کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  لەبەرچی رەخنە لە ریفەراندۆمی یەکلایەنە دەگیرێت؟
شاخەوان شۆڕش

“گەلی ھوشیار ھەنگاوی خۆکوژانە نانێت”

دوای راگەیاندنی ئەنجامدانی ریفەراندەم لەسەر سەربەخۆیی لە ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٧ دا، کاردانەوە نێونەتەوەییە رەخنەگر و دژەکان خێرا کەوتنەبەرچاو. دژایەتیکردنی سەربەخۆیی لەلایەن وڵاتانی داگیرکەری کوردستانەوە وەکو پێشوو کەوتنەوەبەرچاو، ئەوەش رەنگ لە پۆلیتیکی نکۆڵیکەرانە و بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی وڵاتانی داگیرکەر دەداتەوە کە ھەمیشە وابووە، لەو وتارەدا گرنگی بەو کاردانەوانە نادەین. ئەوەی لێرەدا گرنگی پێدەدەین، رەخنەی نەتەوە یەکگرتووەکان یا رەخنەی تاوتوێکراو و کۆنسترەکتیڤانەی رۆژئاوا بەتایبەتی یەکێتی ئەوروپا یا وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بۆ نمونە ئەلمانیایە لەمبارەیەوە. دیارە جودایەکی زۆر لەنێوان رەخنەکاندا ھەیە، وڵاتانی داگیرکەر و ھەوادارانیان راستەوخۆ دژن، ھەرچی وڵاتانی رۆژئاوایە لەگەڵ جۆر و شێوەی ھەنگاوەکەدا ناتەبان.

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند کە “بەھیچ جۆرێک خۆیان تێکەڵی ریفەراندۆمی کوردستانی ئێراق ناکەن”. یەکێتی ئەوروپا ھۆشداری دەداتە بەرپرسانی باشوری کوردستان و ریفەراندۆمی یەکلایەنە بە باش نابینێ، بەڵکو ئاماژە بە ریفەراندۆم لەسەر مافی چارەنوس لە رێگەی رێکەوتن و دەستورەوە دەکات. ئەوان پێیانوایە پێویستە کوردستان و ئێراق لەسەر ھەموو کێشەکانی نێوانیان ڕێکەون و دیموکراسیانە گشتپرسی لەسەر مافی چارەنوس ئەنجام بدرێت. ئەلمانیا لەلایەن خۆیەوە رەخنە و ئامۆژگاریەکی لەو شێوەیە ئاراستەی بەرپرسانی کورد لە باشور دەکات. ئەڵمانیا پێیوایە گشتپرسی یەکلایەنە لە ھەرێمێکدا کە ئازاری ناکۆکی و شەڕ دەچێژێ لە ئێستادا باش نییە، پێویستە پرسیارە کراوەکان لە رێگەی دایەلۆگ و رێکەوتنەوە لەنێوان کوردستان و ئێراقدا چارەسەر بکرێن. رەخنەی ئەو لایەنانە زیاتر پەیوەندی بە مەترسی و پرسە دەرەکیەکانەوە ھەبووە، دیارە ئەوان ئاگاداری رەوشی ئاڵۆزی ناوخۆی باشوری کوردستانن و ئاگادارن لەوەی کەوا دامەزراوە ستاتیەکان لەکار کەوتوون و کێشەیان ھەیە. بۆ کورد و بۆ پرسی سەربەخۆیی گرنگی ئەو لایەنە ناوخۆییە کەمتر نییە لە مەترسی و پرسە دەرەکیەکان.

یەکێتی ئەوروپا یا وڵاتانی رۆژئاوا ئاگاداری ئالۆزی کێشەی کوردن، بەڵام ئەگەر نەشیانگوتبێت ئەوان دژی سەربەخۆیی کوردستان نین، ئەوان پێیانوایە کورد وەکو ھەر گەلێکی دیکە مافی خۆیەتی سەربەخۆ بێت، ڕەخنەکەی ئەوان ھۆشداری و ئامۆژگاریە بۆ سەرانی باشوری کوردستان. ئەوان گشتپرسی یەکلایەنە و راگەیاندنی سەربەخۆیی دوای ئەوە بە مەترسی لەسەر ڕێکڕاگری و ئاسایشی ھەرێمەکە و رۆژھەلاتی ناوەراستدا دەبینین، ئەوان مەترسیەکە لەوەدا دەبینن کە ئەو ھەنگاوە ببێتەھۆی شەڕی ئێتنی نێوان کورد و عەرەب، دەستێوەردان و داگیرکاری لەلایەن ئێران و تورکیا، فراوانبوونی شەڕ بۆ ولاتانی دەوروبەر، برسیەتی، کوشتار و ماڵوێڕانی بۆ خەڵکی ناوچەکە بەتایبەتی خەڵکی کوردستان، خۆبەدوورگرتنی زۆرینەی وڵاتانی جیھان لە پشتگیری جیابوونەوەکە، ڕەوکردنی خەڵک لە وڵاتانی خۆیان و بەمجۆرە شوپۆلێکیتری پەنابەران بۆ ئەوروپا ھتد.

یەکێتی ئەوروپا پشتگیری ڕێگەیەک دەکات کە ئەو مەترسیانە رەچاو بکات و بەریان پێ بگرێت. رێگەیەک کە بتوانی پشتگیری نێونەتەوەیی بۆ سەربەخۆیی بەدەست بھێنێت، بەمجۆرە پارێزگاری سەرەوەری باشوری کوردستان لە ئاستی نێونەتەوەییدا بەپێی رێککەوتنە جیھانیەکان بەدەستبھێندرێت، واتە بەدەستھێنانی مافی سەروەری و پارێزگاری لە سەروەری رامیاری و جوگرافی وڵات بەپێی پەرەگراف و چارتەرە پەسندکراوە نیونەتەوەیەکان، وەکو چارتەری ٧ ی نەتەوەیەکگرتووەکان. بۆیە ئەوەی ئەوان دەیلێن یەکەم ھەوڵدانە بۆ بەدەستھێنانی دانپێنان و رەوایەتی لە ئاستی ئێراقدا، دووەم لەو ڕێگەیەوە بەرگرتنە بە ھەڵگیرسانی شەڕ و ناکۆکی ناوخۆیی ئەتنی و نێونەتەوەیی بەمجۆرە دوورکەوتنەوە لە کوشتار و ماڵوێرانی داھاتوو، سێیەم بەدەستھێنانی پشتگیری نێونەتەوەیی لەسەر بنچینەیەکی پەسندکراو و دانپێندراودا، واتە بەرگرتن بە دژایەتی وڵاتانی دراوسێ و دوور، گۆشەگیرکردنی کوردستان و خەڵکەکەی، چەقبەستنی پرسەکەیە لە بارێکی نەخوازراودا.

بەکورتی ئەوان لەگەڵ گەیشتن بەسەربەخۆیین لە رێگەیەکی ئاشتیانە و دایەلۆگئامێزی کۆنسترەکتیڤی دانپێندراودا. ئەوەش لەلایەک دەسەڵاتێکی رەوا و بەھێز، ھوشیار و خاوەن ستراتیژیی ناسیونالی ناوخۆ دەخوازێ، لەلایەکیتر رێکەوتن لەگەڵ ئێراقدا لەڕێگەی دایەلۆگ و دانوستاندا دەخوازێ. گومان لەوەدا نییە کەوا یەکێتی ئەوروپا بەپێی ئەزموونەکان دەدوێ و ئاماۆژگاری دەکا، کە پرۆسەکە بەڕێگەیەکی دروست و پەسندکراودا ببردرێت.

ئەو گەلە ناسەربەخۆیانەی کە لەڕێگەی دایەلۆگەوە گەیشتنە ڕێکەوتن و لە ڕێگەیەکی کۆنسترەکتیڤانەی دیموکراسیانەدا گەیشتنە سەربەخۆیی، توانیان مەترسی شەڕ و ناکۆکی، گەماڕۆ و گۆشەگیری بەلاوەبنێن، توانیان سەرکەوتووانە بگەنە ھەواری سەربەخۆیی و زوو پشتگیری وڵاتانی جیھان بەدەست بھێنن و ببنە ئەندامی نوێ لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا. بۆ نمونە جیابوونەوەی سلۆڤاکیا لە چیک، جیابوونەوەی مۆنتنیگرۆ لە سربیا، جیابوونەوەی خوارووی سودان لە سودان.

سلۆڤاکیا: لەدوای کۆتاییھاتنی شەڕی سارد، ھەروەھا روخانی بلۆکی سوور، وڵاتە بەزۆر یەکخراوەکانی سۆڤیەت و یوگوسلاڤیا ھەڵوەشانەوە و زۆر گەل سەربەخۆیی خۆیان راگەیاند. ئەو گۆڕانکاریە جیھانیە لەسەر چیکوسلۆڤاکیاش کاریگەری راستەوخۆی ھەبوو. لەدوای سەرھەلدانی “شۆڕشی قەدیفەیی” لە ساڵی ١٩٨٩ دا ئەنجومەنی ڕاوێژکاری نەتەوەیی سلۆڤاکیا لە ساڵی ١٩٩٢ دا دەستوری سەربەخۆی دارشت، دوای گفتوگۆ و دانوستانێکی زۆر لە مانگی ئۆگستی ١٩٩٢ سەرۆکی چیک و سەرۆکی سلۆڤاکیا لەسەر پارچەکردنی چیکوسلۆڤاکیا ڕێکەوتن، لە مانگی نۆڤەنمبەری ١٩٩٢ دا پەرلەمانی فیدرالی چیکوسلۆڤاکیا دەنگی لەسەر پارچەکردنی وڵات لە کۆتایی مانگی دیسەمبەری ١٩٩٢ دا، وە لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٣ دا سەربەخۆیی سلۆڤاکیا بێ ئەنجامدانی ریفەراندۆم راگەیەندرا. بەمشیوەیە سەربەخۆیی سلۆڤاکیا لە رێگەی دایەلۆگ و بەپێی ڕێکەوتن ئەنجامدرا. وڵاتانی جیھان پشتگیری خۆیان ڕاگەیاند و دانیاننا بە وڵاتی سەربەخۆی سلۆڤاکیا. جیابووەنەوەیەکی بێ کێشە و ئازار ئەنجامدرا.

مۆنتینیگرۆ: وەکو ھەرێمەکانی دیکەی یوگوسلاڤیای کۆن لەگەڵ روخانی یوگوسلاڤیا لە یوگوسلاڤیا جیانەبۆوە، بەڵکو کۆماری فیدرالی یوگوسلاڤیایان ڕاگەیاند، کە لەلایەن کۆمەلگەی نێونەتەوەیەوە ڕەتکرایەوە و دانی پێنەندرا. لەساڵی ٢٠٠٣ دا لەگەڵ سربیا بەیەکەوە کۆماری سربیا و مۆنتینیگرۆیان راگەیاند. لە رێگەی دایەلۆگ و دانوستانەوە ھەردوولا لەسەر ئەوە ڕێکەوتن کە مافی چارەنوسی مۆنتینیگرۆ لە دەستوردا بنوسرێ ، مافی ئەوە بدرێتە مۆنتینیگرۆ کە لە داھاتووی نزیکدا گشتپرسی لەسەر جیابوونەوەی لەگەڵ سربیا ئەنجام بدات.

بەپێی دەستور بڕیاردرا گشتپرسی لەسەر سەربەخۆیی دوای سێ ساڵ ئەنجام بدرێت و ئەوەش لەپەرلەماندا پەسندکرا. لە ڕێکەوتی ٢١ مای ٢٠٠٦ دا گشتپرسی ئەنجامدرا و زۆرینەیەکی کەم بە بڕی ٥٥% دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا. لە ٣ ی مانگی ژونی ٢٠٠٦ دا مۆنتینیگرۆ سەربەخۆیی خۆی راگەیاند. بەمشێوەیە جیابوونەوەیەکی دیموکراسیانە و بەپێی دەستوور ئەنجامدرا. وڵاتی سەربەخۆی مۆنتینیگرۆ پشتگیری ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکەی جیھان بەخێرایی بەدەستھێنا و بووە ئەندامێکی نوێ لەنێوان وڵاتە سەربەخۆکاندا.

دیارە ئەو وڵاتانە ئەوروپین و ئاستی ھۆشیاری و پێگەیشتووییان لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەراست بەرزترە، وە کێشەکانیان ھێندە ئاڵۆز نەبوون بەبەراورد لەگەڵ باشوری کوردستان. نمونەیەکی گونجاو بۆ باشوری کوردستان دەکرێ جیابوونەوەی خوارووی سودان بێت، ھەروەکو خواروی سودان و سودان بۆ ماوەیەکی درێژ لە شەڕی ناوخۆیی خوێناویدا بوون. دوای سەربەخۆیی سودان لە ساڵی ١٩٥٦ دا ناکۆکیە ناوخۆیەکان لەنێوان سەروو و خواروو دەستیان پێکرد و دواتر بووەھۆی شەری ناوخۆی درێژخایەن کە دوای دامەزراندنی ھەرێمی ئۆتۆنۆمی خوارووی سودان لە ساڵی ١٩٧٢دا ئارامیەکی بەخۆیەوە بینی و پاشان لە دوای ساڵی ١٩٨٣ دەستی پێکردەوە.

دوای شەڕی وێرانکەری ناوخۆ و ناکۆکی بەردەوام لە ٩ ی ژانیوەری ساڵی ٢٠٠٥ دا “رێکەوتنی بەرفراوانی ئاشتی” لەنێوان حکومەتی سودان و بزوتنەوەی ڕزگاری گەلی سودان مۆرکرا. ھەرێمی ئۆتۆنۆمی خوارووی سودان دروستکرایەوە و رێکەوتن لەسەر گشتپرسی لەسەر مافی چارەنوس کرا و بڕیاردرا دوای ٦ ساڵ خەڵکی خوارووی سودان ریفەراندۆم لەسەر سەربەخۆیی ئەنجام بدەن. لە رۆژی ٧ فێبریوەری ٢٠١١ دا خوارووی سودان گشتپرسی ئەنجامدا و ٩٨% خەڵک دەنگیان بۆ سەربەخۆییدا. لە رۆژی ٩ ژوڵای ٢٠١١ دا خوارووی سودان سەربەخۆیی ڕاگەیاند. دوای ئەوە خوارووی سودان لەلایەن وڵاتانی جیھانەوە پشتگیری کرا و ھاتەریزی وڵاتە سەربەخۆکان. دیارە لەبەر ناسەرکەوتوویی بزوتنەوەی ڕزگاری گەلی سودان لە بنیاتنانی دەسەڵاتێکی دیموکراسی رەوا، ھەروەھا بوونی کێشە و ناکۆکی خەستی ئێتنی ناوخۆ کەبۆتەھۆی روودانی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی رەگەزی، خوارووی سودان نەیتوانی نمونەیەکی سەرکەوتوو وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ پیشان بدات، ئەوەش نەبۆ ناووناوبانگی خوارووی سودان باش بووە نە بۆ ئەو گەلانەش باشە کە ناکۆکی ناوخۆییان ھەیە و ھەوڵی سەربەخۆیی دەدەن.

لەو نمونانەی ئاماژەمان پێدان، گەیشتن بە سەربەخۆیی لە رێگەی دایەلۆگ و ڕێکەوتن، دواتر ئەنجامدانی گشتپرسی لە باری مۆنتینیگرۆ و خوارووی سودان، کلیلی سەرکەوتنی پرۆسەکەن. ئەگەر مۆنتینیگرۆ یا خوارووی سودان بێ ریکەوتن و بێ گوێدانە دەسەڵاتی ناوەند ھەنگاوی سەربەخۆییان نابا، بێگومان شەڕ و ناکۆکی دروست دەبوون و دەکرا ببێتەھۆی دەرئەنجامی زۆر نەخوازراو بۆ گەلانی ئەو وڵاتانە.

گرنگە سەرنجی ئەوە بدەین، کەوا ھەردوو دەسەڵاتی سلۆڤاکیا و مۆنتینیگرۆ دەسەڵاتی دیموکراسی و رەوا بوون، ئەوەش کۆڵەگەی گرنگ بوو بۆ ھەنگاوی سەربەخۆیی ئەو گەلانە. خوارووی سودان خاوەنی دەسەڵاتی دیموکراسی نەبوو و کێشەی ناوخۆیی ھەبوو، بەڵام خوارووی سودان توانی بەربەستی سەرداری سەپێندراوی سودان لە رێگەیەکی پەسندکراو و دانپێندراودا تێپەڕێنێ. دیارە ناکۆکی ناوخۆیی ئێستا ھەڕەشە لە بوونی ئەو وڵاتە تازە سەربەخۆییە دەکات. خوارووی سودان نمونەیەکی نەگەتیڤە و وادەکات وڵاتانی زلھێز یا رۆژئاوا کە دەسەڵاتی گرنگیان لە رۆژەڤی جیھاندا ھەیە بە وریایەوە ھەلسوکەوت لەگەڵ ھەرێمە ناکۆکیئامێزەکان بکەن و ھەروا ئاسان پشتگیری سەربەخۆییان نەکەن.

بوونی دەسەڵاتی رەوای دیموکراسی کە بتوانێ بوونی ئازادی و مافەکان، سەروەری یاسا بسەڵمێنێ، بتوانێ ئاڵوێری دیموکراسیانەی دەسەڵات بسەڵمێنیت، گرنگترین بنچینەیە بۆ سەرکەوتن لە پێکانی زۆرترین ئامانجی نەتەوەیی و سەرکەوتن لە دانوستان لەسەر پرسی سەربەخۆیی، دواتر بەدەستھێنانی دانپێنان و پشتگیری دەوروبەر و نێونەتەوەیی.
ھەنگاونان بێ بوونی بنەما گرنگە ناوخۆیەکان و بێ لەبەرچاوگرتنی مەترسیە دەرەکیەکان ھەنگاوێکی خۆکوژانەیە. لەبەرژەوەندی کوردستان و پرسی سەربەخۆیی کوردستاندایە ھوشیارانە گوێ لە رەخنە و ئاماۆژگاریەکان بگرێت، بنەماگرنگەکان دەستەبەربکات و ھەوڵی گەیشتن بە سەربەخۆیی کۆنسترەکتیڤانە بدات.


شاخەوان شۆڕش
٣٠-٦-٢٠١٧
تمداد ديدنى ها:  300      تاریخ:  03/07/2017
هیچ کۆمێنتێک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌  
   

   زیاتر
شەماڵ عادل سەلیم
1 بۆ 18 له‌ کۆی 270     
ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.