینگەی رێکخراوەکەیان لەو شارە داخست.

لەوبارەیەوە ئەوکاتە جەمیل نایف بەڕێوەبەری نوسینگەی دھۆکی رێکخراوی ئێزدا کە تایبەتە بە کاروباری ئێزدییەکان رایگەیاندبوو، ھێزەکانی ئاسایشی دھۆک ھەڵیانکوتاوەتە سەریان و سەرجەم بارەگاکانی رێکخراوەکەیانی داخستوین.

ئەوەشی رونکردبووەتەوە داخستنی رێکخراوەکەیان بەشێوەیەکی چاوەرواننەکراو بوو.

PUKmedia تایبەت

 

 
ژمارەی بینین:  1150      بەروار:  26/05/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

   زیاتر
هیچ محتوای برای موضوع درخواست شما وجود ندارا‌ .
ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.