کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  شەھیدانی گوردانی شوان بێنازترین قوربانیانی ھەڵەبجە

شەھیدانی گوردانی شوان بێنازترین قوربانیانی ھەڵەبجە
عەلی مەحمود محەمەد
لێرەدا باسی چۆنییەتی روداوەکەو غافڵگیرکردنیان و ئاگادارنەکردنەوەیان لە ھێرش بۆ سەر ھەڵەبجە ناکەم , کە ئەم پۆلە پێشمەرگەیەیان کردە پاروی چەوری کۆماری ئیسلامی ئێران , , ئەوەم لە بابەتێکی ورو درێژی دیکەدا باس کردووە, ھەموو دەیسەلمێنن کە پێشتر لە ھێرشە ھاوبەشەکەی پێشمەرگەکانی ( ینک ,پدک , حسک , بزوتنەوەی ئیسلامی و مەجلس ئەعلا) ئاگادار نەکراونەتەوە , لێرەدا تەنھا دەمەوێت باسی مەغدوری ئەم ٧٢ شەھیدەی گوردانی شوانی سەر بە ھێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە تاوانی ھەڵەبجە بکەم , کە تا ھیچ حیسابێکیان بۆ نەکرا , نە لە ریز بەندی ناوی شەھیدانی تاوانی ھەڵەبجە , وە نە لە قەرەبووکردنەوەیان و بە شەھید ناسینیان , وە نە لە دادگای تاوانەکانی عێراقی بە قوربانیانی جینۆساید , بگرە لە دادگای فرانس ڤان ئانرات لە ھۆڵەنداش بەھەمان شێوە مانەوە , بە فەرمیش لە باشوری کوردستان نە مۆنمێنتی یاداوەریان بۆ دروستکراوە , نە لە رۆژی گیان بەختکردنیان یادیان کراوەتەوە , نە داوای لێبوردنیان لێکراوە , نە روفاتەکانیان دراوەتەوە بە کەسوکاریان .
لە دادگای تاوانەکانی عێراقی زۆر ھەوڵمدا لە گەڵ کاک حاکم کامیل کە دۆسیەکە بجوڵینێت , ھەنگاویشی نا, دواتر لە خودی دادگاکە ستۆپی پێکراو باسی لێنەکرا, ئەوە نییە پارێزەرانی دۆسیەکەش قسەیەکی لەسەر بکەن, ھەرچەندە لەو ماوەیە چەندین بانگەوازمان کرد , لێ لەبەر ئازاد نەبوونی دادگاکە و پرۆفیشیناڵ بوونی وە ھژمۆنیای کۆماری ئیسلامی بەسەر دادگاکەوە , دۆسیەکەیان تەنھا چووە ئەرشیفی دۆسیەکەوە لە قۆناغی لێکۆڵینەوە , لە دادگای فرانس ڤان ئانراتیش کاک مستەفای بەھەمنیم بردە لای داواکاری گشتی , وەلێ ئەوان نایان ویست لەو دۆسیەیە ئێران بگلێتە ناو تاوانەکانەوە , بۆیە بەھەند وەریان نەگرت , پارێزەری قوربانیانیش ھاوکات پارێزەری خودی کۆماری ئیسلامیش بوو بۆ دۆسیەکە ئیتر لەوێشەوە ھیچ ناکرا .
بۆیە تا ئەم چرکە ساتە قوربانیانی گوردانی شوان , کە بەشێکن لە شەھیدانی ئۆپەراسیۆنی ھەڵەبجەی ( لایەنەکانی ینک و پارتی و بوتنەوەی ئیسلامی و سۆسیالست و مەجلس ئەعلا و کۆماری ئیسلامی ئێران) , ھیچ قەرەبویەک نەکراونەتەوە چ مادی وە مەعنەویش , تەنانەت زۆر جاران سەرکردەکانی ئەوکاتیان خۆیان دەبوێرن لەوەی راستییەکانیش باس بکەن .
لە یادی ٢٩ ساڵەی ئەم تاوانە جێی خۆیەتی ئاوڕێک لەو قوربانییە بێ نازانەی گوردانی شوان بدرێتەوە , بە شەھید بناسرێن و لە ریزی شەھیدانی ھەڵەبجە بنوسرێن , کێلی رەمزیان لە ناو قەبرستانی شەھیدانی ھەڵەبجە بۆ دروست بکرێت, ھاوکات پارتە بەشدارەکانی ئەوکاتی ئۆپەراسیۆنەکە بە فەرمی داوای لێبوردن بکەن
ژمارەی بینین:  1783      بەروار:  18/03/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

   زیاتر
هیچ محتوای برای موضوع درخواست شما وجود ندارا‌ .
ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.