کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  لێکدانەوەیەکی فەلسەفی بۆ بارودۆخی باشوری کوردستان .
ئومید ناسح جیهانی


لێکدانەوەیەکی فەلسەفی بۆ بارودۆخی باشوری کوردستان .

مێژوونووس و فەیلەسوفی بەناوبانگی ئینگلیزی ( ئارنۆڵد تۆینبی ) ( ۱۸۸۹ - ۱۹۷٦ ) تیۆریایەکی ناوداری خستۆتە ڕوو ، کە بریتییە لە تیۆری ( بەرەنگاری و وەڵامدانەوە ) ، بە پێی تیۆرەکه " شارستانییەکان لەسەر زەمینەکان دا بەهۆی  هەل و مەرجە دژوارەکان لە ژینگەی سروشتی و هەل و مەرجە مرۆییەکان سەرهەڵدەدات " . کە هەردووکیان دوو بەرەنگارین کە مرۆڤ دەوروژێنن ، بەرەنگاریکردنی نێوەندی مرۆیی کە لە هێرش و پەلاماری دەرەکی لە دەوڵەتێکی دراوسێ یان گروپێکدا خۆی دەنوێنێ ، دواتر ئەم پەلامارە داگیرکاری لێ پەیدا دەبێ کە دەبێتە هاندەر بۆ سەرهەڵدانی شارستانیەت ، و وەڵامدانەوەش لە میانەی وەدەرنانی داگیرکەر و داگیرکەران و خۆ دەربازکردن لە هێزی فشارهێن و تۆڵەسەندنەوە لێیان و سزادانیان دەبێت .

جۆرەکانی بەرەنگاری و وەڵامدانەوە :

یەکەم . کەم خایاندنی بەرەنگاری لایەنی بەرامبەر وا دەکات کە بە تەواوی دەستەوسان بێت لە وەڵامدانەوەیەکی سەرکەوتوانە .
دووەم . بەرەنگارییەکە ئەوەندە بەهێزه کە ڕوحی لایەنی بەرامبەر تێکدەشکێنی .
سێیەم . بەرەنگارییەکە بە جۆرێکە دەگاتە ئاستێکی شیاو و لەبار کە ووزە و توانا داهێنانکارییەکان دەوروژێنێت ، کە ئەمەش دەبێتە هۆی وەڵامدانەوەیەکی سەرکەوتوو .


تیۆریای " بەرەنگاری و وەڵامدانەوە " دا هاتووە کە هەر ووڵاتێک بە داگیرکاری قوڵ و درێژخایەن کۆتایی دێت ، گەر بێت و سەرکەوتوو نەبێت لە هێنانە ئارای وەڵامەکان کە دەیخاتە ڕوو لە هەمبەر فشار و تەحەدییەکان . بەڵام گەر بێت و ئەو ووڵاتە لە توانایدا بێت کە وەڵامی ئەو فشار و هێرشانە بداتەوە ئەوە ئەو ووڵاتە بەرەو پێشەوە دەڕوات بە شێوەیەکی شارستانی .

لێرەوە دەتوانین بڵێین کە هەلومەرجە ژینگەی و ئیرادە مرۆییەکە دەتوانێت وەڵامێکی سەرکەوتووی هەموو گەمارۆ و فشار و داگیرکارییەک بداتەوە ، و ووڵاتێکی پێشکەوتوو بنیات بنرێت ، بەپێ ئەم تیۆرە لێکدانەوەیەکی فەلسەفی بۆ دوو قۆناغی باشوری کوردستان دەکەین ، قۆناغی یەکەم  هەشتاکان تا دوو هەزارسێ ، قۆناغی گەمارۆ و شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەی داخراوی ئۆتۆنۆمی ، قۆناغی دووەم دووهەزار و سێ تاکو ئێستا قۆناغی فیدڕاڵیەت و کرانەوە و ئابوری دەسەڵاتی کوردی .

لە ساڵی 1990 دا دوای داگیرکردنی کوێت لە لایەن عێراقەوە  ئەنجومەنی ئاسایشی دەوڵەتە یەکگرتووەکان بە بڕیاری 661 گەمارۆیەکی توندی ئابوری بە سەر عێراق دا سەپاند ، کە بە تەواوی هەموو هەناردە و هاوردەیەکی عێراقی قەدەغە کرد . بەڵام بۆ ئەم گەمارۆ ئابورییە بۆ باشوری کوردستان دوو گەمارۆ بوو ، سەپاندنی گەمارۆ بەسەر کوردستان دا ، یەکەم لە لایەن ( un ) ەوە بوو دواتریش لەلایەن حکومەتی بەعسەوە بوو ، کە کاریگەرییەکی قوڵی کردە سەر ئابووری و هەلومەرجی کۆمەڵایەتی - ئابوریی هەرێم و دانیشتوانەکەی ، ژێرخانی باشوری کوردستان بە شێوەیەکی سیستماتیک وێرانکرا و ناوچە گوندنشینەکان کرانە ئامانجی شێواندن ، و هەروەها پێشتریش بۆ ماوەی هەشت ساڵی ڕەبەق کرابووە مەیانی جەنگێکی کاولکار ، لەوەش زیاتر ناوچەکە ناچارکرابوو لە ڕووی ئابورییەوە پشت بە کشتوکاڵی سەرەتایی و قاچاخچێتی و فرۆشتنی موڵکی سەرمایە دەبەست . لەگەڵ ئەو هاوکارییە نێودەوڵەتیانە دەوڵەتانی ناوچەیی و ئەوروپی لە ڕێگەی ڕێکخراوە خێرخوازییەکانەوە ڕەوانەی کوردستانیان دەکرد .

ئابڵوقەی ئابوریی حکومەتی سەدام بۆ هەرێمی کوردستان هەوڵێک بوو بۆناچارکردنی کورد تا مل بە داوا سیاسسەکان بدات ، و ڕێگە گیرا لە کاڵاکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق کە بگەنە کوردستان . ئەم گەمارۆیە هەموو جۆرێک خۆراک و دەرمان و بەرهەمە نەوتییەکانی گرتبووەخۆ  ، لە ساڵی 1995 دا حکومەتی عێراق گەمارۆیەکی دارایشی سەپاند ، بەوەی کە دانی موچەی فەرمانبەرانی کوردی بڕی کە ژمارەیان ( 160000 ) کارمەند مەزەندە دەکرا . ئەمە لە کاتێکدا بوو لە ساڵی 1996 دا لێکتێگەیشتنێک لە نێوان un و عێراق دا مۆرکرا کە نەوت بفرۆشت ، کە لە ساڵی 1999 - 2000 دا بڕی داهاتەکەی 10 بلیۆن دۆلار نزیک بوویەوە .
لەساڵی 1995 دا بەشی مرۆیی un ئەوەی مەزەندە کردووە کە چوار ملیۆن خەڵک لە هەژارییەکی سەختدا دەژین ، کە %20 ی دانیشتوان پێکدەهێنن ، ئاکامی گەمارۆیەکی گشتگیریی بەم چەشنە سەبارەت بە باشوری کوردستان زۆر کارەساتبارتربوو ، کە دوو گەمارۆیی توندی ئابوری لەسەر بوو ، کە پارێزگای سلێمانی بە تایبەتی سێ گەمارۆیی لە سەر بوو ، گەمارۆیەکی un و گەمارۆی عێراق و گەمارۆی پارتی دیموکراتی کوردستان بە هۆی شەڕی ناوخۆی لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان .

سەرەڕای دوو گەمارۆی ئابوری بەهێز  ، و شەڕی ناوخۆی نێوان ( پەکەکە و یەکێتی و پارتی ، پارتی و پەکەکە ، پارتی و یەکێتی ، یەکێتی و پەکەکە ، یەکێتی و بزووتنەوەیی ئیسلامی ، یەکێتی و جوندول ئیسلام ، یەکێتی و پارتی و تەواوی هێزەکانی دیکەی باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان )  خەڵکی ژیانیان لەسەر پیشەسازی و ئاژەڵداری سەرەتایی و کشتوکاڵێکی سەرەتایی لەو ناوچانەدا پەرەپێدەدا کە بەرچەکی کیمیایی کەوتبوون و کرابوون بە کێڵگەی مین ، گەمارۆ ئابورییەکان ئەوەندە بەهێز بوو ووزە و تونای تاکی کوردی وروژان و وەڵامدانەوەیەکی پێویستی نیشاندا و ملی نەدا بۆ داوا سیاسییەکانی ڕژێمی بەعس و بە ئیرادەوە وەڵامی ئەو تەحەدیانەی دەدایەوە ، و تەنانەت بەرهەمی کشتوکاڵی باشوری کوردستان هەناردەی ئێران و ڕووسیا و ووڵاتانی تری ئاسیا دەکرا .

لە ساڵی 2003 دا دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن دەسەڵاتی کوردی لە ئۆتۆنۆمی و داخراوییەوە گۆڕا بۆ فیدڕاڵی و بە ڕووی جیهاندا کرایەوە ، کە ئیتر دەکرا کوردستان پێشکەوتنێکی گەورەی ئابوری بە خۆیەوە ببینێت ، و وەڵامێکی بەهێزی سەرکەوتوانەی هەبوایە بۆ بەرەنگاری و فشار و تەحەدییەکانی سەری ، و بە شێوەیەکی زانستی پەرەبدربایە بە بواری کشتوکاڵی و پیشەسازی و پێشخستنی تەواوی کەرتەکانی دیکە .

بەڵام کەمینەی خۆسەپێنی کوردی بەشێکی گەورەی ئەم خەڵکەکە بەئیرادەیەیان( سڕکرد ) کرد بە موچە خۆری ڕاستەوخۆ و بندیوار و خانەنشین ، لە پێناو مانەوەی خۆیدا ، واتا ژێرخانی ئابوری کوردستانیان ئیفلیج کرد ، و هێزی مرۆییان کرد بە موچە خۆر و بژێوی و ئابورییان گرێدراوی حیزبی تاڵانچی بوو ، بە تایبەتی هێزی چەکدار بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەیان ، ئەو خەڵکەی خەریکی بەرهەمێهنان بێت پێویستی بە دەسەڵات نابێت ، بەڵکو پڕۆژەکەی پەرەپێدەدات و گەورەتری دەکات ، ئەمەش دەبێتە مەترسی بۆ دەسەڵاتێکی خێڵاکی مافیایی ، بەڵام کە بوو بە موچە خۆر هەم دەبێت بە بەکاربەر هەم چاوەڕێی موچەکەیەتی  ، ئیدی ووڵات لە بەرهەمهێنەوە دەبێت بەکاربەر . لەم هاوکێشەیشدا بەرپرسان لە سیاسیەوە بوون بە بازرگانێکی دەبەنگی ناداهێنەر ، کوردستان بوو بە بازاڕێک بۆ ساغکروونەوەی کاڵا و بەروبوومی ئێرانی وتورکی و چینی ، خەڵکەکەش تووشی بەرخۆری بوون ، واتا خۆشگوزەرانی لەسەر بەرهەمی هاوردە نەک بەرهەمی ناوخۆی ، لێرەوەش ووڵات دووچاری قەیرانی گەورەی ئابوری دەبێت ، هیچ وەڵامدانەوەیەکی بۆ تەحەدییەکان نابێت ، وەکو ئەو دۆخەی ئێستای باشوری کوردستان . واتا یەکێتی و پارتی بۆ بەدەستهێنانی دەنگی خەڵک و مانەوەی دەسەڵاتیان خەڵکیان لە بەرهەمێنەوە گۆڕی بۆ بەکاربەری بەرخۆر .

دوای 2003 لەجیاتی پەرەدان بە ئابوری کوردستان ، بەڵام دەسەڵاتی کوردی هەموو قورسایی بودجەی ووڵاتی خستبووە سەر %17 بەشە بودجەی کوردستان لە عێراق ، لەبەرئەوەی حکومەت بە حیزبی کرابوو ، دام و دەزگای نیشتیمانی و دیموکراسی نەبوو ، تەواوی ئەو پارەیەش بە هەدەر برا ، ئەمەش هەڵەیەکی ستراتیجی بوو ، کاتێکیش پڕۆسەی گەڕان و دەرهێنانی و فرۆشتنی نەوت دەستی پێکرد ، دەسەڵاتی کوردی بانگەشەی ئابورییەکی سەربەخۆی دەکرد ، بەڵام نەوت نەک نەبوو بە بنەمای ئابوری سەربەخۆ ، بەڵکو بووە نەفرەتی گەورە بۆ ئیفلیج بوونی بێ وەڵامدانەوەی کۆمەڵگای کوردی و دەسەڵاتی کوردیش زیاتر بەرە و گەندەڵی و تاڵانچێتی و مافیایی  ڕۆیش ، بەجۆرێک حکومەتی ناوەندی لە ساڵی 2013 دا بەشە بوودجەی کوردستانی بڕی و ووڵات دووچاری قەیرانێکی سەختی ئابوری و سیاسی بوویەوە ، و قەرزێکی گەورەش لەسەر حکومەت و هاووڵاتیان کەڵکە بووە ، ژیانی موچەخۆرانیش تووشی هەڵدێری گەورە هاتووە  و خەڵک و حکومەت نەیانتوانی لەسەر پێی خۆیان بوەستن ، و تەواوی پڕۆژە و پێشینەکان وەستاوە ، کەرتی کشتوکاڵ و تەندروستی و پەروەردە و تەواوی کەرتەکانی دیکە دووچاری داڕووخان هاتوون ، کە کاریگەریەکەی تا چەند ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت . واتا کەمینەی خۆسەپێن وەڵامێکی سەرکەوتوانەی نەبوو بۆ فشار و تەحەدییەکانی بەغداد ، و لەسەر شکستی گەوەرەی ئابوری و سیاسی ڕیفراندۆمێکی شکست خواردو ئەنجامدرا ، دوای خیانەتی شانزەی ئۆکتۆبەریش دەسەڵات و پێگەی کورد لە عێراق داگەڕێندرایەوە بۆ ئۆتۆنۆمیەکەی پێش دووهەزار و سێ .

ئەگەر ئەم هاوکێشەیە پێچەوانە بکرایەتەوە ، دەسەڵاتی کورد ئابوری سەربەخۆی بەدیبهێنایە لەسەر بنەمای پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و بازرگانی و تەکنەلۆجی ، و پەرەدان بە کەرتی پەروەردە و تەندروستی ، و ئاواکردنی دەسەڵات و کۆمەڵگایەکی دیموکراتی و مەدەنی و دەستوری ، ئەوە باشوری کوردستان وەڵامدانەوەیەکی جەوهەری دەبوو بۆ هەموو تەحەدییەکان و ڕیفراندۆمیش ئەگەری سەرکەوتنی زۆر زیاتری هەبوو ، خیانەتیش بەردەوام لە مێژووی ئێمەدا خۆی دووبارە نەدەکردەوە .

بۆچی ووڵات و دەسەڵاتەکان دەروخێن ، هەرەس دێنن ؟

لەبەرئەوەی کەمینەی فەرمانڕەوا ووزە و توانا داهێنانکارییەکان لە دەست دەدەن ، هەروەها  هەرەسهێنانی ئەو دەسەڵاتەش بەم شێوەیە دەبێت :

۱ . کەمینەیەکی خۆسەپێن کە توانای داهێنانی نەماوە ، ئیدی بەزەبری هێز و زۆرداری فەرمانڕەوایی دەکات ، و خولبەندی تەمەن و دەسەڵاتی ( منداڵی ، گەنجی ، پیری ) کۆتایی دێت .
۲ . پڕۆلیتاریایەکی ناوخۆ کە زەبوون و یاخییە لە چاوەڕێی هەلێکدایە لە پێناو شۆڕش کردن .
۳ . هێزێکی دەرەکی لە ڕێگەی داگیرکاری ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی هێزێکی گرێدراوی ناوخۆیی تێکەڵی بەرهەڵستکاری دەکات ، و چاوەڕێی هەلێکە بۆ داگیرکاری .

لە کۆتایدا ئاماژە بە دوو سێ خاڵ دەکەین :

یەکەم . ئەم قەیرانە ئابورییە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی خەڵکی لە بەرخۆرییەوە بگەڕێتەوە سەر بنەڕەتەکەی ، لە ئێستادا بە هۆی کرانەوەی باشور بە ڕووی دنیادا دەتوانرێت سوود لە تەلەنەلۆجیای پێشکەوتوو ببینرێت بۆ پەرەدان بە تەواوی کەرتەکانی بەرهەمێنان و بەرهەمی ناوخۆی جێگەی بەرهەمی تورکی و ئێرانی و چینی بگرێتەوە و خەڵکی لە بەکاربەرە و بگۆڕێت بۆ بەرهەمێن ، کە بژێوی و ئابورییان گرێدراوی حیزبی تاڵانچی نەبێت ، ئەمەش فشارێکی گەورە دەبێت بۆ گۆڕانکاری سیاسی لە ووڵاتدا .

دووەم . لەئەگەر نەگۆڕانی خەڵکی بۆ هێزێکی بەرهەمهێن ، ئەوە لە دەرئەنجامی بێکاری و ناڕەزایەتی و ئیفلیج بوونی دام و دەزگا ئەمنی و خزمەتگوزاری و سیادییەکان ، گروپی گەورەی مافیای و دز و مامەڵەکردن بە مادەی هۆشبەر و تەنانەت بازرکانیکردن بە مرۆڤیشەوە ، کە سەرئەنجام پێکهاتەی کۆمەڵایەتی - ئابوری باشور دووچاری شڵەژانێکی گەورە دەبێتەوە .

سێیەم . لەبەرئەوەی کەمینەیەکی خۆسەپێن توانا و ووزە داهێنانکارییەکانی لە ناوبردووە و خۆیشی توانای چاکسازی و گۆڕانکاریی نییە بۆ وەڵامدانەوەی فشارە دەرەکی و ناوخۆییەکان ، و بە زەبری هێز و زۆرداری فەرمانڕەوایی دەکات ، ئەوە ناتوانن بەم ڕەنگە بەردەوام بن ، و هەرەس دێنێت ، بەڵام ئەگەر ئەم کۆتایەیان بە شێوەیەکی مەدەنی و ئاشتی نەبێت ، ئەوە گەورەترین ئاریشەی ئەم هەرەسهێنانە ئەوەیە کە کارەسارەتێکی گەورەتی نەتەوەیی لێدەکەوێتەوە ، چونکە ئەمانە بەخوێن و خیانەت هاتوون ، کۆتاییان وەکو حوکمیان نەفرەتێکی دیکەیە بۆ میللەت .

ئومید ناسح جیهانی .


تمداد ديدنى ها:  298      تاریخ:  27/02/2018
هیچ کۆمێنتێک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌  
   

   زیاتر
عەلی مەحمود
دکتورە فائزە خەتاب عمر
ئومید ناسح جیهانی
ئومید ناسح جیهانی
1 بۆ 18 له‌ کۆی 293     
ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.