کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  بایۆمەتری، جاش‌و جینۆساید
شەماڵ عادل سەلیم
بایۆمەتری، جاش‌و جینۆساید


شەماڵ عادل سەلیم
ھەروەک ھەموولایەک ئاگادارن لەمانگی ١٠ی ساڵی ڕابردو بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم، پڕۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەڕێگەی سیستمی بایۆمەترییەوە کەوتە بواری جێبەجێکردن، بەمەبەستی پاککردنەوەی لیستی موچەخۆران‌و نەھێشتنی (چوارو پێنج) موچەیی، ھاوکات دەستپێکی کارتی نیشتمانیش ڕاگەیەندراو ھاوڵاتیان ئاگادارکرانەوە، ھەرکەسێک ئەو کارتەی نەبێت لەھەڵبژاردنەکانی داھاتودا مافی دەنگدانی نابێت. 
ئەوەی جێی خۆشحاڵییە ھەتا ئێستا نەک تەنھا بەھەزارەھا (چەند موچەیی‌و ھاووڵاتی مردو، موچە زیندو) ئاشکرا بووە ، بەڵکو چەندین تاوانباری داواکاروایش لەکەیسی (کۆمەڵ کوژی ئەنفال)دا کە بۆ بایۆمەتری لەدەرەوەی وڵاتەوە ھاتونەتەوە ھەرێمی بەتەمای خودا، بەتایبەت ئەوانەی ناویان لەلیستی (پێشمەرگەی خانەنشین) بەپلەی بەرز تۆمارکراوە ئاشکرا بوین.
ئەوەی من لێرەدا باسی دەکەم نەخەونەو نەخەیاڵە، بەڵکو ڕاستییەکی تاڵە، نەک تەنھا بۆ منی کورە شەھیدو پێشمەرگەی دێرین و زیندانی سیاسی ، بەڵکۆ بۆ سەرجەم قوربانیانی  ریژێمی سەددامی گۆربەگۆر.
پێش ماوەیەک ،(مەلا عوزێر ) موستەشاری فەوجی ( ١٣٠) (سوکی) سەردەمی ئەنفال‌و قەتڵ‌و عامی کوردستانیان، کە یەکێکە لەداواکراوەکانی کەیسی ( کۆمەڵ کوژی ئەنفال)و  لەلیستی داواکراوان ژمارەی ( ٩٢٢)ی پێدراوە ،بەھۆی بەشداریکردنی لە(ئەنفالی چواری) قەڵا سیوکەو، بناری خاڵخالان‌و دەشتی کۆیە، ناوبراو پێش ماوەیەک بۆ بایۆمەتری لەھۆڵەنداوە تەشریفی ھێناوەتە ھەرێمی بەتەمای خوداو ئێستا  لەشاری ( کۆیە) نیشتەجێیە، یان باشتر بڵێم نێشتەجێ کراوە، ئەوەی من ئاگادارم ھەتا ئێستا نەک تەنھا ناوبراو، بەڵکو بەدەیان تاوانباری داواکاراو بۆ ھەمان مەبەست ھاتوونەتەوە ھەرێمی بەتەمای خودا، بۆ ئەوەی معاشەکەیان نەفەوتێت و ناویان لە سیستەمی بایۆمەتری نەسڕێتەوەو (ماندوبون‌و تێکۆشان‌و ڕەنجی چەندین ساڵەیان) بەزایع نەڕوات، چونکە وەک ڕاگەێنراوە ھەر ھاوڵاتییەک بایۆمەتری بۆ نەکرابێت مووچەکەی ڕادەگیرێت و ناتوانێت دەنگیش بۆ (ڕیفراندۆم وسەربەخۆیی کوردستان بدات)!
 من لێرەدا نامەوێ  ئاماژە بە تاوانەکانی ناوبراو بکەم ، نەک تەنھا لەبەر زۆری و کەمی کات  ، بەڵکو لەبەر ئەوەی ھێندەباس کراوە ھەر نەبێتەوە  ،ئاخر خۆ بە ھەوەنتە دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق لەسەر کەیسی( کۆمەڵ کوژی ئەنفال )  ناوی( مەلا عوزێر و قاسم ئاغا) و ئاغاکانی دیکەی ئەنفال، لەلیستی داواکراون تۆمارنەکردووە!
دەبێ ئەوەیش بڵێم کە ( مەلا عوزێر ) لە لایەن چالاکوانان و رۆژنامەنووسان و ھەندێک لە سیاسەتمەدارانی ھۆڵەندییەوە, لە ئایاری ساڵی ٢٠١٣ وەک تاوانباری جینۆساید لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی ئەنجامی دابوون ناسێنراوە.
ئەوەی مەبەستە لێرەدا بەکورتی بیڵێم ئەوەیە : من وەک پێشمەرگەیەکی دێرین ، داوا لە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی شەھیدان و ئەنفال کراوەکان دەکەم ،  کە ناوی ناوبراو و ھەموو ئەوانەی تاوانبارن ، لە لیستی مووچەی پێشمەرگەی خانەنشین و لیستی مووچەی کەسوکاری شەھیدان بسڕدرێتەوە ، ھەروەھا ھەوڵی جدی بدرێت بۆ  بەدادگایی گەیاندنی ناوبراو و ھاوشێوەکانی ، ئەوانەی ناویان لەلیستی دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق لەسەر کەیسی( کۆمەڵ کوژی ئەنفال) تۆمارکراوە ، تاوەکو لەوە زیاتر بەرامبەر شەھیدە سەربەرزەکانمان ، پێشمەرگە دێرینە خێرلەخۆنەدیوەکانمان ، دایکە ڕەش پۆشەکانمان، کەس و کاری شەھیدە بێ نازەکانمان  ، شۆخە ئەنفال کراوەکانمان و نەوەکانی داھاتوومان ریسواتر و شەرمەزارتر نەبن. 
تمداد ديدنى ها:  535      تاریخ:  13/05/2017
هیچ کۆمێنتێک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌  
   

   زیاتر
شەماڵ عادل سەلیم
1 بۆ 18 له‌ کۆی 270     
ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.