کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  ئەو کەسانەی لە زیندانەکانی ڕژێمدا لە تاوانی ئەنفالدا لە دایکبوون


ڕۆژنیوز - ئاشتی ئەحمەد
 
لە تاوانی ئەنفالدا، وەک خۆیان دەڵێن تەنھا چوار کەس ھەیە، کە لەزیندانەکاندا لە دایکبوون و لە ژیاندا ماون، ئەوانی دیکە مردوون بەھۆی خراپی ڕەوشی زیندانەکانەوە، سێ لەو منداڵانەش لەڕێگەی ڕۆژنیوزەوە داوای دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە کەسوکاری ئەنفالکراوان دەکەن و وەک ساڵانی پێشوو داوای دادگایی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە و ھاوکارانیان دەکەن.
 
لە ھەرێمی کوردستان ١٤ی نیسانی ھەموو ساڵێک یادای تاوانی ئەنفال دەکرێتەوە، کە لە لایەن ڕژێمی پێشوی بەعسەوە نزیکەی ١٨٢ھەزار کەس ئەنفالکران، ساڵانە سەرەکیترین داواکاری کەسوکای ئەنفالکراوان و ئەوانەی ڕزگاریان بووە لەو تاوانە، دەستگیرکردن و دادگاییکردنی ئەو بەکرێگیراوانەیە کە لەسەردەمی ڕژێمدا ھاوکارییان کردوون بە تایبەت لەو تاوانەدا، بەڵان تا ئێستا حکومەتی ھەرێم نەک دادگایی نەکردوون، بەڵکو لە زۆر شوێنی ھەستیاردا پۆستی باڵایان پێدراوە.
 
خەمبار سەروەر محەمەد، کە ئێستا دانیشتووی شارۆچکەی  چەمچەماڵەو لەساڵی ١٩٨٨ کاتێک بەرشاڵاوی ئەنفال کەتوون لە ‌سنوری شارەدێی جەباری، باوکی ئەنفالکراوە ئەو لەناو زیندانی دوبز لەدایکبووە، بۆ ڕۆژنیوز دواو وتی: ھیچ شتێکمان بۆنەکراوە تەنھا لەرووی نوسینەوە لەلایەن ئیسماعیل ھەنارەیەوە کاریان لەسەر کراوە، بۆیە لە ‌زۆر ڕووەوە وەک لایەنی ماددی و مەعنەوی ھیچمان بۆ نەکراوە،‌ لەو ڕۆژەوەی لەزیندانەکە لەدابووم دایکم نەخۆشکەوتووە،‌ تا ئیستا بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنێت، بۆیە پێویستە حکومەت ھاوشیوەی ھەڵەبجەی شەھید بەڵێن بدات بەکردنەوەی نەخۆشخانەیەکی تایبەیت بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان لەسنورەکەدا.

خەمبار، ڕەخنەی ئاراستەی ڕێکخراوەکانی بواری ئەنفال کرد و ئاماژەی بەوەکرد، کە نەیانتوانیوە وەک پێویست خزمەت بکەن و ھیندێک کات بوونەتە کۆسپیش لەبەردەمیاندا بۆ ئەوەی پەیام و داوکارییەکانی  خۆیان بگەیەننە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار.
 
دەربارەی داواکارییە ھەمیشەییەکایان کە دادگاییکردنی جاش و مستەشارەکانە، خەمبار وتی: بڕوامان بەدادگاکان نەماوە،‌ بەداخەوە لەبری ئەوەی ھەندێک کات دادگایی بکرێن خۆم خەڵکم بینیوە دەستی لە ‌تاوانی ئەنفالدا ھەبووھو خەڵات کراوە.
 
یەکێکی دیکە لەو کەسانەی کە لەساڵی ١٩٨٨ کاتێک بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتوون و لە ‌زیندان لەدایکبووە، ھەژار غازی عزیز-ە، بۆ ڕۆژنیوز قسەیکردو وتی: لە ‌سنوری گوندەکانی شارەدێی تەکیەی جەباری خێزانەکەمان بەرشاڵاوی ئەنفال کەوتووە، ١١ کەسی نزیکم ئەنفالکراوەو خۆمیش لەساڵی ١٩٨٨ لەزیندان لەدایکبووم، داواکاریمان دادگاییکردنی جاش و مستەشارەکانە کە دەستیان لەو تاوانەدا ھەبووە،  بەڵام بەداخەوە لەم حکومەتی ھەرێمەدا لەبری دادگایی کردن پۆست و پلەیان پێدەدرێت.

ھەژار داوادەکات نەخۆشخانەیەکی تایبەت بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان لەسنورەکە دروستبکرێت، ھەروەھا دروستکردنی ناسنامەیەکی تایبەت بۆ ئەو منداڵانەی کە لەپرۆسەی ئەنفالدا لەزیندان لەدایکبوون، کە بەقسەی خۆیان لەسەر ئاستی ھەرێم تەنھا ئەو چوار منداڵەن کە لەزیندان لەدایکبوون، ئەو وتیشی: تا ئیستا ئەو مامانەی لەزیندان بەبەرد ناوکی بڕیوم بەھۆی نەبوونی ھیچ ئالەتیکەوە،‌ لە ‌ژیانداماوە.
 
نەجات ئازاد سابیر یەکێکی دیکەیە لەو کەسانەی لەپرۆسەی ئەنفالدا لە ‌زیندانی تۆپزاوە لە ‌دایکبووەو باوکی بەرشاڵاوی ئەنفال کەوتووە،‌ بە ڕۆژنیوزی وت: سەردانی وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەفالکراوانمان کردووە پێمانوتووە کە چوارکەسن لەزیندان لەدایکبووین، بۆ ئەوەی ناسنامەیەکی تایبەتمان بۆ بکەن، بەڵام وەزیر لەوڵامدا پێی وتوون بەچی بزانن کە وایە، بۆ راستکردنەوەی قسەکانیشی نەجات دەڵێت: شاھید و بەڵگەمان ھەیە.

نەجات، وەک ھاوڕێکانی دیکەی ھەمان داواکاری ھەیە وەک دروستکردنی نەخۆشخانەیەک بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان و ئەوانەی ڕزگارییان بووە، بۆ ئەوەی ناچارنەبن بۆ نەخۆشی خەڵکی خێرخواز ھاوکاریان بێت یاخود قەزربکەن و بڕۆن بۆ دەرەوە بەمەبەستی چارەسەر.
 
ڕژێمی پێشووی بەعس بەمەبەستی قڕکردنی گەلی کورد لە ‌باشوری کوردستان، بەسوپایەکی زۆرەوە لەژێر ناو نیشانی ئەنفالدا لەمانگی شوباتی ساڵی ١٩٨٨ دەستیکرد بە ‌لە ‌ناوبردنی ژن و پیرو منداڵ و گەنجی کورد لە ‌پرۆسەیەکدا بەناوی ئەنفالەوە،‌ لە ‌مانگی ئەیلولی ھەمان ساڵدا کۆتایی ھاتوو بە ھەشت قۆناغ بەرێوەچوو، بەپێی ئەو ئامارانەی خراونەتە ڕوو، لەو تاوانەدا ١٨٢ ھەزار ھاوڵاتی بێ جیاوازی ڕەگەزو تەمەن ئەنفالکران و نزیکەی پێنج ھەزار گوند خاپورکراو لەگەڵ سوتاندنی ھەزاران ڕەزو باخ و پڕکردنەوەی کانیاوو بیرەکان.
ژمارەی بینین:  1132      بەروار:  10/04/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

   زیاتر
هیچ محتوای برای موضوع درخواست شما وجود ندارا‌ .
ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.