کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  مێژوو چی دەڵێت ؟
ئومید ناسح جیهانی
مێژوو چی دەڵێت ؟

کێشەی کورد کێشەیەکی قورس و ئاڵۆزە ، له کێشەی هیچ میللەتێکی چەوساوە ناچێت ، بەسەر چوار ووڵاتدا دابەشکراوە ، هەر لەبەر ئەوەشە چارەسەری قورسە ، تەمەنی داگیرکارییەکەشی درێژە ، کێشەش گرێدراوی کێشەی مێژووی چوار ووڵات و دوو مەزهەب ، و گرێدراوی بەرژەوەندی ئیمپریالیزم و سەرمایەدارییە ، چوار دراوسێکە دوژمنی کورد ، و هەرچواریشیان دوژمنێکی هابەشیان هەیە کە کوردە ، لێرەدا چوار هاوکێشە هەیە بە بەڵگەی مێژوویی ڕوونیدەکەینەوە  :

1 .  ڕێکەوتنی کۆی دوژمنانی کورد دژی کورد
2 .  گۆڕینەوەی دوژمنێک بە دوژمنێکی دیکە . یان بە واتایەکی دیکە ڕێکەوتنی کوردی پارچەیەک لەگەڵ داگیرکەری پارچەیەکی دیکەی کوردستان .
3 . ڕێکەوتنی لایەنێکی کورد لەگەڵ دوژمن ، دژی لایەنێکی تری کوردی .
4 .  ڕێکەوتنی کوردی هەر پارچەیەک لەگەڵ داگیرکەری هەمان پارچە .
کە هەریەک لەم هاوکێشانە بە بەڵگەی مێژوویی ڕوون دەکەینەوە .
   
1 .  ڕێکەوتنی کۆی دوژمنانی کورد دژی کورد  .

ئەو چوار دراوسێ دوژمنەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە ، بەهۆی پێکدادانی بەرژەوەندییەکانیانەوە لەسەر زۆر بابەت ناکۆکن ، لەسەر هەموو بابەتێک ناکۆک بن ، بەڵام لە بابەتی دژایەتیکردن و پیلانڕێژی دژی کورد کۆک و برا و خاوەن یەک بڕیارن ، و ووڵاتی یەکتریش بەکاردێنن دژی کورد . ئەمە جگە لەوەی ئەم چوار ووڵاتە چەندین ڕێکەوتننامەی دووقۆڵی و سێ قوڵی و چوار قوڵی ئابووری و سیاسی و کەلتوری و یاسایی لە نێوان دا هەیە ، بۆ پاکتاوکردنی کورد ، لە ڕاستیشدا ئامانجی ئەم ڕێکەوتننامانەش تاڕادەیەکی زۆر ئەنجامی هەبووە بە قازانجی دوژمنان ، و لە ناوبردن و دابەشبوونی قوڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی .
کاتێک سەرهەڵدانی ئارارات لە باکووری کوردستان لە سییەکانی سەدەیی ڕابردوو ، بە سەرکردایەتی ( ئیحسان نوری پاشا ) دژی دەوڵەتی تورکیا هەڵگیرسا ، لە پێناو مافەڕەواکانی گەلی کورد ، گەلێک سەرکەوتنی بەدەست هێنا ، و کۆتایی پێهێنانی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە گەلێک قورس و ئەستەم بوو ، دواجار بۆ شکست پێهێنان بە سەرهەڵدانەکە ، تورکیا پەنای بردە بەر ئێران ، و ڕێکەوتننامەی لەگەڵ ئێران واژۆکرد ، بەپێی ڕێکەوتننامەکە تورکیا خاکی ئێرانی بەکارهێنا ، بۆ لێدان لە جوڵانەوەی ئارارات ، ئەوە بوو ، بەم ڕێکەوتننامەیەی ئێران و تورکیا ، شکست و لە ناوچوون بوویە چارەنووسی سەرهەڵدانەکە و لە ناوچوونی سەرکردەکانی .
لە ساڵی 1975 دا ، عێراق و ئێران ، ڕێکەوتننامەی جەزائیریان ئیمزاکرد ، بۆ تێکشکاندنی جوڵانەوەی ئەیلول بە ڕابەرایەتی ( مەلا مستەفا ) ، ئەوە بوو عێراق کۆمەڵێک تەنازوولاتی بۆ ئێران کرد ، لەبەرامبەر دەستبەرداربوونی ئێران لە هاوکاری مەلا مستەفا و جوڵانەوەکەی ، سەرئەنجام واژۆکردنی ئەم ڕێکەوتننامەیە ئاشبەتاڵی کردە چارەنووسی جوڵانەوەی ئەیلوول .
ئەگەر چی جوڵانەوەکە و سەرکردایەتیەکەی و پشت بەستن بە دوژمن و ئاشبەتاڵەکەی هەزاران قسە و ڕەخنە و لێکۆڵینەوە هەڵدەگرێت ، بەڵام مەبەستی ئێمە لەم نووسینە چۆنێتی سیاسەتکردنە بۆ گۆڕینی ئەو کۆدەنگیەی دوژمنان و کەڵک وەرگرتن لە ڕووداوە مێژووییەکانە .
لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو ، تورکیا و عێراق بەمەبەستی دژایەتیکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە باشوور و باکووری کوردستان ڕێکەوتننامەیان واژۆکرد ، بە پێی ئەو ڕێکەوتننامەیە هەریەکەیان دەیانتوانی بە قوڵایی 30کم خاکی یەکتر کە هەر دەکاتە خاکی باشوور و باکووری کوردستان ، بەکاربهێنن ، ئەمە سەرەڕای هاوکاریکردنی یەکتری لە ڕووی سەربازی و سیخوڕییەوە .

2 . گۆڕینەوەی دوژمنێک بە دوژمنێکی دیکە . یان بە واتایەکی دیکە ڕێکەوتنی کوردی پارچەیەک لەگەڵ داگیرکەری پارچەیەکی دیکەی کوردستان .

جوڵانەوەی ئەیلول لە خەباتەکەیدا دوژمنێکی گۆڕییەوە بە دوژمنێکی دیکە ، بۆ بە دەستهێنانی پشتگیری سەربازی و ئابوری پشتی بە ئێران بەست ، بەڵام ئەم سیاسەتە هەڵەیەکی گەورەی مێژوویی بوو ، لەبەرئەوەی کاتێک حکومەتی پەهلەوی ئێران و حکومەتی بەعسی عێراق ڕێکەوتننامەی جەزائیریان مۆرکرد بە ناوبژیوانی جەزائیر ، ئێران تەواوی هاوکارییەکانی لە مەلا مستەفا بڕی ، سەرئەنجام ئاشبەتاڵ بووە چارەنووسی جوڵانەوەی ئەیلول .
لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووش هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و حزبی شیوعی عێراق و بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان و حیزبی شۆسیالیستی کوردستان ، لە سیاسەتکردنیاندا ڕێکەوتننامەیان لەگەڵ ئێران مۆرکرد ، کە ئێران و عێراق لە جەنگێکی کاولکاری گەورە دا بوون ، ئەم ڕێکەوتن و دوژمن گۆڕینەوەیە لەلایەکەوە لە سەر حسابی بەرژەوەندی کوردی خۆرهەڵاتی کوردستان بوو ، لە لایەکی دیکەوە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەی لێکەوتەوە ، کە ئەم سیاسەتەی حیزبە کوردییەکان خیانەتێکی گەورەی نیشتیمانی و نەتەوەیی بوو ، ڕەفتاری ئێرانیش داگیرکاری بوو ، کیمیابارانەکەش جینۆساید بوو لەسەر دەستی حیزب و حکومەتی بەعس .

3 .  ڕێکەوتنی لایەنێکی کورد لەگەڵ دوژمن ، دژی لایەنێکی تری کوردی .

یەکێتی و پارتی و بزووتەوەی ئیسلامی و پەکەکە شەڕی ناوخۆییان ئەنجامدا ، لەم جەنگەدا پارتەکان پەنایان بردە بە ئێران و تورکیا و عێراق و سوریا بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێکانیان ، لە 31 ئابی ساڵی 1996 پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ یەکلایکردنەوەی شەڕەکەی لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پەنایبردە بەر حکومەتی بەعس ، و سوپای عێراقی هێنایە سەر هەولێری پایتەخت و هێڵی (36) یشی تێکشکاند ، یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی پەنای بردە بەر ئێران و بە هاوکاری سەربازی و مادیی ئێران شەڕی پارتی دەکرد ، ئەم هەڵوێستەی هەر دوو هێزیش خیانەتێکی نەتەوەیی بوو ، کە پڕۆستی سەربەخۆیی و بە دامەزراوەیی و نیشتیمانیکردنی دامەزراوەکانی پەکخست و دوو ئیدارەی بەرهەم هێنا .


بەرخۆدان و بەرگری و پشت بەستن بە هێزی گەل چی دەرئەنجامێکی دەبێت ؟

لە سەرەتای جەنگی سوریاوە کورد لە خۆرئاوای کوردستان بەشێوەیەکی باش خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکان دا گونجاند ، هێزی دروست کرد بۆ پاراستنی نەتەوە و خاکی ، بۆ پاراستنی خۆی هێڵی سێیەمی هەڵبژارد ، نەبوو بە دۆستی نەیارەکانی ئەسەد لە بەرژەوەندی نەیارەکانی ئەسەد ، نەبوو بە هاوپەیمانی ئەسەد دژی نەیارەکانی ئەسەد و ڕژێمەکەی ، واتا نەبووە دەردەستی هیچ کام لە بەرە نەیارەکان ، بەڵکو بەپێی بەرژەوەندی نەتەوەیی هەنگاوی هەڵناوە ، بەو مانایەی گەر هاوکار و هاوپەیمانی هەر بەرەیەکی بکردایە ئەوە جەنگی سوریا ئەوەندە درێژەی نەدەکێشا ، و لە بەرژەوەندی ئەو بەرەیە دا کە کورد پاڵپشی لێکرد جەنگی سوریا کۆتایی دەهات ، بەڵام هەڵەکە لەوەدا دەبوو گەر هاوکاری بەرەی دژە ئەسەدی بکردایە ئەوە دەبوو دوای جەنگەکە هەڵەکەی باشوری دووبارە بکردایەتەوە چۆن کوردی باشور بۆ داواکردنی مافەکانی ڕووی لە بەغداد کرد کوردی خۆرئاواش ڕووی لە دیمەشق بکردایەتەوە ، ئەمە لە کاتێکدا کە ئێستا ئۆپۆزسیۆنی تیرۆرستی گرێدراوی تورکیا خاوەن هیچ ستاتیۆیەک نیە پەلاماری خۆرئاوا دەدەن و داگیرکاری و جینۆساید ئەنجامدەدەن لە گرێ سپی و سەرکانی و کۆبانێ و عەفرین و تەواوی خۆرئاوی کوردستان .
لەلایەکی دیکەوە گەر پەیەدە و یەپەگە و هەسەدە هاوکاری بەرەی ئەسەدیشی بکردایە ئەوە دیسان دوای جەنگەکە ڕژێمەکەی ئەسەد دەستی دەکردەوە بە سیاسەتی نکۆڵیکردن و پاکتاوی نەتەوەیی کورد و بەعارەب کردن و ڕاگواستن .
لەلایەکی دیکەوە دژایەتیکردنی ڕژێمەکەی ئەسەد دەبووە هۆی ڕێکەوتنی ئێران و ڕژێمی سوریا دژی خۆرئاوا ، تورکیاش ئەمەی بەخاڵی وەرچەرخان دەبینی ، و دەچێتە هەر ڕێکەوتنێکەوە دژی کورد بێت .
بەڵام پەیڕەوکردنی هێڵی سێیەم ، و بەرخۆدانی کۆبانێ لە ساڵی 2014 دا و ئێستاش بەرخۆدانی عەفرین بووە هۆی ئەوە ڕژێم ئەسەد دان بنێت بە ستاتیۆی خۆرئاوادا ، کە لە خوارەوە ئاماژەی پێدەکەین .
لە ساڵی 2014 دا ، تورکیا و چەتەکانی داعش هێرشێکی وەحشیانەی کاولکارییان کردە سەر کانتۆنی کۆبانێ ، تورکیا بە هەموو ئیمکانیەتێکی سەربازی و سیخوری یارمەتی چەتەکانی داعشی دەدا ، بەڵام تێکۆشانی شەرڤانان ئەو پیلانەی تێکشکاند و دوای دوومانگ بەرگری توانیان سەرنجی دنیا بەلای خۆیاندا ڕابکێشن ، و هاوکاری نێودەوڵەتی و ئەمریکیش بەدەست بێنن ، و قۆناغی ئاشبەتاڵ و فیرار و کۆڕەویش لە مێژووی هاوچەرخی کورددا کۆتایی پێبێنن ، و سیاسەتی بەرگری ڕەواو دژە پیلان پەیڕەو بکەن .
لەلایەکی دیکەوە بەرخۆدانی کۆبانێ سەرەتای سەرکەوتنی هێڵی بەرخۆدان و پەیامێک بوو بۆ دوژمنان ، تا هەرکات بیانەوێت لەشکرکێشی داگیرکاری بکەنە سەر کوردستان ڕووبەڕووی بەرگری ڕەوا دەبنەوە ، هەر لەبەرئەمە بوو تورکیا دوای یەک ساڵ لە هەڕەش و پیلانگێڕی و ڕێکەوتن لەگەڵ ئێران و سوریا و ڕووسیا و هێڵی خیانەتی ناو کورد پاشان هێرشی کردە سەر عەفرین ، کە زیاتر لە ٣٥ هەزار چەتەی ئەلنوسرە و داعش و گروپەکانی دیکە و زیاتر لە ٥٠ هەزار سەربازی تورکی بەشداری داگیرکاری سەر هەرێمی عەفرین دەکەن ، کە رووبەرەکەی ٢٨٠٠ کم٢ یە ، پاش زیاتر لە یەک مانگ لە جەنگێکی نابەرامبەر لە ڕووی چەندێتی و چۆنێتییەوە ڕووبەڕووی بەرگرییەکی بێ وێنە بۆتەوە و لە ناوخۆ و دەرەوەدا تورکیا ڕووبەڕووی قەیرانی گەورەی ئابوری و سیاسی کراوەتەوە . 



4 . ڕێکەوتنی کوردی هەر پارچەیەک لەگەڵ داگیرکەری هەمان پارچە   .

کاتێک کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە شەنگال هەڵهات و داعش داگیری کرد ، و ئێزدییەکانی جینۆساید کرد ، دیسان پیلانی تورکیا و داعش و هێڵی خیانەتی ناو کورد بوو ، بەوەی شەنگال هاوسنوری خۆرئاوایە تا لەو ڕێگە ستراتیجییەوە فشار بخەنە سەر خۆرئاوا و نەوتی موسڵیش بگەیەننە سەر دەریای سپی ، بەڵام هەر زوو پەکەکە توانی بێتە شەنگال و ئەو پیلانە تێکبشکێنێت ، و هێز بۆ ئێزدییەکان دروست بکات ، و ئێزدییەکان بەرگری لە خۆیان و خاکیان بکەن . دوای خیانەتی یەکێتی لە 16 ئۆکتۆبەر لە کەرکوک و هەڵهاتنی پارتی ، و داگیرکردنی ناوچە کوردستانییەکانی مادەی 140 لە لایەن سوپای عێراق و حشدی شیعییەوە ، کە ئەمە پیلانگێڕییەک بوو ، بەڵام یەکینەکانی پاراستنی شەنگال توانیان لە شەنگال بمێننەوە ، و هیچ ڕووبەڕوو بوونەوەیەکیش ڕووی نەدا لەگەڵ هێزە عێراقییەکان ، ئەمە سیاسەتێکی سەرکەوتوو بوو ، کە توانیان بمێننەوە و نەکەونە ناو پیلانگێڕییەکەوە ، چونکە گەر هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەک ڕووی بدایه ئەوە تورکیا دەهاتە ناو هاوکێشەکەوە ، و لەگەڵ حکومەتی عێراق دا ڕێدەکەوت بۆ داگیرکاری شەنگال ، بەڵام کە هیچ پێکدادانێک نەبوو حکومەتی عێراقیش وەکو هێزێکی دوژمن سەیری نەکردن ، بەڵکو فەرمیەتی دایە یەکینەکانی پاراستنی شەنگال و حیزبەکەشیان ، هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەک هاوکێشەکەی دەگۆڕی و ئێستا حکومەتی عێراق هاوکاری تورکیای دەکرد لە داگیرکاری کانتۆنی عەفرین ، ئەمەیە سیاسەتی ڕێکەوتن لەگەڵ دوژمن ، تا ڕێگە بگریت لە ڕێکەوتنی دوژمنەکانت .
لە ئێستاش دا دوای یەک مانگ لە بەرخۆدانی عەفرین بەرامبەر بە سوپای تورکیا و مورتەزەقە سونەکانی تورکیا ، هەسەدە لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد کە ڕووسیا و ئێران دەیپارێزن ڕێکەوتنی واژۆکردووە بۆ بڵاوەپێکردنی سوپای رژێمی سوریا لە هەندێ خاڵی سنوری و دانانی بەرگری ئاسمانی لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی عەفرین . ئەمەش دەبێتە هۆی رێگەگرتن لە فڕینی فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا ، چونکە لە بوونی رژێمی سوریا لە هاوکێشەکە ناتوانێت فرۆکە دژی دەوڵەتێکی فەرمی لە نەتەوەیەکگرتوەکان بەکاربهێنێت ، ڕژێمی سوریا لای هەموو جیهان ڕژێمێکی ڕەسمییە .
بەڵام ئەوەی گومانی تێدا نیە و بەڵگە نەویستە ، کە سوریا و ڕووسیا ، دوژمنی نەتەوەی کورد و دژی دامەزراندنی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانیی و نەتەوەیی کوردن . وەزیری دەرەوەی ڕوسیا گووتی " ئەمریکا دەیەوێت دەوڵەتێکی بچووک لە سوریا دابمەزرێنێت لەو ناوچانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی یەپەگەن".
بەڵام بەپێی زانیارییەکان ڕێکەوتنەکە بە شێوەیەکی سیاسی و دبلۆماسی سەرکەوتوو کراوە ، لە ئێستاشدا بۆ سوریا گرنگە ڕێکەوتن لە گەڵ هەسەدە دا کە لەگەڵ سەرهەڵدانی کێشەی سوریاوە داوای جیابوونەوە و دابەشکردنی سوریای نەکردووە . و لەگەڵ ئەوەشدا هیچ ڕێکەوتنێکی ڕەسمی سیاسی نەکراوە بۆ گەڕانەوەی رژێم بۆ ناو عەفرین ، ڕێکەوتنەکە تەنها بۆ بەهێزکردنی پێگەی بەرخۆدانە . لەبەرامبەر ئەمەشدا لە ئایندەدا یەپەگە هاوکاری ڕژێم بکات بۆ دەرکردنی گروپە تیرۆرستییەکانی تورکیا لە باب و جەرابلوس . ڕێکەوتنی کورد لە خۆرئاوا لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد لە ئێستادا ڕێگرتنە لەکەوتنی کانتۆنی عەفرین ، لەبەرامبەردا ڕێکەوتنی تورکیا و ئەسەد دەبوو هۆی لە ناوچوون و کاولبوونی عەفرین .



مەترسییەکانی ئەم ڕێکەوتننامەیە چییە ؟

پێگەی ئێران و شیعە لە ناوچەکەدا بە هێز بووە ، لە ڕاستیدا ئەوەی ڕوونە ئەوەیه : بەرەی سوننە و شیعە ئەوەی لەگەڵ کورد بێت پێگەی بەهێز دەبێت و هەژموونی فراوان دەبێت ، ئەوەی دژی کورد بێت لە پاشەکشێدا دەبێت ، لەم کاتەدا ئێران و شیعە هەژموونێکی گەورەیان هەیە ، لە باشوری کوردستان زۆنی سەوزی کۆنتڕۆڵکردووە ، و زۆنی زەردیش بە هۆی شکستی ڕیفراندۆمەوە تووشی شکستی گەورەی سیاسی و پاشەکشێ بووە ، لە خۆرئاواش لە ئێستاش دا بە هۆی ڕێکەوتنی هەسەدە و ڕژێمەوە بە هۆی کاریگەری ئێرانەوە ، ئێران زیاتر بەهێز دەبێت لە ناوچەکەدا ، لێرەدا ئەوەی گرنگە کورد نەکەوێتە ململانێ لەگەڵ سونەدا ، بەڵکو لە ڕێی پەیوەندی دبلۆماسییەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سونەدا پەرە پێبدات ، چونکە خول و سوڕی مێژوو بە ردەوام لە گۆڕانکارییدا دەبێت و شیعە و ئێران هەر وا بە بەهێزی نامێننەوە و دەگۆڕێن .
ئەم ڕێکەوتنە بە بە هۆی داگیرکاری و گەمارۆی توندی تورکیاوە بووە ، واتا بە ناچاری ئەنجامدراوە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هاتنی سوپای سوریا بۆ عەفرین گەر ڕەمزی نەبێت دواتر دەرپەڕاندنی کارێکی قورستر دەبێت . ئەو سوپایە بە گوێرەی یاسای نێودوڵەتی ، سوپایەکی فەرمیی سوریایە و شەرعیەتی مانەوەی دەبێت ، بۆ پارێزگاری کردن لە خاکی سوریای یەکگرتوو و دەسەڵاتی سیاسیی ئەو وڵاتە .
هەروها دامەزراندنی ئەو سوپایە ، لە سنوورەکانی نێوان تورکیا و سوریا لە عەفرین ، جێگە متمانە نییە و چاوەڕوانی ڕێککەوتنی لێ دەکرێت لەگەڵ تورکیادا ، و لە داهاتوو دا ئەگەری تەنازولاتی گەورەی تورکیا هەیە بۆ سوریا بۆ لە ناوبردنی فیدڕالیەتی خۆرئاوای کوردستان .

لە کۆتایدا لەم توێژینەوە و لێکدانەوەیە بۆ مێژووی کێشەی کورد دەڵێین : بۆ ئەم سەردەمە ڕێکەوتنی کوردی هەر پارچەیەک لەگەڵ داگیرکەری هەمان پارچە لە تەنگانەدا ، زۆر باشترە لەوەی دوژمنەکانی کورد لە نێو خۆیاندا ڕێکبکەون دژی . چونکە گەر کورد لە هەر پارچەیەک لەگەڵ دوژمنەکەی ڕێکەوت ، ئەوە دەبێتە هۆی پەرت بوونی دوژمنەکانی ، کورد چوار دوژمنی هەیە ، هەر چواریشیان یەک دوژمنی هاوبەشیان هەیە کە کوردە ، لەبەرئەوە بە هۆی ئاڵۆزی و قورسی کێشەی کوردەوە یەکێتی نەتەوەیی و دبلۆماسییەت و بە ڕێکخستنکردنی کۆمەڵگا و بەرگری و بەرخۆدان گرنتی تێکشکاندنی هەموو گەلەکۆمەکێ و پیلانگێڕییەکانە .

ئومید ناسح جیهانی .
تمداد ديدنى ها:  551      تاریخ:  23/02/2018
هیچ کۆمێنتێک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌  
   

   زیاتر
عەلی مەحمود
دکتورە فائزە خەتاب عمر
1 بۆ 18 له‌ کۆی 297     
ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.