کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  ئەحمەد تورکی تەمەن ٧٤ ساڵ لە زینداندا خراوەتە ژوورى تاکە کەسى

حەسیب کاپڵان پەرلەمانتاری پێشووی ھەدەپە سەردانی ئەحمەد تورک ھاوسەرۆک شارەوانیی مێردینی کرد لە زیندانی سلیڤێریی شاری ئیستانبول و ڕایگەیاند، ئەحمەد تورکی تەمەن ٧٤ ساڵ خراوەتە ژووری و تاکە کەسی و لە تەلەفزیۆن و کتێبیش بێبەشکراوە. ئەحمەد تورک لەو دیدارەدا ڕایگەیاندووە "جگە لە ئاشتی و دیموکراسی ھیچ ڕێگایەکی ترمان لە بەردەمدا نییە".

ئەمڕۆ ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ ماڵپەڕی ڕۆژنامەی دوڤار لە تورکیا بڵاویکردەوە، حەسیب کاپڵان پەرلەمانتاری پێشووی ھەدەپە سەردانی ئەحمەد تورک ھاوسەرۆک شارەوانیی مێردین کرد لە زیندانی سلیڤێریی ئیستانبول و ڕایگەیاند، ئەحمەد تورک خراوەتە ژوورێکی تاکە کەسی لە بەشی نۆی زیندانی سلیڤێریی ئیستانبولدا.

کاپڵان وتوشێتی کاتێک ئەو دۆخەی ئەحمەد تورکی بینیوە "ئاگرم تێبەربوو، کە ئەحمەد تورک تەمەنی ٧٤ ساڵە و دڵی بە پیل کار دەکات لە ژوورێکی تاکە کەسیدا بە تەنیایی ڕاگیراوە. تەلەفزیۆن و کتێبیشی نییە، من خۆم پێ ڕانەگیرا، باشە ئێوە بیردەکەنەوە ئەوە یانی چی؟".

حەسیب کاپڵان بەشێکی تری قسەکانیدا وتویەتی "لە دوای ئەوەی ئەحمەد تورک دەستگیرکرا و سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنراو و دووریش خرایەوە بۆ زیندانی ئیستانبول، ئەوەی لە ئەحمەد تورکم بیست دڵی ھەموو مرۆڤێک دەھەژێنێت، چونکە ئەحمەد تورک وتی: حەسیب لە کاتێکدا من بیرم لەوە دەکردەوە و دەست لە سیاسەت ھەڵگرم و پلاتفۆرمێکی ھاوشێوەی گروپی دیالۆگ بۆ چارەسەریی کێشەکانی تورکیا دابمەزرێنم جارێکیتر کەوتمەوە زیندان، بەڵام جگە لە بەرگریکردن لە ئاشتی و دیموکراسی چارەیەکی ترمان نییە".

بەپێی ھەواڵەکەی ئەو ماڵپەڕە ئەحمەد تورک ڕاشیگەیاندووە "تاوەکو ئێستا بە بەردەوامی بە سەربەزییەوە ژیاوین. ھیچ شتێکمان نییە لە دەستی بدەین و ئەوەی ھەمانە شانازی و کەرامەتمانە، کە لە دەستی نادەین".

جگە لە ئەحمەد تورک، بەکر کایا ھاوسەرۆک شارەوانیی وان لە ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ دوورخرایەوە بۆ زیندانی سلیڤێریی ئیستانبول و ھەروەھا نیھاد ئاکدۆغان پەرلەمانتاری ھەدەپەی شاری جۆلەمێرگ لە دوای ئەوەی لە ڕۆژی ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ دەستگیرکرا دووخرایەوە بۆ زیندانی سلیڤێریی ئیستانبول ئەوانیش داوایەکیان ئاراستەی بەرپرسانی زیندان کردووە کە ھەر سێکیان (ئەحمەد تورک، بەکر کایا و نیھاد ئاکدۆغان) پێکەوە لە ژوورێکدا بن، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی زیندانەکە ھیچ وەڵامێکیان نەداونەتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە ئەحمەد تورک ھاوسەرۆک شارەوانیی شاری مێردینی باکووری کوردستان ڕۆژی ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە لە پۆستی ھاوسەرۆک شارەوانیی مێردین لابرا.

دوابەداوی ئەوە لە ڕۆژی ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦دا لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بۆ پەکەکە دەستگیرکرا و لە دوای چوار ڕۆژ دەستبەسەری و ڕێگەنەدان بە بینینی پارێزەرەکەی، ڕۆژی ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ ڕەوانەی دادگای شاری مێردین کرا.

ڕۆژی ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ دادگای شاری مێردین بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە ڕێکخستندا" سزای زیندانیکردنی بۆ دەرکرد و دوای ئەوەش دوێنێ ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٩٠١٦ دووخرایەوە بۆ زیندانی سلیڤێریی شاری ئیستانبول کە ھەزار و ١٠٠ کیلۆمەتر لە شاری مێردینی زێدی خۆیەوە دوورە.

لادانی سەرۆک شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و دانانی قەیوم لە شوێنیان

حکومەتی تورکیا لە دوای کودەتاکەی شەوی ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦ کار بە یاسای باری نائاسایی دەکات و لەو چوارچێوەیەشدا  سەرۆک شارەوانییەکانی باکووری کوردستان لەسەر پۆستەکانیان لادەبات و نوێنەرانی حکومەت لە بەڕیوەبەرایەتیی ئاسایش، یان پارێزگا، یان ئەندامانی ئاکەپەی لە شوێنەکانیان داناوە.

ئەوەش کاردانەوە و ناڕەزایەتیی دەبەپە، ھەدەپە، پەکەکە و ئەمەریکای لێکەوتووەتەوە و ھەپەگەش ڕایگەیاندبوو، سەرۆک شارەوانییە دانراوەکانی حکومەت دەکەنە ئامانج.

سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی ھەدەپە ڕایگەیاندبوو، با حکومەت لە بریی دانانی قەیوم ھەڵبژاردن بۆ ھاوسەرۆک شارەوانییە زیندانیکراوەکان لە ناوچەکانیان ئەنجام بدات، بەڵام ئەردۆغان لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاندبوو، دوورخستنەوەی سەرۆک شارەوانییەکانی ھەدەپە یەکێک لە ئاواتەکانی بووە.

لە بەردەوامیی ئەو پێشھاتانەدا ھەپەگە ڕایگەیاند، ڕۆژی ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ لەلایەن دەستەیەک لە گەریلاکانیانەوە ئایدن موشتوی جێگری سەرۆکی ئاکەپە و جێگری سەرۆکی دانراوی شارەوانیی قەلقەلێی پارێزگای وان کوژراوە.

ھەپەگە چەند ڕۆژی لە دوای کوژرانی ئایدن موشتوی جێگری سەرۆکی ئاکەپە و جێگری سەرۆکی دانراوی شارەوانیی قەلقەلێی لە وان، ڕایگەیاندبوو، لەلایەن گەریلاکانیانەوە سەرۆک شارەوانییەکی تری دانراوی حکومەتی تورکیا (قەیوم) لە ئامەد کوژراوە.

ھەروەھا ڕۆژی ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ محەمەد شەفیق دوغۆ دانراوی حکومەتی تورکیا لە شارەوانیی شاری ئەردیشی پارێزگای وانی باکووری کوردستان، بەھۆی ھێرشکی چەکدارییەوە کوژرا، کە ڕۆژی ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ یەپەسە بەرپرسیارێتیی کوژرانەکەی لە ئەستۆ گرت.

ئاژانسی ھەواڵی دیجلە (دیھا) ڕۆژی ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ بڵاویکردەوە، حەقی حقوق قەدیر ھاران ئۆغڵو سەرۆک شارەوانیی دانراوی (قەیومی) شاری قەلقەلێ (ئۆزاڵپ)ی پارێزگای وان دەستی لەکارکێشایەوە.

ھەروەھا ڕۆژی ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ لە کۆی سێ قەیومی حکومەتی تورکیا بۆ شارەوانیی ئەرغەنیی لە پارێزگای ئامەد، دوو کەسیان دەستیان لەکار کێشایەوە. لەگەڵ ئەوانەشدا قەیومی حکومەتی تورکیا بۆ شارەوانیی لیجە دەستی لەکار کێشایەوە.

لە بەردەوامیی دەستگیرکرد و زنیدانیکردنی ھاوسەرۆک شارەوانییەکانی باکووری کوردستاندا، شەوی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا گوڵتان کشاناک و فرات ئانلی ھاوسەرۆک شارەوانییەکانی ئامەدیان دەستگیرکرد.

دەستگیرکردنی ھاوسەرۆکانی شارەوانیی ئامەد کاردانەوە و ناڕەزایەتی بە دوای خۆیدا ھێناوە. ھەر یەک لە کەجەکە و ھەدەپە،  دەبەپە و یەکێتیی ئەوروپا ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە دەستگیرکردنی ھاوسەرۆکانی شارەوانیی ئامەد دەربڕیوە.

دوابەدای ئەو پێشھاتانەش، ھێزەکانی پۆلیسی تورکیا ئاڵایەکی گەورەی حکومەتەکەیان بە بینای شارەوانیی ئامەددا ھەڵواسیبوو.

دادگای ئامەد ڕۆژی ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ھەر یەک لە گوڵتان کشاناک و فرات ئانلی ھاوسەرۆکانی شارەوانیی ئامەد و ھەروەھا بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ئایلا ئاکات ئات وتەبێژی کۆنگرەی ژنانی ئازاد (کەژەئا) دەرکرد.

ڕۆژێک لە دوای بڕیاری زیندانیکردنیان، ئەو سێ کەسە دوورخرانەوە بۆ زیندانی کوجالی لە باکووری ڕۆژئاوای تورکیا.

حکومەتی تورکیاش ڕۆژی ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ جومالی ئاتیلای قائیمقامی شاری ئەتیمەسگوتی لە پارێزگای ئەنقەرە کرد بە سەرۆک شارەوانیی ئامەد (قویوم).

ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ لە ھێرشێکی چەکداریدا محەمەد فاتیح سافی تورک قەیومی دانراوی حکومەتی تورکیا بۆ سەرۆک شارەوانیی دێرک لە پارێزگای مێردین کوژرا و سێ لە پاسەوانەکانیشی برینداربوون. ڕۆژی ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ یەپەسە بەرپرسیارێتیی کوژرانی قەیومەکەی دێرکی لە ئەستۆ گرت.

ڕۆژی ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ میدیاکان بڵاویانکردەوە جومالی ئاتیلا کە لە دوای دەستگیرکردن و زیندانیکردنی کشاناک و ئانلیی کرابوو بە قەیومی شارەوانیی ئامەد، لە ھەواڵی بیستنی کوژرانی قەیومەکەی دێرک جەڵتەی دڵ لێی داوە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی زانکۆی دیجلە و تا ئێوارە لە ژێر چاودێریی پزیشکدا بووە.

حکومەتی تورکیا لە بەردەوامیی دەستگیرکردن و زیندانیکردنی سەرۆک شارەوانییەکانی باکووری کوردستاندا ڕۆژی ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ ھەر یەک لە محەمەد عەلی بول و نورحەیات ئاڵتون ھاوسەرۆکانی شارەوانیی دێرسیم، تونجەر باقر خان ھاوسەرۆک شارەوانیی سێرت و قادر کۆنور ھاوسەرۆک شارەوانیی جزیرەیان دەستگیر کرد و لە ئێستادا لە زینداندان.

ھەروەھا ڕۆژی ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ ھێزە ئەمنییەکانی حکومەتی تورکیا بەکر کایا ھاوسەرۆک شارەوانیی شاری وانیان دەستگیرکرد و ھەر لەو ڕۆژەشدا ئەحمەد تورکیان لە ھاوسەرۆک شارەوانیی شاری مێردین لابرد. ڕۆژی ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا ئەحمەد تورک-یان دەستگیرکرد و ڕۆژی ٢٤ی تشرینی دووەم لە لایەن دادگاوە سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنراو و ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم دوورخرایەوە بۆ زیندانی سلیڤێریی شاری ئیستانبول.

سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕۆژی ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ ڕایگەیاندبوو، تاوەکو ئێستا لە شوێنی سەرۆک شارەوانیەیکانی دەبەپە، ٣٦ قەیوم (سەرۆک شارەوانیی دانراوی حکومەت) دامەزرێندراون.

لە بەردەوامیی دەستگیرکردن و زنیدانیکردنی ھاوسەرۆک شارەوانییەکانی باکووری کوردستان ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا ڕۆژی ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ حوسێن ئۆلان و نەڤین داشدەمیر ھاوسەرۆکانی شارەوانیی بەدلیس- یان دەستگیرکرد و ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ بڕیاری زیندانیکردنیان بۆ دەرکرا.

ھەروەھا ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا ڕۆژی ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ محەمەد ئەمین ئۆزکان ھاوسەرۆک شارەوانیی شاری نۆرشینی پارێزگای بەدلیس بە تۆمەتی ئەندامێتی لە ڕێکخستندا دەستگیرکرد و دادگاش ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ بڕیای زیندانیکردنی بۆ دەرکرد.

لە باکووری کوردستان شارەکانی ئامەد، مێردین، وان و ئورفە (ڕحا) بە گەورە شارەکان دەناسرێن و لە ئێستادا ھیچ یەک لەو گەورە شارانە شارەوانییەکانی لە دەستی کورددا نەماوە، چونکە حکومەتی تورکیا ھاوسەرۆک شارەوانییەکانی ئامەد و وانی زیندانیکردووە و ھاوسەرۆک شارەوانیی مێردینیشی لەسەر کار لابردووە. لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٤دا پاڵێوراوی ئاکەپە بۆ سەرۆک شارەوانیی وان بە جیاوازییەکی کەمەوە پێش عوسمان بایدەمیر پاڵێوراوی کورد بۆ سەرۆک شاروانیی ئورفە کەوت.

بەپێی یاساکانی تورکیا سەرۆک شارەوانییەکان بە ھەڵبژاردن لەلایەن خەڵکەوە ھەڵدەبژێردرێن و نابێت وەک بەڕێوەبەری ناحیە، قائیمقام و پارێزگا لەلایەن حکومەت و وەزارەتی ناوخۆوە دابنرێن.

سەرۆک شارەوانییەکانی باکووری کوردستان ئەندامی پارتی دیموکراتیکی ھەرێمەکان (دەبەپە)ن، کە خاوەنی ١١٥ سەرۆک شارەوانییە لە باکووری کوردستان. حکومەتی تورکیا لە چوارچێوەی یاسای باری نائاسایدا، تا ئێستا ٧٠ ھاوسەرۆک شارەوانیی دەبەپەی لەکارەکانیان دوورخستەوە و لە بریی زۆربەی ئەو سەرۆک شارەوانیانە، نوێنەرانی حکومەت (قەیوم) دانراون بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری سەرۆک شارەوانییەکانی باکووری کوردستان.
لە NRT  وەرگیراوە
ژمارەی بینین:  1444      بەروار:  27/11/2016
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.