کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
   ١٤-٤ ڕۆژێک بۆ ئەنفال , زوو ھەوڵی بۆدرا , بەڵام درەنگ بە فەرمی ناسێنرا
١٤-٤  ڕۆژێک بۆ  ئەنفال  , زوو ھەوڵی  بۆدرا  , بەڵام درەنگ بە فەرمی  ناسێنرا


عەلی مەحموود  محەمەد **

ئەنفال مەرگی لەسەرخۆی گەلێک بوو جار جارە لەسەر خۆو  جاری دیش شێتانە  , ئەو مەرگە زیاتر لە ٢٠٠ ڕۆژی خایاند و درێژ بوەوە  بۆ  ناو ھەموو لایەنەکانی  ژیان , ئەوەشی  بە ڕێکەوت ڕزگاری بوو لێی  , دەردو مەینەتەکانی  بەشێوەو شێوازی دی ئەنفالی کرد , ئەنفال ئەو تاوانە گەورەیەیە  شوێنەواری  لەسەر  سەرتاپای ژیانی  ئەو گەلە لە دوای خۆی دانا , ڕژێم شەوی دەدایە دەم ڕۆژەوە بۆ قەسابیکردنی لادێنشیینەکان کوردستان و سوتاندنی خاک و وێرانکردنی ئاوەدانی و وشککردنی سەوزایی و کانییەکەی و نەھێشتنی مرۆڤێک بە ناوی کوردەوە  , سوپای عێراق لە سەرباز و جاش بە خەفیفەو مەفرەزە تایبەتییەکانەوە وەک حەزییایەکش چەند سەر  لە ھەرچوار لاوە پەلاماری تەواوی لادێکانی کوردستانییان دا ,ئەوەی ڕِزگاری نەبوو  لەو ڕۆژەوە قوتیان داو ببڕیای ببڕای  نەیانمان بینییەوە . ھەموو چرکە و لەحزەو سات و ڕۆژەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە شومە , مەرگەساتێک بوو بۆ خۆی , ڕۆژگارەکانی دواشی ژیانی ناو مەرگەساتەکانی تۆپزاو و نگرەسەلمان , چاڵ و پەناگای گولەبارانکردنی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوان ھەموو مێژوییەکی دانەبڕاون لە یەکتر , مێژووییەک بوو پڕ لە یاداوەری مەرگ و تاوان, جێی خۆیەتی یادی ھەموو ئەو تاوان و کارەسات و قوربانیانە بکرێتەوە کە لەماوەی ئەو حەوت مانگەدا ئەنجام درا . ئەوەی لە ناوییا نەژییا بێت , ئەوەی بە چاوی خۆی وێنە ترسناکەکانی نەبینیبێت , ئەوەی ئێش و ئازارەکانی نەچەشتبێت , ئەوەی ڕۆژی نەدابێتە دەم شەوەوە بۆ بینینەوەی خۆشەویستەکانی , ئەوەی بە پێی خۆی ڕزگار نەبووبێت  , ناتوانێت وینەی چیرۆکەکانی ئەو مەرگە ساتە بکێشێت,ئاخر خەبالڕدانی بڕ ناکات و ناتوانێت وێنای کارەساتەکانی بکێشێت  , ئەمە لە خەونی شاعیرانە زۆر ئەولاتر و  دوورترە.
ھاوکات ناشتوانرێت ھەموو ڕۆژەکانی ئەنفال,  بکرێت بە شین و شەیپوری یاداوەرییەکانی , چونکە فەزایەک بۆ ژیان , کاتێک بۆ بیرکردنەوە و ھەنگاو نان بۆ ئایندە و دواڕوژ , زەمەنێک  بۆ ساڕێژکردنەوەی زامەکان و  ھەڵسانەوە و دەستپێکردنەوەی ژیان, چرکە ساتێک بۆ بۆ ژیانی دوا ڕۆژ نامێنێتەوە , لە بیرکردنەوەی یاداوەرییەکانیش  مانای لە بیرکردنی تاوان , لە یاد کردنی خیانەت , لە بیر کردنی مێژووی تاڵ و شکستەکانی ڕابردوو دێت , گەلێکیش ڕابردووی کارەساتەکانی لە بیر بکات , مانای ڕازییە بە کوشت و بڕەکانی داھاتووش , مانای ملکەچ دەکات بۆ زەلالەت و قەسابییەکان , لەبیرکردنی یاداوەرییەکان یانی دەست ئاواڵە کردنی داھاتووە بۆ دوبارە بوونەوەی کارەساتە  ترسناکەکان . بۆ ئەوەی داھاتوو , مەرگە سات و قەسابی کردنەکانی خۆمان لە یاد نەچێت ,بۆ ئەوەی ئێسکەکانمان لە بیابان و ناو حەوزی تێزابەکان دەرکەینەوەو تف لە حەجاج و حەجاجییەکان بکەین , پێویستمان بەوە ھەیە لە ڕێگەی یاد کردنەوەی ئەنفالەوە خۆمان وەک گەلێکی بەردەوام لە پرسە و خەبات کەر بۆ دواڕۆژێکی ڕۆشن   دانێین , گەلێک ئامادەیی ئەوەی ھەیە ڕابردووەکان خۆی بخوێنێتەوە بۆ ھەنگاوەکانی داھاتوو , ئێمە چاومان لە داھاتووە , بۆیە ڕابردوو دەخوێنیینەوە بۆ ئەوەی داھاتوییەکی ڕون و گەش دابینبکەین بۆ نەوەکانی  داھاتوو , دەنا دەزانین رابردوو بە خۆشەویستانمانەوە ناگەڕێتەوە, دەبێت نیشتمان  لەسەر  شوێنەواری  گۆرستانەکانی  ئەنفال  بنیات  بنێینەوە کە نەکرا , ھەرچەندە بوونی تاوانبارانی کورد لە ناومان بەردەوام ئازاری دەروونیمان زیاد  دە کات و یادکردنەوەکانمان کاڵە کەنەوە , بەردەوام ئازارمان دەدەن .


بۆ ١٤-٤

شێخ وەسانان و بادینان و سەردەشت یەکەم شارو ناوچە بوون,  بەر لێدانی چەکی کیمییاوی کەوتن لە کوردستان , بەڵام ھەڵەبجە کرا بە ڕۆژی شەرمەزارکردنی چەکی کیمیاوی لە کوردستان , دەشمانەوێت بیکەین  بە ڕۆژی  قەدەغەکردنی  چەکی کیمیاوی لە ھەموو جیھان , چونکە قەبارەی زیانەکانی گەورەتر بوو لە ھەمووان و تاوانەکانی تر و ناسراوتر تربوو  لەوانی پێشوتر و دواتر ھەر بۆیەشە خرایە پەرتوکی گینسەوە لە ساڵی ٢٠٠٧ ەوە . ھەموو تاوانێکی مەزن لە سەر ئاستی گەل ,  پێویستە ڕۆژێک ھەبێت بۆ یادکردنەوەی , بوونی ڕۆژێکی وا گرنگە بۆ ناوەندیدان بە یادەکە, ھەروەھا گرنگیشە بۆ  بەردەوام ھێشتنەوەی لە زەینی نەوەکانی داھاتوو و باشتر کردنی باری ژیانی ئەوانەی پەیوەستن بەو تاوانەوە و قوربانین  .  ئەنفالیش بەھەمان شێوە دەبێت ڕۆژێک تیایدا دیاری بکرێت بۆ یادکردنەوەی ئەو تاوانە کە ١٠% ی گەلەکەمانی تێدا کوشت و بڕکرا , نە یەکەم ڕۆژی و نە دوا ڕۆژی  ئەو تاوانە , تیایدا ئەو زیانە گەورەیەی  نەبووە  تا دیاری بکرێن بەو ڕۆژە , گەورەترین قەبارەی کارەساتەکە لە پرۆسەی ئەنفالی گەرمیان ئەنجامدرا ( دیاری کردنی ئەو ژمارانەی ڕژێم بۆ ئەنفالەکانی دیاریکردووە بە کارێکی باش نازانم , بەڵکە ئەنفالەکان پێویستە بە ناوی ناوچەکانیانەوە ناو زەد بکرێن).
ئەنفالی گەرمیان کە لە ڕۆژی ڕەشی ٧ نیسان یادی دامەزراندنی پارتی بەعس دەستی پێکرد و لە ٢٠-٤ کۆتایی پێھات , وەک بەعس ئاسا دڕندانەترین قۆناغی ئەنفالەکان بوو , ھەرچەندە لەم شاڵاوەیان چەکی کیمیاوی بەکار نەھات " لە تازەشار بەکار ھات " , بە پێچەوانەی ئەنفالەکانی دیکە , کە سەرجەمیان بە لێدانی چەکی کیمیاوی دەستیان پێکرد , وەلێ  پێدەشتەکانی گەرمیان ئەو جوگرافیایە نەبوو بۆ بەرەو ڕوبونەوەی سوپای بەعس و خیانەتی عەوامفریوانەی جاشەکان بونە ھۆی ئەوەی  زیانەکان گەورە بن  , لەگوندی تازە شار پێشمەرگەکانی ینک و حشع قوربانی گەورەیان دا , بەڵام نەتوانرا پێش بە ھێرشەکان بگرترێت  , قەبارەی   سوپای ھێرش بەر گەورەتر بوو لە توانای بەرەنگاربوونەوە , کە پێشر لە دوو پرۆسەی ئەنفالدا تێسرەواندنی کاریگەریان بەر کەوت, زیانی گەورەی  ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال لەپرۆسەی ئەنفالی گەرمیان و لە ڕۆژەکانی ١٣-١٤-١٥—٤-١٩٨٨دا بوو , بە تایبەتیش ڕۆژی ١٤-٤ , زیانەکانی ئەو ڕۆژانەی کارەساتەکە گەورەترین و زۆرترین زیان بوون کە بە سێیەک بۆ نیوەی کۆی قوربانیەکانی ھەموو تاوانی   ئەنفال مەزەندە دەکرێت , شەوی ١٣لەسەر ١٤ ی ٤ بازنەی ئابلوقەدانی خەڵک تەسککرایەوە , لە ملەسوورە زۆربەی خەڵکەکە تەسلیمکرانەوە , لە ڕۆژی ١٤ نیساندا لەھەردوو گوندی ملەسورەو کوڵە جۆی حاجی حەمەجان  زۆربەی خەڵکی ناوچەکە پاش تەنگکردنەوەی بازنەی ئابلوقە لەسەریان ھەموویانیان کۆکردەوە و ئەنفالیانیان کرد , جاشەکان ڕۆڵی کارایان ھەبوو لە ئەنفالکردنی ئەو خەڵکە .لەو ڕۆژەدا نزیک بە ٢٠٠٠٠ خەڵکی ناوچەکە کە بەشی زۆرییان ژن و مناڵ و پیر و پەککەوتە بوون کۆکرانەوە و بە ئیڤای سەربازی و تراکتۆرو ئۆتۆمۆبێلی ھاووڵاتییانی ئەنفالکراو گواسترانەوە بۆ قۆڕەتوو (قۆڕەتوو دەکەوێتە سنوری ناحیەی مەیدانی  شاری خانەقین, ئەم ناوچەیە لە دوای ساڵی  ١٩٧٤ ەوە تەعریب کراوە) . پاشماوەی جل وبەرگەکانییان تا ناوەڕاستی نەوەدەکانیش مابوون . بەم ھۆیەوە ١٤-٤ وەک ڕۆژێک تیایدا دڕندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال  گەیشتە ترۆپکی  تاوان ھەڵبژێردرا بە ڕۆژی ڕەشی ئەنفال ,  ڕۆژێک دەیان ھەزار ھاووڵاتی پاش ئابلوقە دان و قەتیسکردنەوەیان لە ناو بانەیەکی تەسک  لە لایەن جاشەکانەوە لە پێشیانەوە فەتاح بەگی جاف تەسلیم بە بەعسکرانەوە , بۆیە کاتێک ١٤-٤ دێتە پێشەوە دەبێت ناوی ئەو جاشانە لە پێشی پێشەوە بن بۆ دادگاییکردن ,  وە ملە سوورەش  ئەو جێگەیە  بێت تاوانبارانی  جاشی  لێ  سزا بکرێت  .

بڕیاری حکوومەت بۆ بە فەرمی ناسینی ١٤-٤ بە رۆژی ئەنفال

دیاریکردنی ڕۆژی ١٤-٤ بە ڕۆژی ئەنفال ھەنگاوێکی گرنگ بوو لەسەر دیاریکردنی ڕاستە ڕێگایەکی درووست بۆ بە جینۆسایدناسینی ئەنفال و بە مێژووکردنی و باشتر کردنی باری ژیای بەجێماوەکانی قوربانییەکانی .
ھەموو کات زیان ھەتیوەو قازانج باوکی زۆرە , کە بۆیەکمجار داواکرا ١٤-٤ بکرێت بە ڕۆژی ئەنفال  , تەلەفزیۆنی ماڵانی بۆ فرۆشرا , ڤیستیڤاڵەکانی تێکدرا , لافیتەی پێپێچرایەوە ,کەسێک خۆی ناکرد بە خاوەندی , وەلێ کە ھەوڵی بێپسانەوە دەگات بە ئەنجام , لە ھەموو لایەکەوە یەکێک دەڵێت منم , ھەموو کات خەڵکانی بەرژەوەندخواست و ھەلپەرست  لە دوای ھەوڵەکان ئامادەن ,  بە قازانجی خۆیان  دەسکەوتەکان  بدوورنەوە  , بە تایبەت  لە  ئاوھەوایەکی  وەک  ئەمڕۆ  کەیسی  ئەنفال  باشترین  ڕێگایە  بۆ بازرگانی  پێوەکردن و وەرگرتنی پلە و پۆست  .
دوای ١٩ ساڵ لە تاوانی ئەنفال , دوای ١٦ ساڵ لە ئازادبوونی کوردستان , دوای ١٢ ساڵ لە نووسینەوەی یەکەم بەیانی فەرمی کە تیایدا داواکراوە ١٤-٤ بە ڕۆژی ئەنفال بناسرێت , ھەمان بەیان لە ڕۆژی خۆیدا لە ڕۆژنامەو دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە بەربڵاوی بڵاوکراوەتەوە , دوای ئەوەی ترسی ھەڕەشەی کەس و کاری ئەنفالکراوەکان و شەرمەزاری بەرپرسان لە نەھێنانەوەی ڕوفاتی پیرۆزی کەس و کارەکانمان تۆقاندیانی , لە بەرواری  ٤-٤ -٢٠٠٧بڕیار لەسەر ئەوە درا ١٤-٤ بەڕۆژی ئەنفال بناسرێت , با پێکەوە سەیری ئەم ھەواڵە بکەین :
" پیشنیوەرۆی دوینی ٤/٤/٢٠٠٧، ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی نیچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و عومەر فەتاح جیگری سەرۆکی ئەنجومەن، لەتەلاری ئەنجومەنی وەزیراندا کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد.لەکۆبوونەوەکەدا رەزامەندیی لەسەر پرۆژەی بریاری دانانی رۆژی ١٤/٤ی ھەموو ساڵیک بەرۆژی ئەنفالکراوەکان وەرگیرا ".


چۆن ١٤-٤ بوو بە ڕۆژی ئەنفال

ئەو ڕۆژانەی ئەنفال جێی گرنگی پێدانی کەسو لایەنەکان نەبوو , شەڕ  لەسەر  کۆنفرانس  و کۆنگرە و دەعوەتنامەکان و دەرچوون  لە ڕاگەیاندنەکان  لە   ئارادا نەبوو !!! , کێشەیەکی بێ خاوەند و تا بڵێی بێکەس  بوو ,  ئەوەشی  کاری لەسەر  دەکرد بە  ئێسک  پەرست ناودەبراو  گاڵتەی پێدەکرا ,  ئەو باسکردن و کارکردنانەی ھەبوو  پەرتوبڵاو بوو . لەو ڕۆژانەدا کۆمەلێک ڕۆشنبیر و ھونەرموند و دلسۆزی ئەم گەلە , بە سکی  برسی و  ماندوەیەتی سەختی ژیانەوە , لە پاڵ نەبوونی و ھەژاری خەمی ئەنفالەکانیان لە کۆل نا و شەویان دایە دەم ڕۆژەوە بۆ بە مێژوو کردنی ئەم تاوانە و دیاری کردنی ڕۆژێک بۆی ,  تاکو  لەو ڕۆژەدا قورسایی بدرێتە یادکردنەوەی تاوانەکە , ساڵانە لە کات و ساتی خۆیدا یاد بکرێتەوە, ئەم یاداوەرییە نەمرێنرێت , لە بیری تاکەکانی گەلەکەمان بە زیندویی بمێنێت  و ببێتە ڕچەی ناساندنی لەئاستی جیھانیدا .
پێویستە ئەو مرۆڤە دڵسۆزانەی کە ھەوڵەکانیان بەری گرت بۆ دیاریکردنی ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی ئەنفال , ناویان بچێتە مێژووی بەگژا چونەوەی ئەنفال و ئەنفالچییەکان  , منیش وەک ئاگادارێکی زۆرتر  لە ھەر کەسێکی  دیکە لە بەشێکی زۆری ئەو چالاکیانەو سەرپەرشتیکردنیان , چەند دێرێک لەم یادە دەخەمە سەر کاغەز, بە داوای لێبوردن لە ھەموو ئەو ناوانەی بە بێ ھیچ ھۆکارێک لە یادیانم کردووە , تەنھا  ھۆکاریش  ئەوەیە ئاگاداری  کارو چالاکییەکانیان  نەبوومە یان ناویانم  لە یاد کردووە  , چونکە تاوانە  ڕەنجی کەسانێک لە سەرەتادا  بۆ بەمێژوو کردنی ئەنفال ھەوڵیان داوە و ڕەنجیان  داوە  , چەندە ھەوڵەکەیان  بچووکیش  بێت  لە یاد بکرێن , بەری ڕەنجی کەسانی دی , ھەوڵ و ماندوبوونی کەسانی دی ئەگەر لەگەڵیانیشدا نەبیت لە یاد.
پاش گەڕانێکی وورد بە ناو ڕۆژنامەکانی دوای ڕاپەڕین , ئەوەی کەوتە بەر سەرنجم ,یەکەم وتار لە سەر ئەو ڕۆژە  نووسرابێت و تەئکیدی  لەسەر کرابێت  بە ڕێز کاک " ڕ. خ " لە کوردستانی نوێی ژ ٦٦ نووسیویەتی ,  کە دوایی بۆم دەر کەوت ناوی بەڕێزی کاک ڕەحمان خانییە . ھەروەھا لە پەرتووکی تونی مەرگ کە بەڕێز کاک زیاد عەبدڕەحمان " نەجمەدین فەقێ عەبدوڵا" نووسیوییەتی ھاتووە (( (c.d.a.w.e) لە ساڵی ١٩٩٣ ھەمان ڕۆژی ١٤-٤ بە ڕۆژی یادکردنەوەی ھەڕەشەکانی ئەنفال داناوە ویادی کردەوە . لە ھەمان ڕۆژی ساڵی ١٩٩٤ یش دا یادی ئەو ڕۆژە لە سنووری پارێزگای کەرکووک لە گەرمییان کرایەوە , پێدەچێت ئەو ڕۆژە لە داھاتوودا ببێتە یادی قڕ کردنی بە کۆمەڵی گەلی کورد ( پەرتووکی تونی مەرگ –ل٩).لێرەدا نووسەر ئەگەرێک دادەنێت بۆ بوونی ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی یادی قڕکردنی بە کۆمەڵی گەلی کورد , نەک بە کردنی بە ڕۆژی ئەنفال( کتێبی تونی مەرگ یەکەم ھەوڵی گەورەو مانفیستۆی کارکردن بوو بۆ ئەنفال و ئازایانە ناوی ئەنفالچییەکانی بڵاو کردەوە) .
وەلێ  کاک  شێخ سدیق  لێکۆڵەر  و چالاک  لە بواری پرسی  ئەنفال دەڵێت : لە ١٤-٤-١٩٩٣  بە پشتگیری  لیژنەی پارێزگای  کەرکووکی  حیزبی  شیوعی کوردستان  و مەڵبەندی  دووی  یەکێتی  نیشتمانی  کوردستان ئەو یادە کرایەوە  لە ئۆردوگای  سمود (ڕزگاری )  , لیژنەی  ئامادەکار بریتی بوون لە   : شێخ  سدیق  , دڵشاد  تاڵەبانی  , ھێمن کەرکووکی  "سەبوور " , ئەو یادە  ڤیستیڤاڵێکی  گەورە  بوو , بەشێک  لە چالاکییەکانی بریتی بو لە  : ئەنجامدانی ڕێپێوانێک لە ناو ئۆردوگاکەوە  بۆ بەردەم قوتابخانەیەک  , ڕێپێوانەکە  بە تراکتۆر و ئۆتۆمۆبێل  نمایشی تاوانی ئەنفال بوو , لەبەردەم قوتابخانەکە  وتاری لایەنەکان خوێنرایەوە  , ڕۆژی دواتریش  لە کەلار پیشانگایەک  بەو بۆنەیەوە کرایەوە .
ڕۆژنامەکان ئەو ڕۆژانە  باشترین بەڵگە نامەن بۆ ئەوەی بزانیین ئەم ھەوڵانەی دراون بۆ دیاریکردنی ڕۆژی ١٤-٤ بە ڕۆژی ئەنفال چەند کاریگەر بونەو  جێگای خۆیان گرتوەو گەیشتوونە بە جێی مەبەست  و  توانیویانە ئەو داواکارییە  بسەپێنن.
ڕۆژنامەکانی کوردستان تاکو  ساڵی ١٩٩٥ ئ, ەو ڕۆژەیان بە ڕۆژی ئەنفال نەناساندووە , با چاوێک بە چەپکێک ناونیشان و مانشێتی ڕۆژنامەکانی ئەوکاتانە بخشێنیین .
کوردستانی نوێ ژمارە٦٦٠ ی بەرواری ١٤-٤-١٩٩٤ , لە مانشێتەکەیدا ھاتووە ( بەییانامەی م س  ینک بە بۆنەی کۆچی دوایی ھەڤاڵ ڕەسوڵ مەمەند ) , ئیتحادی ژمارە ٧٥ ی بەرواری ١٦-٤-١٩٩٤ یش ھەمان بابەتە .
الاتحادی ژمارە ١٢٧ بەرواری ١٥-٤-١٩٩٥ لە مانشێتەکەی ھاتووە , (امریکا قلقە علی حقوق الانسان خێوێا فی اقلیم الکردی بترکیا).
ڕۆژنامەی یەکگرتوو  ژمارە ٨٦ ی بەرواری ١٢-٤- ١٩٩٦ لە مانشێتەکەیدا ھاتووە : ( فرە زمانی و فرە ڕەگەزی نیشانەی گەورەیی خودان و دەبێ بپارێزرێن , ڕیسوا بێت سیاسەتی جینۆساید و قڕ کران ).
کوردستانی نوێی ژمارە ٦٦ ی بەرواری ١٤-٤-١٩٩٢ لە مانشێتەکەی ھاتووە : (سەرکەوتنێک لەگەڵ ڕژێم بەھای ئەو کاغەزەی نابێت کە لە سەری مۆر دەکرێت ).
کوردستانی نوێ ژمارە ٩٦٢ بەرواری ١٤-٤-١٩٩٥ مانشێتەکەی بریتی بوو لە : (لە ژێر ڕۆشنایی ڕاپۆرتەکەی ئەکیوسدا بڕیاربوو دوێنێ ئەنجومەنی ئاسایش پڕۆژەی فرۆشتنی بەشێک لە نەوتی عێراق پەسەند دەکات ) (ھەرچەندە لەم ژمارەیەدا بابەتی زۆر لەسەر ئەنفال لە لاپەڕەکانی ناوەوە بڵاو کراوەتەوە , لە ناویشیاندا بەیاننامەی ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکان لەسەر ١٤-٤ و چالاکیەکانی ڤیستیڤاڵی یەکەمی ئەنفالەکان )ی تێدایە .کوردستانی نوێ ژمارە ١٢٦٢ ڕۆژی یەک شەممەی بەرواری ١٤-٤-١٩٩٦ لە مانشێتەکەیدا ھاتووە( تەنھا بە دادگاییکردنی ئەنفالچییەکان ڕوحی شەھیدانمان شاد دەبێت  .
ئاڵای ئازادی  ژمارە ٦٨ ی بەرواری ١١-٤-١٩٩٣ دا لە مانشێتەکەی ئەمەی خوارەوە ھاتووە : بە سەرخستنی دەست پَشخەری pkk , بەرنامەی ھاوبەش و ھاوکاری سیاسی ,ئەرکێکی نەتەوایەتییە .
بەڵام لە ئاڵای ئازادی ژمارە ١٦٦ ی بەرواری ١٦-٤-١٩٩٥ دا ھاتووە (ئەنفال بەڵگەی خۆڕاگری میللەتەکەمان و دڕندەیی دوژمنانە ).
لە بۆ پێشەوەی ژمارە ١٨ ی نیسانی ١٩٩٥ (با یەکی ئایار بکەینە ڕۆژی بەرپاکردنی بزووتنەوەی شورایی جەماوەری بۆ کۆتایی ھێنان بەشەڕ و برسێتی , ھاوکات بابەتێکی بچوک لە سەرەوە نوسراوە بە ناوی (کارەساتی ئەنفال  و وەحشییەتی ناسیۆنالیزم).
ھەرچی ڕۆژنامەی برایەتی ژمارە ١٩٢٠  بەرواری ١٤-٤-١٩٩٤ ە لە مانشێتەکەی ھاتووە (ھێژا مسعود بارزانی لە پرسەی خوالێخۆشبوو رسول مامەند ئامادە دەبێت ) , ھەرچەندە پەیامی برایەتی لەسەر کارەساتی ئەنفالە , بەڵام ھیچ ئاماژەیەک بە بەرواری ١٤-٤ وەک ڕۆژی ئەنفال نەکراوە . بەڵام لە ڕۆژنامەی ووڵاتی بەرواری ١٥-٤-١٩٩٦ ژمارە ١٥١ دا ھاتووە (یادی  ئەنفالەکان ھاندەرێکە بۆ سوور بوون لەسەر خەبات). ھەرچی ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستانی ژمارە ٢ ی ساڵی ٤٨ ی ساڵی ١٩٩٢ ھاتووە(پڕۆژەی بەڵگەنامەی بەرنامەی..) , ھەرچی ژمارە ٩٤ی بەرواری ١٢-٤-١٩٩٣ ھاتووە (ھەلومەرجی کوردستان وا دەخوازێ کە بە پەلە ھەوڵی بەستنی کۆبونەوەی سەرکردایەتی سیاسی بەرەی کوردستانی بدرێ) . ھەرچی ڕێگای کوردستانی ژمارە ١٠٤ ی بەرواری ١٩-٤-١٩٩٤دا ھاتووە (بە بۆنەی یادی شەشەمین ساڵڕۆژی شاڵاوی ئەنفالە بەدناوەکان پێویستە بایەخێکی زیاد بە ١٨٢٠٠٠ ئەنفالکراوو کەس و کارەکانییان بدەین ).
سەرباری ئەوەی بابەتی ڕێگامان لەسەر ئەنفالە . بەڵام ڕێگای کوردستانی ژمارە ١٥٢ ی بەرواری ١١-٤-١٩٩٥ لە مانشێتەکەی ھاتووە (١٤ ی نیسان ساڵگەردی ئەنفالە شوومەکان و ڕەمزی گەورەترین تاوانی سەدام دژ بە گەلەکەمان )(ڕۆژی ١٤ نیسان ڕۆژێکی ھەرگیز لە یاد نەچووە لە بیرو ھزری َڕۆڵەکانی گەلەکەمان . ئەم ڕۆژە ھێمایەکە بۆ گەورەترین تاوان کە ڕژێمە شۆفینیستییەکەی سەدام دژ بە گەلەکەمان ئەنجامی دا ). بەم جۆرە دەبینیین لە ساڵی ١٩٩٤ ەوە  لە مانگی نیسان باسی ئەنفال کراوە , بەڵام لە ساڵی ١٩٩٥ ەوە جەخت لەسەر دیاریکردنی ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی ئەنفال کراوەتەوە .
لە ساڵی ١٩٩٤ دا لە ژێر درووشمی (دیاریکردنی چارەنووسی ئەنفالکراوەکان ) کۆمیتەی باڵای یادکردنەوەی ڕۆژانی ئەنفال لە یادی ٦ ومین ساڵەی کارەساتی ڕۆژانی ڕەشی ئەنفالە بەدناوەکانی بەعس . لە ڕۆژانی ١٤-١٥-٤-١٩٩٤ زنجیرە چالاکییەکی لە کەلار و سمود ئەنجامدا , لیژنەی سەرپەرشتی یادەکە لە لایەن مەڵبەندی کەرکوکی ینک و ھاوڕێیانی حشکع- کەرکووک و یەکێتی ھونەرمەندانی کوردستان سازدرا بوو (ک ن ١٨-٤-١٩٩٤ ژمارە ٦٦٣).
لێرەدا پێویستە  ئەوە ڕابگەیەنین  لە ساڵانی  ١٩٩٥  و ١٩٩٦  ,  بە داواکاری  ئێمە  لە ڕاگەیاندنەکان  ١٤-٤  وەک ڕۆژی ئەنفال  ناسێنرا و چووە  مانشێتەوە  , پاش  سەردانیکردنی  ھەر ھەموویان  .
 کاک سەردار عەبدللە یەکێک لە چالاکوانانی ئەوکاتی ئەنفال  پێی  ڕاگەیاندم :  بۆ سالی دواتر مەبەستی ساڵی ١٩٩٦ ە ,  کە بینیمان لە ١٤-٤ لە ھەولێر یادی ئەنفال بە بەرففراوانی کرایەوە , ئێمەش  لەوە بە دواوە سور بوین لەسەر دیاریکردنی  ١٤-٤وەک ڕۆژی ئەنفال .
نابێت ئەوەش لە یاد بکەین لە ئایاری ساڵی ١٩٩٤ شانۆگەری وەرزێکی شووم پێشکەشکرا کە بەڕێزان فەخرەدین گەرمیانی و خاڵە حەمرین (یادی بەخێر) و لالۆ ڕەنجە و کۆمەڵێک دڵسۆزی دیکە ڕۆڵیان تێیدا ھەبوو , گوزارشتی لە تاوانی ئەنفال دەکرد , وەلێ بە ئامانجی دیاریکردنی ١٤-٤ نەبوو بە ڕۆژی ئەنفال و لەو ڕۆژەشدا نمایش نەکرا  .
بانگەوازی ڤیستیڤالی یەکەمی ئەنفالەکان لە ١٢-٣ بۆ ئەنجام دانی یەکەم ڤیستیڤال  لە ھەولێر بڵاو کرایەوە , کە لە ١٤-٤ ڤیستیڤاڵەکە بۆ ماوەی یەک ھەفتە لە ھۆلی  مدیا بەردەوام بوو,ئەم بەڕێزانە ڕۆلیان لە ئامادە کردن و سەرکەوتنی گێڕا ((محمد ملا سدیق –لالۆ ڕەنجدەر –سەدرەدین خۆشناو-فاتیح شەیدا-کەریم غەفور " کەریمۆک" –قادر نادر-فریاد ھیرانی-ئاشتییە سور " دارا و پایزە" " ئەمڕۆ" , محەمەد مشیر  -ھاوار مستەفا-سۆزان مامە-بدرالدین سالح-نیھاد دزەیی-کەریم سەرکەش-ھەردی سەردەم –دەشتی سەردەم – فەلاح حەسەن –عادیل قەشقە- -مامۆستا ڕەحیم-عوسمان عمر( عوسمانی  خەتم ) -ڕزگار مام بۆرە- مامۆستا فرھاد خالید-نھاد جامی –تەحسین فایەق-ئاوارە خان-کەریم مەلا-مامۆستا کمال غەمبار- ھونەرمەند محەمەد ئیسماعیل- پارێزەر دلێر محەمەد شەریف -سەلاح مەزن-ئەندازیار عەبدالڕەحمان سدیق- ئازاد سلێمان و ھاوکار و ھێمن حەساری و شەفیق حاجی خدری و  کنێر و شەوقی دارەتوو و جەماڵ شوشە و عەدنان کۆچەر و ........ھتد  .ھەروەھا بەڕێزان ڕزگار شوانی و ڕزگار حەساری و فواد سدیق  لە ڕێگای کوردستان و کاک ستران عبدللە و کاک دلشاد عبدللە و ئیسماعیل عەبدالکەریم لە کوردستانی نوێ و کاک غازی حەسەن و ئیدریس شەیداھۆ  و کاک بێکەس  حەمەد قادر  لە ئاڵای ئازادی بەشداری کاریگەریان کرد لە  ڕێگەی ڕۆژنامەکانیانەوە , بەوەی کاریگەریان لەسەر ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنەکانیان دانا بۆ ئەوەی ١٤-٤ وەکو ڕۆژی ئەنفال بناسن و گرنگی پێبدەن و  مانشێتی  لەسەر  دابنێن وێڕای لە چالاکییەکانیشدا رۆڵیان ھەبوو  .
بۆ سالی دواتر جگە لەو بەڕێزانەی ناویان لە ڤیستیڤاڵی یەکەمدا ھاتووە ,  بەڕێزان سەرھەد تۆفیق –شوان داودی –غازی حەسەن- گرفتار کاکەیی- ھەردوو مامۆستای ھێژاو تێکۆشەر  خالید دلێر و سەعید ناکام  و  محەمەد ساڵەیی و ھەندرێن حەمەدەمین شەقڵاوەیی و پاڵەی خالید دلێر و ھیوا ناسیح و ئەسکەندەر جەلال و فەرحان  و خالید کاوێس و ئازاد و ,,,, ھتد .ئەو ساڵە بە داواکاری ئێمەو بە ھاوکاری  بەڕێز کاوە نادر  پارت و ڕێکخراوە سیاسی و ڕۆشنبیرییەکان دەیان بەیاننامەیان لە ٧-٤  ەوە دەرکرد بە بۆنەی ١٤-٤ و ناساندنی وەک ڕۆژی ئەنفال ,  لەوە بە دواوە ئیتر ١٤-٤ وەک ڕۆژی ئەنفال بو بە ئەمری واقیع چ لە بواری سیاسی یان جەماوەری .
ساڵی ١٩٩٥ یەکەم بەیاننامە بە بۆنەی ١٤-٤ ڕۆژی ئەنفال, ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی کوردستان و دواتر دەزگای ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکگرتووی کوردستان دەریان کرد , ھەرچەندە لە بەیاننامەکەی یەکگرتوودا ھاتووە (ئێمە لە ئاوا ڕۆژێکدا کە یادی ئەو کارەساتە بێ دینی یە دەکەینەوە ,داوا لە ھەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندنمان دەکەین , کە وەک تاوانە جینۆسایدییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست و , جەنگە جیھانییەکان و ,کارە بە کۆمەڵ کوژییەکانی ستالین و ھیتلەر , لە قەڵەمی بدەن و ,گڵاوی نیازی ڕژێم لە بەکارھێنانی وشەی (ئەنفال)ڕسوا بکەن و , وشەو زاراوەیەکی بۆ بەکار بێنن کە ڕێسی پیلانی ھەڵوەشێنێتەوە – بەشێک لە بەیاننامەی مەکتەبی ڕاگەیاندن بە بۆنەی یادی کارەساتی بەناو ئەنفالەوە – یەکگرتوو ژمارە ٣٧ ) , دیارە ئەم ھەوڵەش لە لایەکەوە دڵسۆزییە بۆ پرۆسەکە , لە لایەکی دیکەوە بەشێک بوو لە نەخشەکانی پارت و لایەنە ئیسلامییەکان بۆ سڕینەوەی وشەی ئەنفال , نە چەسپینی لە کۆمەڵگای کوردەواریدا , کە بە بڕوای ئەوکاتی ئەوان  لەگەڵ بەھا ئاینییەکاندا ناھاتەوە .
ساڵی ١٩٩٦ بەھۆی سەرکەوتن و دەنگدانەوەی ڤیستیڤاڵی یەکەمی ئەنفالەکان ھەوڵەکان گەورەترەوە بوون  , بە ھەوڵ و کۆششی ڕێکخراوی ئاوارە و ئەنفالەکان لیژنەی سەرپەرشتی لە ھەولێرو شەقڵاوە دروست کرا ,ھەروەھا داوا لە حزب و ڕێکخراوە سیاسی و جەماوەری و ڕۆشنبیرییەکان کوردستان کرا , بەیاننامە بەبۆنەی ١٤-٤ دەربکەن و لافیتە لەو یادەدا ھەڵواسن , تاکو  شاری ھەولێر سیمای ئازییەت باری بە خۆوە بگرێت ,  لە ساڵی ١٩٩٦ لیژنەی کاری ھاوبەشی حیزبە کوردستانیەکان لە ١-٤ ەوە بەیاننامەی ھاوبەشیان دەرکرد لەسەر ١٤-٤ و ناساندنی وەکو  ڕۆژی ئەنفال , کە لە ٧ حیزبی کوردستانی پێک ھاتبوون , سەرباری ئەم لایەنانەی خوارەوە : بزوتنەوی موسڵمانانی کوردی فەیلی –سەرکردایەتی شۆڕگێڕ -–حزبی اتحادی تورکمانی--کۆمەڵەی جوێلۆجی کوردستان-یەکێتی مامۆستایانی کوردستان-یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان-ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی کوردستان-حزبی سۆسیالستی کوردستان-یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان-دەستەیەک لە ڕابەرانی بزووتنەوەی کرێکاری-کۆمەڵەی ڕوناکبیری کۆمەڵایەتی گەرمەسێر . سەرباری ئەوەی دەیان پارت و ڕێکخراوی سیاسی لافیتەیان بە داواکاری ئێمە لەناو ڤیستیڤاڵەکەو شەقامەکانی ھەولێر و بەردەم بنکەو بارەگاکانییان ھەڵواسی , ئەو بایاننامانەش بە سوپاسەوە بە داواکاری ئێمە دەرکراون  .
لە بواری ڕاگەیاندندا ڕۆژنامەکانی ووڵات , ئاڵای ئازادی , یەکگرتوو , پاڵە مانشێتەکەیان لەسەر ئەنفال بوو ,ڕێگای کوردستانیش سەرتاپای بە ڕەش دەرچوو و مانشێتەکەشی لەسەر ئەنفال بوو .
ئەم بروسکەی پشتگیرییانەش گەیشتنە بەڕێوەبەرانی ڤیستیڤاڵەکە : ( دەستەی ڕۆژنامە نووسانی ئازاد-حزبی الاتحادی تورکمانی-مکتب سیاسیی-- تیپی شانۆی نیشتمان-مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکرتووی ئیسلامی کوردستان-حزب الاخاء تورکمانی –مکتب سیاسی-- بزاڤی خوێندکارو لاوانی کوردستان-سکرتارییەتی باڵا-- حیزبی ڕزگاری کوردستان-مەکتەبی سیاسی -–مەڵبەندی ڕۆشنبیری میزۆپۆتامییا-یەکێتی پێشەنگانی کوردستان-کۆمەڵەی جەنگاوەرانی پێشەنگی کوردستان-کۆمەڵەی جیۆلۆجی کوردستان-یەکێتی بێکارانی کوردستان-کۆمەڵەی ئاوارەکانی کوردستان-ڕێکخراوی جیھانی بۆداکۆکی کردن لەمافی مرۆڤ(ئەمینداری گشتی)-بزوتنەوەی ڕۆشنبیرانی ئاشتیخواز-ھەولێر—کۆمەڵەی نەتەوەیی کورد-مەڵبەندی چوار—کۆمیتەی ڕێکخستنی ھەولێری حیزی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق—کۆمەڵەی فەرھەنگ و ئاوەدان کردنەوەی باڵەکەیاتی—یەکێتی ژنانی کوردستان-مەکتەبی سکرتاریەت—ئەنجومەنی پارێزەرانی کوردستان—تیپی شانۆی ڕۆژی نوێ—بزووتنەوی دیموکراتی گەلی کوردستان—کۆمەڵەی زیندانیە سیاسییەکان—مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی جوتیارانی کوردستان—خوێندکارانی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان—کۆمیتەی پارێزگای ھەولێری حیزبی شیوعی کوردستان—کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیرانی شاری ھەولێر—کۆمیتەی تایبەتی مەکتەبی سیاسی  ی ن ک—خوێندکارانی پەیمانگای ھونەرە جوانەکان—ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی کوردستان—لەشکری ١٦ دەشتی ھەولێر ینک—تیپی شانۆی حەمرین—کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان—ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ لە کوردستان (کوردستان ۆچ)—ناوەندی ھەولێری پارتی کاری سەربەخۆیی کوردستان –ڕادیۆی ڕێگای کوردستان—ڕێکخراوی تێکۆشانی ڕەنجدەرانی کوردستان—ڕێکخراوی ڕەوتی بەلشەفیک—یەکێتی گشتی قوتابییانی کوردستان).
ئەم لایەنانەی سەرەوە ناویان ھاتووە , زۆربەشیان بە ھەڵواسینی لافیتە لە دەرەوەی ھۆڵی ڤیستیڤاڵ بەشدارییان کرد , شاری ھەولێر تا ئەوکاتە ھیچ بۆنەیەکی وای تێدا نەکرابوو , ھێندە لافیتەی تێدا ھەڵبواسرێت بە درێژایی چەندین کم بەملاو ئەولای ھۆڵی میدیادا , سیمای  ئازییەت باری  گشتی بەخشی بە شار ئەو چەند رۆژە.
ئەم لایەنانەی خوارەوەش تەنھا لافیتەیان لە ڤیستیڤاڵەکەدا ھەبوو : ( بیرۆی پارتی کاری سەربەخۆیی کوردستان- یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان- ڕۆژنامەی ووڵات-ڕۆژنامەی شمس وەتەن-حیزبی شیوعی عێراق-پارتی کرێکارانی کوردستان-لیژنەی پارێزگای کەرکوکی حیزبی شیوعی کوردستان-یەکێتی ئافرەتانی زەحمەتکێشان-لقی ھەولێری حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان-کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان-ڕادیۆی نیشتمان-حیزبی شیوعی کوردستان مەکتەبی سیاسی-کۆمەڵەی ڕوناکبیری کۆمەڵایەتی کەرکووک- کۆمەڵەی ڕوناکبیری و کۆمەڵایەتی گەرمەسێر –مەکتەبی مافی مرۆڤی ی ن ک-یەکگرتووی خوشکانی ئیسلامی کوردستان) , ھەروەھا ئەم ھونەرمەندانەش بە تابلۆ بەشدارییان کرد لە پیشانگای کورد قڕان : (جوھەر محەمەد خدر-دارا محەمەد عەلی-دلێر محەمەد شەریف—سلێمان شاکر—سەربەست عومەر—سۆران-جعفر محمد غریب-جماڵ مشیر-عبداڵلە سەراج-فیسەڵ عوسمان-کامران – ڕزگار فقێ عبداڵلە-ئازاد ئەنوەر-گرفتار کاکەیی)(چارەنووس ژمارە ٢ –حوزەیرانی ١٩٩٦) *.
دیارە ئاماژەم بە زۆر ناو دا , کەسانی تێدا بوو وەک بەدرەدین حەمەساڵەح و کاک نیھاد دزەیی و سەرھە تۆفیق  کە زۆر ماندوو بوون , کەسانی دیکەش بەشدارییەکی ڕەمزییان کرد , پشتیوانییەکی مەعنەوی بوون بۆ یاداوەرییەکە .
ھەرچەندە ڤیستیڤاڵی دووەم یاساغکرا و ڕێگە لە ئەنجامدانی گیردرا لە شاری ھەولێر ( بەھۆی بەرپرسانی ئەوکاتی دەزگای روناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکوک , ئەو یادکردنەوەیەشیان لێمان بە رەوا نابینی و دژ بە دیاریکردنی ١٤-٤ بوون بە رۆژی ئەنفال) , وەلێ کە مەممنوع کرا زیاتر مەرغوب بوو و دەنگدانەوەی زیاتری بوو, ڤیستیڤاڵە کارتۆنییەکەی ئەوانیش دەیان جار ئیمکاناتی زیاتری بۆ تەرخان کرابوو چۆڵ و ھۆڵ بوو) .
گرنگ ئەوەیە پەیامەکانی یادەکە  چەسپی و لە کۆتاییدا ڕۆژێک دیاریکرا بە ڕۆژی ئەنفالکراوەکانمان کە ١٤-٤  بوو , لەو ڕۆژەدا خەم و داواکارییەکانمان یەک دەخەین , بە چاو بۆ ئازیزانمان دەگرێین , بە بیر ڕێگایەک دەدۆزینەوە بۆ بە بە مێژووکردنی , بە دەست  و دەنگێکی بەرزیش ئازایانە دەڵێین سەرجەم تاوانکاران بێجیاوازی بۆ بەردەم دادگا ,  پەیامەکانی  ١٤-٤  لە بەجینۆساید ناسینی  ئەنفال  و  بە دادگایی  گەیاندنی تاوانباران و باشتر کردنی باری ژیانی قوربانیان  ھەر  دەگاتە  بەر  .

•    ھاوکات چالاکیەکانی ڤیستیڤاڵی یەک و دوو بە سکانەر وەک خۆی بڵاو دەکەینەوە .
** دامەزرێنەر و سکرتێری پێشووی ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی کوردستان.

 
یەکەم کۆبونەوە بۆ سازدانی یەکەم ڤیستیڤاڵی ئەنفال

ژمارەی بینین:  1939      بەروار:  11/04/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

   زیاتر
هیچ محتوای برای موضوع درخواست شما وجود ندارا‌ .
ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.